هێڵەکانى ئینتەرنێت، ناونیشانى ململانێیەکى نوێی نێوان بەغدا و هەرێمى کوردستانە، بەغدا دەیەوێت کۆنتڕۆڵى ئەو کەرتە بگرێتە دەست و هەرێمیش دەیەوێت پارێزگارى لە کۆمپانیاکانى بکات کە هێڵەکەیان گەیاندووەتە ناوچە جیاجیاکانى عێراق.
چەندین کۆمپانیاى تایبەت بە هێڵى ئینتەرێت کە بارەگاى سەرەکییان لە هەرێمى کوردستانە، چەندین ساڵە هێڵى ئینتەرنێتیان بۆ ناوچە جیاجیاکانى عێراق، بەتایبەتى بۆ ناوچە جێناکۆکەکان ڕاکێشاوە، بەڵام بەغدا ئێستا لەوە ناڕازییەوە بە نایاسایی و بەقاچاخبردن دایدەنێت.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێکردنى هەڵمەتێکى بۆ قەلاچۆکردن و بەقاچاخبردنی ئەو تۆڕە ڕاگەیاند کە بەوتەى ئەوان لە هەرێمەوە بە قاچاخ بۆ ناوچەکانى عێراق ڕاکێشراون.
عادل سلمان فەهد، ئەندامی ئەمیندارێتی دەستەی گەیاندن پەیوەندییەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند “ماوەی چوارساڵ زیاترە ئینتەرنێت لەڕێگە ناوچە سنورییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەقاچاخ دەهێنرێتە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەندییەوە”.
وتیشی “دوای ئەوەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بە فەرمانی سەرۆکوەزیران دەستیکرد بە ئۆپڕاسیۆنی( شڵەقان) بۆ بنەبڕکردنی پڕۆسەکانی بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت بۆمان دەرکەوت ئەو مافیانەی کە ئەو کاردەکەن ژێرخانێکی پتەویان هەیە بۆ بەقاچاخبردنی تۆڕی ئینتەرنێت”.
بەوتەی بەرپرسەکەی دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق “لە ئێستادا بەهۆی بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە مانگە حکومەتی عێراق 20 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات، لە60 %ی ئینتەرنێت لە عێراق قاچاخە”.
فەهد، ڕوونیکردەوە “شێوازی بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت لەلایەن ئەو مافیانانەوە سادە و ساکار نییە، بەڵکو لە جیاتی بەکارهێنانی سیستمی بێتەل (کێبڵی تیشکییان) بەکارهێناوە”.
“پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت لەڕێگەی ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندەوە ڕوودەدات، لە پارێزگا هاوسنورەکانی نێوان عێراق و هەرێم وەک پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەلاحە دین و دیالە”. عادل سلمان فەهد وای وت.
بەپێی خەمڵاندنەکانى وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق، لە60%ی ئینتەرنێت لە عێراق قاچاغە و لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەقاچاخدەبرێت، بەو هۆیەشەوە عێراق مانگانە تەنها لەپارێزگای نەینەوا سێ ملیار دینار زەرەر دەکات.
ئەندامەکەی ئەمیندارێتی دەستەی گەیاند و پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت “ئەو مافیا و لایەنانەی کە کاری بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت دەکەن بەنیوەی نرخی دیارکراوەی فەرمی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق دیفرۆشن کە جیاوازییەکی زۆری هەیە بەراورد بەنرخی ئینتەرنێت لە شارەکانی بەغداو پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشوری عێراق، ئەوەش وایکردووە زیانی بەئابوری وڵات بگات”.
باسیلەوەشکرد “ئەو ئینتەرنێتەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێمە نەکە بۆ هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی هەرێم، بۆیە ئەو کارە نایاساییە، چونکە حکومەتی عێراق ئەو سەرچاوانەی کە ئینتەرنێتی لێوە دەهێنێت فەرمین کە وڵاتانی کەنداو، ئوردن، تورکیا و ئێرانە”.
دەربارەی هەماهەنگییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بنبڕکردنی پڕۆسەکانی دزین و بەقاچاخبردنی ئەنتەرنێت، فەهد وتی “حکومەتی هەرێم هاوکاری تەواویکردووین لە بەرگرتن لە بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت و لە قۆناغی سێیەمی ئۆپڕاسیۆنی ( شڵەقان) هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگە تایبەتییەکانی هەرێم لەو بواردا ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە لە تێکشکاندن و لابردنی تاوەرەکان و سەرچاوەکانی تری بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت لە ناوخاکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان”.
وەزارەتی گواستەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربارەی ئەوەی هاوکاری حکومەتی عێراقی کردووە لە ئۆپڕاسیۆنی بنبڕکردنی بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت، بەڵام پێیوایە ئەوانەی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستانەوە دەدەن بەناوچە هاوسنورییەکانی هەرێم مافیا نین، بەڵکو کۆمپانیای فەرمیین و مۆڵەتی کارکردنیان لەو بوارەدا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وەرگرتووە. ئازاد عومەر، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی گواستنەوە گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ناس کوردی وت “پێش 16ی ئۆکتۆبەر بەڕزامەندی حکومەتی عێراق ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستاندابوون ئینتەرنێتیان لە هەرێمەوە وەردەگرت”.
وتیشی “کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای موڵەت پێدراون لەلایەن حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەر لە هەمان سەرچاوەش ئینتەرنێت دەهێنن کە حکومەتی عێراقی خۆی لێوە ئەنتەرنێت دەهێنێت”.
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی گۆاستنەوە گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێیوایە هەڵمەتەکەی حکومەتی عێراق بۆ بنبڕکردنی ڕاکێشانی تۆڕی ئینتەرنێت لەهەرێمی کوردستانەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی “کە نرخی پاکێچەکانی ئەنتەرنێتی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان هەرزانترن بە بەراورد بەکۆمپانیاکانی ئەنتەرنێتی عێراق”.
وتیشی “دوای نەمانی دەسەڵاتی کورد لەو ناوچانە بە تایبەتی دوای 16ی ئۆکتۆبەر حکومەتی عێراق لە ئێستادا دەیەوێت خۆی کۆنتڕۆڵی کەرتی ئینتەرنێت بکات لەو ناوچانە ئەوەش بەمەبەستی بە دەستهێنانی داهاتی زیاتر”.
ئازاد عومەر، جەختیشیکردووە “لە ئێستادا هەماهەنگیەکی تەواو لە نێوان وەزارەتی گەیاندن و گواستنەوەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراقدا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و بڕیارە لە سەرداوای وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق شاندێکی وەزارەتی گەیاندن و گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم نزیکانە سەردانی بەغدا بکات”.
هەڤاڵ فەتاح -ناس کورد