
لە ئەمریکادا ٥ میلیۆن کەسی بێ خانەو لانە هەیە، کە بەشێکی زۆریان ڕەشپێستەکانن. بە درێژایی دەیان ساڵە لانی کەمی کرێ لە ٧ دۆلار و ٢٥ سنت نەچووەرەتە سەرەوە. ڕێژەی هەڵئاوسانی نرخی کاڵاو شومەکە سەرەکییەکانی ژیان ساڵانە دەچێتە سەرەوە. بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان و سەرمایەی پیشەسازی لە ٢ تا ٣ دەیەی ڕابردوودا لە ئەمریکا چوونەدەرەوە و بە دوای هێزی کاری هەرزاندا ڕوویان لە وڵاتانی ئاسیا و ئەمریکای لاتینکرد و ئەمەش بووە هۆکارێکی دیکەی بێکاری زیاتر لە ناوخۆی ئەوڵاتەدا. پێش لە قەیرانی کۆرۆنا، ملیۆنەها مرۆڤ بێکاربوون. لەگەڵ دەستپێکردنی پەتاکەداشدا، ژمارەی بێکاران لە ٧ ملیۆنەوە بەرزبۆیەوە بۆ ٤٣ ملیۆن کەس.
کێشەکانی ئەمریکای دوای جەنگی سارد تەنها کێشەی هەڵهاتنی سەرمایەی پیشەسازی بۆ دەرەوەی وڵات و بێکارکردنی ملیۆنەها کەس نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەی دەرەکی و ناخۆیی دیکەش بوون. لە ئاستی دەرەوەدا لەلایەک قاچی ئیمراتۆر کەوتبووە جەنگە بێ کۆتاییەکانی ئەفغانستان، عێراق، سۆماڵی، بەم دواییانەش سوریاو تاڕادەیەکیش لیبیا، لەلایەکی دیکەشەوە خۆی لەبەرامبەر بەهێزبوونی هەر ڕۆژەی ڕەقیبەکانی وەک چین و ڕوسیادا لەسەر کێشە جیۆپۆڵۆتیکییەکان دەبینییەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆشدا، لەگەڵ دوو کێشەی سەرەکیدا بەرەوڕووبوو؛ لەلایەک سیستەمی ئابوریی وەستاو لەسەر قوماربازی بۆرسەیی و مالی لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا دووجار[ ٢٠٠٠- ٢٠٠٨ ] بە تووندی داڕما. لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەت بۆ بەرگرتن بە داڕمانی گشت سیستەمی سەرمایە لە ئەمریکادا دەستیکرد بە پەمپ لێدانی ئابوریی وڵات و ئاژنکردنی تریلیۆنها دۆلاری بێ پشتیوانەی ئاڵتون، یان کاری کۆمەڵایەتی مسۆگەر بۆ دۆلارە چاپکراوەکانی.
بە چاپکردنی دەیان تریلیۆن دۆلاری بێ پشتیوانەی ماددی، دەوڵەتی ئەمریکا خۆی خستە ژێر باری قەرزە تریلیۆن دۆلارییەکانەوە. بە پێی دوایین ئامارەکان، قەبارەی قەرزەکانی دەوڵەت بە ٢٣ تریلۆن دۆلار خەمڵێنراوە کە نزیک بە ٢ تریلیۆن دۆلار زیاترە لە گشت داهاتی نیشتمانی ساڵانەی[ یان گشت سەرمایەی کۆمەڵایەتی] ئەمریکا.
ئەو بارودۆخە ئابوریی، سیاسیی و سەربازییەی قەیرانگرتووەی کە ٣٠ ساڵە ئیمپریالیزمی ئەمریکا لەگەڵی بەرەو ڕوو بووەتەوە، چیتر نە دەتوانرا لە خەڵکی ئەمریکاو جیهان بشاردرێتەوە. هەڵبژاردنی ترامپ بە سەرۆک کۆماری لە ٢٠١٦دا، هیچ شتێک نەبوو، جگە لە ئاشکراکردن و بەخشینی کاراکتەر و کەسایەتییەکی کۆمیدی بەو کێشە قوڵانەی کە لەپێشەوە بە گشتی ئاماژەمان پێکردن.
هەڵبژاردنی ترامپ بە سەرۆک کۆمار، بە کردەوە دابەشکردنی کۆمەڵگەی ئەمریکا بوو بە سەر دوو ڕێگاچارە و بەدیلی سیاسیی جیاوازدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ئەم ئیمراتۆرییەتە جیهانییە لەگەڵیاندا بەرەو ڕوووە.
ڕێگاچارەو بەدیلی ترامپ بۆ وەستانی پرۆسەی داڕوخانی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا لەسەر ئاستی ئابورییدا، بریتی بوو لە گەڕانەوە بۆ ئابوریی لۆکاڵی وکەڵەکەی سەرمایە لە چوارچێوەی بازاڕی ناوخۆدا، ئەویش لە ڕێگای زیادکردنی تەعرەفە و گومرکاتەوە لەلایەک و ڕاکێشانەوەی کۆمپانیا و کارگا ئەمریکییەکان بۆ ناوخۆی وڵات لەلایەکی دیکەوە. ئەم ڕێگاچارە و بەدیلە ئابورییانەی ترامپ، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا پێویستی بە گرتنەبەری سیاسەسەتە ڕەگەزپەرست، فاشیستی و دیکتاتۆرییەکان بوو؛ لەسەر ئاستی ناوخۆدا باڵادەستی ڕەگەزی ئینگلیزی سپی پێست بەسەر ڕەگەزەکانی دیکەی ئەو وڵاتە و چەسپاندنی باڵا دەستییەکە لە ڕێگای هێزە سەرکوتگەرییەکانی پۆلیسی فیدراڵەوە و لەسەر ئاستی دەرەوەشدا، سەپاندنی دەسەڵاتی ئابوریی چەتەگەری سپی پێستی ئەمریکی بەسەر هەموو وڵآتانی جیهاندا لەڕێگای بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە!. ئەم دوو خەونەی ترامپ و ترامپیزم لەسەردەمی بە جیهانی بوونی سەرمایە و بە جیهانی بوونی مێژووی مرۆڤایەتیدا و لەسەردەمی سەرهەڵدانی جەمسەرە بەهێزەکانی سەرمایەدا[ چین و ڕوسیا]، جگە لەخەونێکی حوشتریانەی ترامپیزم ئاکامێکیتری لێناکەوێتەوە. لەبەرامبەریشدا ڕێگاچارەی دووەم هەیە؛ ڕێگا چارەی چەپگەرایی و سۆشیاڵیستانە.
چەپگەرایی و سۆشیاڵیزم بە درێژایی ٥٠ ساڵ لە ئەمریکادا تەقریبەن خەفەکرابوو، بەڵام بە دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤییەت، چەپ و سۆشیاڵیزم لە ئەمریکادا دووبارە لە شێوەی دژی فاشیزم، دژی ڕەگەزپەرستی و دژی ناعەدالەتی ئابوریی سەرمایەداریدا خۆی ڕێکخستووەتەوە و ئەم چەپ و سۆشیاڵیزمە بە دوای هەلێکدا دەگەڕا تا وەڵامی شۆڕشگێڕانەو تووندوتیژی خۆی بە سەرمایەداری ئەمریکا بداتەوە. کرۆنا ڤایرۆس و کوشتنی وەحشیانەی جۆرج فڵۆید بەدەستی سەگەکانی سەرمایەداری هەل و بیانویەک بوو بۆ بزووتنەوەی سۆشیاڵیستی ئەمریکا تا بەرامبەر بزووتنەوەی فاشیستی ترامپیزم هێزی خۆی پیشان بدات.
ئەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە دەیکات لە ڕوو بەڕووبوونەوەی تووندوتیژیانەی وەک سوتاندنی ئۆتۆمۆبیلەکان و بنکەکانی پۆلیس، کارێکی تەواو ڕەواو شۆڕشگێڕانەیە. زیرەکترین تاکتیکی چەپەکان، ئانارکیستەکان و کۆمۆنیستەکانی ئەمریکا ئەمەیە کە وەک بزووتنەوەی ۆڵستریت بە شێوەیەکی ئاشتیانە نەهاتە مەیدان و ڕاستەوخۆ دەستیانبرد بۆ خۆپیشاندانی تووندو تیژیانە. ئەم تووندوو تیژییەش ترسی خستووەتە دڵی گشت سەرمایەداری ئەمریکاوە و بەگشتی پایەکانی ئیمپراتۆریەتی ئەهریمەنی ئەمریکا شل و فشەڵتر دەکات.
ئەم بزووتنەوەیە بێ دەستکەوت تێک ناشکێت و بەئاسانیش وەک بزووتنەوەی ۆڵستریت ئاشبەتاڵی پێناکرێت. ئەم بزووتنەوەیە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگێکی ڕەوای سیاسییە لە پێناوی چەسپاندنی عەدالەتی ئابوریی و کۆمەڵایەتیدا کە بە تەنها لە چوارچێوەی ئەمریکادا قەیس نابێت و گشت جیهانی سەرمایەداری سەردەمی کۆرۆنا و پاش کۆرۆنا دەهەژەنێت!.