نوسەرێک لە پێگەی میدیایی مۆنیتەری ئەمریکییەوە بۆ پێگەیەکی بەرزی ھەواڵگریی نیشتیمانی عیراق و پاشان وەک نوخبەیەکی ئیستیخباراتی و وەرگرتنی متمانەی پەڕلەمانیی و پێکھێنانی حکومەتێکی پڕ لە کێشە، کە پڕە لە کۆد و نھێنی نەزانراو و سەفەقاتی گەورە لە نێوان ئەمریکا و ئێران و مەرجەعیەت، خوێندنەوەی زۆر ھەڵدەگرێت، کە ڕەنگە کورد وەک پێکھاتەیەکی سەرەکی عێراق ئاگاداری بەشێکی کەمی ئەم کۆد و کۆنتراکتە سیاسی و سەفەقات و وردەکاریانە بێت.
دواجار بینیمان پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و بۆشاییەکی سیاسی گەورە و حکومەتێکی کاربەڕێکەری دەسلەکارکێشاوەی لاواز و خواستی خۆپیشاندەران، عادل عەبدولمەھدی حکومەتەکەی سپاردەی کازمی کرد، بە کورتی، ھێنانە پێشەوەی کتوپڕی مستەفا کازمی، بۆ داڕشتنەوەی نەخشە و دیزان و دۆخی عێراقی دوای قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندیسە، دەبێ ئەو دوو مێژووە بەرچاو بگرین، بە ئامانجگرتنی قاسم و ھاوڕێکانی کردەیەکی ئەمنی و ئیستیخباراتی ڕووت بوو، ئەمریکا بەبێ جیھازی ئیستیخباراتی عێراق ھەرگیز بیریشی لێ نەدەکردەوە کە کازمی سەرۆکی ئەو دەزگایە بوو، ھاوکات باڵێک لە ئیسلامی شیعی دژە حەشد و ئیسڵاحتەڵەبی ئێرانی و عێراقیش ئاگادار بوون و ئەپروڤیان کردبوو، بۆیە کازمی لە درزی ئەم گەمە و ململانێ تازەیەدا لەدایک دەبێت، ڕێک کۆدی نھێنی ئەمریکا و ئێران.
بۆیە ئەمریکا و ئێران و سەرکردەکانی عێراق و لەسەرو ھەمووشیانەوە مەرجەعیەتی نەجەف، بە فەرز و لەژێر جەبری ناچارییەکی کوشندە بەبێ پرۆسەی ھەڵبژاردن و بە تەوافوقاتی نھێنی و دوور لە نۆرمەڵایزی سیاسی و دەستاودەستی دەسەڵات، ھێنایانە سەرشانۆ سیاسیەکە، کە ڕەنگە تەنھا بۆ پۆشینی ناڕێکییەکان و کەڤەری قەیرانەکان نەبێت ھێندەی بۆ ھاوسەنگی ھێزەکان بێت تا کاتی ھەڵبژاردنی نوێ لە ئەمریکا و دواتر عێراق.
ھێنانە پێشەوەی مستەفا، ھیچ میدیا و کاراکتەرێکی نەجوڵاند بەتایبەتی ئەوانەی باسی دیموکراسی و میکانیزمەکانی ھەڵبژاردن و مەنتیقی حوکمرانییەکی تەندروست و دوور لە دەستێوەردانیان دەکرد، بگرە ھەندێکیان بە کوتلە پەرلەمانییە میانڕەوەکانیشەوە ھەرزوو موبارەکەیان کرد بەبێ ئەوەی شارەزای ئەجێنداکەی بن.
مستەفا کازمی، وەک خۆی ئەو کەسایەتییە ئایدیا شیعی و لیبراڵمەزھەب و پاشخان ئەمریکی و ژۆرنالیستە کراوەیەی کە بە تەزکیەی مەرجەعیەت و لایتی زینۆنی ئەمریکیەکان، تونێلە تاریکەکەی ڕۆشنکردەوە بۆخۆی و پلیکانەکانی بڕی بۆ سەرەوەی ھەڕەمەکە، بەڵام ھەڕەمێک تەنیا بەرزیی و لوتکەیەکی ھەستبزوێن نییە، بەڵکو، تەژییە لە ئاریش و کێشەی قوڵی سیاسی و ئابوریی و مەزھەبی و ئابوری و قەرزی بانکی و سیاسەتێکی شێواوی دەرەکی کە راستکردنەوەی ئاسان نابێت بۆ کازمی و تیمەکەی، کەواتە یان ئەمریکا پاڵپشتی توندی دەکات یان بەنجێکی کاتییە بۆ عێراقیەکان و نابێ ھێندە ھیوای پێوە ببەسترێت.
دۆسیەکانی وەک دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق و دۆسیەی ھەناردەی نەوت و سامانی سروشتی و ئەو قەرزە زۆرانەی لەسەر عێراق کەڵەکە بوە و گەندەڵی بەرپرسان و پرسی حەشدی شیعی و میلیشیاکانی ئێران کە وەک حکومەتی سێبەر کاردەکەن و ھادی عامری سەرۆک وەزیرانیانە و چارەسەرکردنی کێشەی خزمەتگوزاری پارێزگاکانی خواروی عێراق و ئینجا بودجە و موچەی ھەرێمی کوردستان و مادە دەستورییەکان و پرسی کەرکوک و ئازادی سیاسی بەشێکن لەو کێشەو دۆسیە کراوانەی ھەڕەشەیەکی حازربەدەستن لە کازمی و تیمەکەی؟
کەواتە ئایا کازمی عێراق بەرەو دەوڵەتێکی کراوە و مۆدێلێک لە حوکمی ڕاقی دەبات، یان بەرەو حوکمڕانییەکی پۆلیسی و ئیستیخباراتی؟
دیارە ئەم دوو ڕوانگەیە، ھەردوکی ئەگەرێکی لەپێشن کازمی دەستیان بۆ بەرێت، یەکەمیان حوکمی رەشید و ڕاقی و مۆدێلێک لە کرانەوەی زیاتر و شەفافیەت و ئازادی و کورتکردنەوەی دەستی گەندەڵکاران و کۆتاییھاتنی فەوزای سوپا و میلیشیاکانی حەشد قورسترین کارێکە بۆ کازمی و ھەرگیز ناتوانێ دەستی بۆ بەرێت، چونکە کارێکی ئاسان نییە، ئەگەری دووەم چانسی زیاترە بۆ ئەوەی کازمی تاقی بکاتەوە بەو حوکمەی خۆی پێشتر دەرچوی ئەو دەزگا ئەمنی و ئیستیخباراتیانە بوە و سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتیمانی بوە و پشتگیریکاری سەربازی و ئەمنی زۆرە و مەرجەعیەتیش زیاتر مەیلی ئەوەیان ھەیە عێراق بۆ ئەو بازنەیە بەرن تاوەکو بتوانن وەک سێبەری ئێران بمێننەوە و خۆپیشاندەران سەرکوت بکەن و کۆتایی بەو کەمە ئازادییە سیاسیی و ھیومانیەتە بھێنن.
بۆیە دیزاینی دۆخی ئایندەی عێراقی دوای عادل عەبدولمەھدی و خامۆشکردنەوەی نارەزایەتیەکان، وەک ئەرک سپاردویانە بە کازمی گەرچی ئەوەندە ئاسان نابێ، چونکە ئەو کاندیدی تەواوی عێراقیەکان نییە و فاکت و قۆناغەکە خستییە کەناراوەکانی دیجلە و کۆشکی سەرۆکایەتی، بۆیە ناتوانێ پیاوی ئەرک و پڕۆژە سەختەکان بێت، بەڵام دەتوانێت پیاوی کۆدە نھێنییەکان و ڕێکخەریی پەیوەندیەکانی ئەمریکاو ئێران بێت، ئەوەش ڕوونە کە کازمی کار بۆ ئەوە دەکات بە تۆپزیی دەستی ھەندێک ئیسلامحەشدی ئێرانی و نزیک لە میلیشیا چەکدارەکان کورت بکاتەوە لە ئایندەی حوکمرانی عێراق بە ھێزو پاوەریی ئەمنی و ئیستیخباراتی.