خەڵکی باشووری کوردستان لە پرسی باکوری کوردستاندا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون؛ بەرەیەك سەرمەستانە بەرگری لە ھەموو جووڵەیەکی بزووتنەوەی سیاسیی ئەو بەشەی وڵات و بەرەیەکیش سەرسەختانە دژایەتی نزیکەی ھەموو ھەنگاوەکانی دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ھاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا جموجووڵی کوردەکانی باکوریش بەرەو ئاقارێکی تر دەڕوات. ئەوەی ئێستا لە باکوری کوردستان ڕوودەدات، درەنگ یان زوو، ھەر دەبێت ڕووبدات. لە بەرەی کورد پەکەکە ھەبێت و نەبێت و لە بەرەی تورک ئاکەپە ھەبێت و نەبێت، ھەر دەبێت باکور ڕۆژێك لە ڕۆژان بتەقێتەوە؛ ئەویش لەبەر ھۆیەکی زۆر سادە، بەڵام ھەمان کات بنەڕەتی: جگە لە تورکیا، لە ھیچ وڵاتێکی تری ئەم جیھانەدا باوی ئەوە نەماوە ٢٠-٢٥ ملیۆن مرۆڤ بە مێژوو و کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیییانەوە ژێردەستی نەتەوەی سەردەست بن. ساتێك بیر بکەنەوە و ئەوە بھێننە بەرچاوی خۆتان کە چەندین ملیۆن منداڵی کورد لەگەڵ دەستکردن بە خوێندنی سەرەتاییدا ناچارن زمانی ھەزاران ساڵ دێرینی خۆیان تووڕ بدەن و پەڕە سپی و بێگەردەکانی مێشکیان بۆ زمان و کولتوورێکی بیانی و نامۆ بە سرووشتی خۆیان بکەنەوە! نزیکەی سەد ساڵە ئەو تاوانە ئەنجام دەدرێت، بەڵام وەك عەزیز نەسین دەڵێت: “بۆیلە گێلمیش، بۆیلە گیتمەز—- وا ھاتووە، وا ناڕوات…”
ئەوەی ئێستا لە شارەکانی باکوری کوردستان ڕوودەدات، لە سەدەی ڕابردوودا چەندین جار لە سلێمانی و ھەولێر و کەرکوك و سنە و مھاباد و قامیشلۆ و ئامەد و دەرسیم و وان و کوێ و کوێ ڕوویداوە و ھەموو جارێکیش مایەی شانازیی ھەموو کورد بووە.
خەڵکی باکوری کوردستان وەك گەلێكی مافخوراو شایەنی ئەوەن ھەموو جیھان پشتگیرییان لێ بکات. تەنانەت ئەگەر کوردیش نەبوونایە و میللەتێکی تریش بوونایە، ھەر پێویست بوو گەلی کورد لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە پشتیوانییان لێ بکات. خەڵکی باکور کە ئێستا بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، نە پێویستی بە ستایشە و نە شایەنی تانە لێدانە، بەڵکو پێویستی بە کەمێك ویژدانە، ویژدان…