مێشکى دارێژه‌رى گروپى داعش ئه‌فسه‌رێکى پێشوى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئاسمانى سوپاى عێراق بوه، ئه‌وه‌ش به‌پێى راپۆرتێکى گۆڤارى دێرشبیگڵى ئه‌ڵمانى.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره که به‌حاجى به‌کر ناسراوه، به‌ر له‌وه‌ى ساڵى رابردوو له‌سوریا بکوژرێت بنچینه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارێتى داعشى داڕشتوه، هه‌ر خۆیشى ئه‌بوبه‌کر به‌غدادى له‌لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و گروپه‌دا داناوه.
«دۆسیه نهێنیه‌کان پێکهاته‌ى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ئاشکراده‌کات»، ناونیشانى راپۆرته‌که‌ى گۆڤاره ئه‌ڵمانیه‌که‌یه‌و پشتبه‌ستوو بوه به‌چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کى نهێنى داعش که ده‌ستیکه‌وتوه.
ده‌ستکه‌وتنى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه وه‌ک دێرشبیگڵ ئاماژه‌ى پێده‌کات له‌دواى دانوستانێکى دورو درێژ بوه له‌گه‌ڵ سوپاى سوریاى «ئازاد» که ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى به‌رده‌ستکه‌وتوه.
له‌بێکاریه‌وه بۆ سه‌رقاڵى
سه‌میر عه‌بد محه‌مه‌د خه‌لفاوى، ناوى ته‌واوى ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ى سوپاى پێشوى حزبى به‌عسه که به‌مێشک دارێژه‌رى داعش داده‌نرێت، ئه‌و که به‌حاجى به‌کر ناسراوه به‌ر له‌ڕوخاندنى رژێمى سه‌دام حسێن له‌ساڵى 2003، به‌پله‌ى عه‌قید له‌یه‌که‌ى هه‌وڵگرى ئاسمانى عێراق کاریکردوه.
حاجى به‌کر به‌هۆى بڕیارێکى پۆڵ برێمه‌رى حاکمى مه‌ده‌نى پێشوى ئه‌مه‌ریکاوه له‌عێراق بێکار ده‌بێت، کاتێک بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سوپاى عێراق ده‌درێت.
له‌وه‌دوا ناوبراو په‌یوه‌ندى به‌گروپه ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کانى عێراقه‌وه ده‌کات تا ئه‌و ئاسته‌ش لێیان نزیکده‌بێته‌وه که ده‌توانێت ئه‌بو مسعه‌ب زه‌رقاوى سه‌رۆکى پێشوى باڵى عێراقى رێکخراوى قاعیده ببینێت که ساڵى 2006 له‌بۆردومانێکى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ناوچه‌ى هوب هوبى سنورى پارێزگاى دیاله کوژرا.
جاجى به‌کر له‌نێوان ساڵانى 2006 بۆ 2008 له‌لایه‌ن هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکاوه ده‌ستگیرکراوه‌و له‌گرتوخانه‌کانى ئه‌و هێزه‌دا ماوه‌ته‌وه، زۆرترین کاتى گرتنیشى له‌گرتوخانه‌ى ئه‌بوغرێبى باشورى به‌غدا بوه.
دێرشبیگڵ، به‌پشتبه‌ستن به‌وته‌ى که‌سه نزیکه‌کانى حاجى به‌کر ئاماژه‌ى به‌وه‌کردوه، ناوبراو که‌سێکى ناسیۆنالیست بوه‌و له‌ڕوى سه‌ربازیه‌وه لێهاتوو بوه، توانایه‌کى باشیشى له‌زانستنى بیرکاری‌دا هه‌بوه.
کۆتایى ژیانى حاجى به‌کر له‌سه‌ر خاکى سوریا بوه، کاتێک له‌ساڵى 2014دا له‌شه‌ڕێکى قورسى نێوان چه‌کدارانى داعش‌و سوپاسى سوریاى «ئازاد» له‌ناوچه‌ى ته‌ل ریفعه‌تى باکورى سوریا کوژراوه.
به‌ڵام پێده‌چێت پلانه‌که‌ى حاجى به‌کر به‌ر له‌کوژرانى سه‌رکه‌وتوو بوبێت بۆ ئه‌وه‌ى پێى داعش به‌رێته عێراقه‌وه، که ئێستا به‌شێکى دیارى ناوچه زۆرینه سوننه‌کانى به‌ده‌سته‌وه‌یه به‌تایبه‌ت شارى موسڵى هاوسنورى سوریا.
هشام هاشمى، پسپۆڕى بوارى گروپه توندڕه‌وه ئیسلامیه‌کان، ده‌ڵێت «حاجى به‌کر که‌سێکى زۆر زیره‌ک بوه، یه‌کێک بوه له‌و که‌سایه‌تیانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه کاریکردوه که پێیوایه ئامانج پاساو بۆ هۆکاره‌کانى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و ئامانجه ده‌هێنێته‌وه، جا شێوازه‌که‌ى هه‌ر چۆنێک بێت».
ده‌سپێکى پلانه‌که
پلانى حاجى به‌کر بۆ داعش له‌ساڵى 2010ه‌وه ده‌ستیپێکردوه که هه‌مان واده‌ى پێکهێنانى ئه‌و گروپه‌یه، پلانه‌که که دێرشبیگڵ به«پلانى ستراتیژى» ناویده‌بات، له‌لایه‌ن حاجى به‌کر‌و ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌فسه‌رانى پێشوى رژێمى به‌عسه‌وه دارێژراوه‌و هه‌ر ئه‌وانیش بڕیاریانداوه ئه‌بوبه‌کر به‌غدادى بکه‌نه به‌رپرسى یه‌که‌مى داعش، تا سروشتێکى ئاینى بده‌نه گروپه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى خۆیان هه‌ڵگرى بیروباوه‌ڕى ناسیۆنالیستى بون.
ساڵى 2012 ئه‌فسه‌ره‌که‌ى پێشوى رژێمى به‌عس خۆى گه‌یاندۆته سوریا‌و له‌ناوچه‌کانى باکورى سوریا جێگیربوه، تا به‌کردارى له‌وێوه سه‌رپه‌رشتى پلانه‌کانى بکات بۆ تۆکمه‌کردنى ریزه‌کانى داعش.
سه‌ره‌تا به‌چه‌ند گروپێکى بچوک له‌چه‌کدارانى بیانى داعش ده‌ستیپێکردوه که به‌شێکیان ئه‌زمونى که‌مى شه‌ڕکردنیان هه‌بوه‌و خه‌ڵکى وڵاتانى عه‌ره‌بستانى سعودیه، تونس، عه‌ره‌بى ئه‌وروپى بون، به‌شێکى تریشیان ئه‌زمونێکى زۆرى شه‌ڕکردنیان هه‌بوه که خه‌ڵکى چیچان‌و ئۆزبه‌گستان بون.
گۆڤاره ئه‌ڵمانیه‌که ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، نهێنى به‌ربڵاوبونى داعش له‌ماوه‌یه‌کى که‌مدا کۆکردنه‌وه‌ى دوو بیرى توندوتیژى‌و هه‌نگاوى ستراتیژى بوه، که له‌لایه‌ن حاجى به‌کر‌و گروپێکى تره‌وه سه‌رپه‌رشتیکراون.
پلانه سه‌ره‌کیه‌که‌ى حاجى به‌کر بۆ داعش ئه‌وه بوه، سه‌ره‌تا له‌باکورى سوریا «خه‌لافه‌تێکی ئیسلامى» دروستبکه‌ن‌و له‌وێوه شانه‌ى سیخوڕ‌ى له‌کاره‌کانى تر بڵاوبکرێنه‌وه، دواتریش کارى کوشتنى نهێنى‌و رفاندن ئه‌نجامبده‌ن، وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتیان.
دێرشبیگڵ ده‌نوسێت «حاجى به‌کر که‌سێکى ناسیۆنالیست بوه، هه‌رگیز که‌سێتیه‌کى ئیسلامى نه‌بوه، به‌ڵام ئاینى ئیسلامى بۆ ئامانجه‌کانى قۆستۆته‌وه«.
به‌پێى راپۆرته‌که‌و به‌پشتبه‌ستن به‌به‌ڵگه‌نامه ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌کانى داعش، جاجى به‌کر به‌وردى ئه‌رک‌و به‌رپرسیارێتیه‌کانى داعشى دابه‌شکردوه، پلانه‌که زیاتر له‌پلانى ده‌زگایه‌کى هه‌واڵگرى ئیسلامى ده‌چێت که گروپێکى هه‌واڵگرى له‌سه‌ره‌وه به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن.
سەرچاوە :هاوڵاتی