بەپێی بەدواچوون و لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی هەنگاو، دوای ساڵێک لە دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، زیاتر لە ٤٠٠ منداڵی قوتابی لە سەرانسەری شارەکانی کوردستان و لەلایەن ناوەندە حکومییەکانەوە دەستگیرکراون کە تاکوو ئێستا تیمی یاساییی هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٩٢ کەسیان ئاشکرا بکات.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو ئەو منداڵانە کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە لە ماوەی پێنج مانگدا (واتە لە ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ تاکوو ١ی فێبریوەریی ٢٠٢٣) دەستگیرکراون. لە کۆی ئەم ١٩٢ منداڵە کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە، ٣٣ کەسیان کچ و ١٥٩ کەسی دیکەیان کوڕن.
بەپێی ئەم ئامارە زۆرترین منداڵ لە شاری جوانڕۆن کە ٣٠ کەس تۆمار کراون. هەروەها لە شارەکانی سنە ٢١ منداڵ و سەقز ١٤ منداڵن
دەقی ئامارەکانی ڕێکخراوی هەنگاو:
ئەم ئامارە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
– پارێزگای سنە؛ ٧٧ کەس کە دەکاتە ٤٠% کۆی گشتیی ئەم ئامارە.
– پارێزگای کرماشان؛ ٢٧% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە.
– پارێزگای ئورمیە؛ ٢٢% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە.
– پارێزگای ئیلام؛ ١٠% کە دەکاتە کۆی گشتیی ئەم ئامارە.
ئاماری کچان و کوڕان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
– پارێزگای ئیلام؛ ٤ کچ و ١٦ کوڕ.
– پارێزگای کرماشان؛ ٨ کچ و ٤٤ کوڕ.
– پارێزگای سنە؛ ١٥ کچ و ٦٢ کوڕ.
– پارێزگای ئورمیە؛ ٤ کچ و ٣٨ کوڕ.
– ناوچەکانی دیکەی ئێران؛ تەنیا ١ کەس کە کچ بووە.
بەپێی دوایین زانیارییەکانی ئەو ڕیکخراوە ، بەشێکی بەرچاو لەم منداڵانە دوای چەند ڕۆژ و هەفتەیەک ئازاد کراون. بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم منداڵانە دوای ئازادبوونیان لە بارودۆخێکی دەروونیی دژواردان، بەگشتی لەگەڵ هیچ کەس قسە ناکەن و تووشی گۆشەگیری و گرفتی دەروونی بوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە، لە کاتی دەستگیرکردن و دەستبەسەربوونی ئەم منداڵانە لێپێچینەوەی توندیان لێکراوەو ئازار دراون و هیچ گرنگییەک بە مافەکانی منداڵ و کەسانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ نەدراوە لەو مافانەش ، ئامادەبوونی خێزان و کەسی گەورەتر لە خۆیان یانیش پارێزەر.
ئەو ڕێکخراوە دەڵێت: پێشێلکاریی یاسای تایبەت بە منداڵان تەنیا لە کاتی پێش بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیاندا نەبووە، بەڵکوو لە کاتی دادگاییکردنیشیاندا ئەم منداڵانە لە مافەکانی منداڵێک کە دادگایی دەکرێت، بێبەری و بێبەش بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون: “دۆسیەی بەشێک لەم منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕش نێردراوە؛ بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، منداڵان لە کاتێکدا تاوانێکیان کردبێت، دەبێت لە لقی ١ دادگای تاوانەکان و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو خاڵە پێشبینیکراوەکان و لە دادگای منداڵاندا دادگایی بکرێن. بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دۆسیەی ئەم منداڵانە بە شێوەیەکی نایاسایی نێردراون بۆ دادگای شۆڕش کە دادگایەکی تایبەت و زۆر نادادپەروەرانەیە.”
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو؛ لە کۆی گشتیی ئەو ١٩٢ منداڵە، لانی کەم ٤ کەسیان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای پێبژاردنی پارە، بەندکردن و لێدانی قامچاییان بەسەردا سەپێندراوە.
کورش گەڕاوەند، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەراوڵە، سزای ٧ مانگ بەندکردن
فەرهاد نەوایی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، سزای ٢ ساڵ بەندکردن
دوو منداڵی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئەرشیا بەرزین، سزای ٣ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی
کیانووش ئەعزەمی، سزای ١٠ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەریاندا سەپێندراوە.