ئه‌گه‌ر له دیوه تاریكه‌كه‌وه سه‌یری جیاوازیه‌كان بكه‌ین، ره‌نگه له ڕووی ده‌رونیه‌وه ئاسوده تر بین، هه‌ر نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازیه‌كه كه‌متر ده‌بینین، رووه تاریكه‌كه ئه‌و به‌شه‌ی مێشكی ئێمه‌یه كه نایه‌وێت هه‌قیقه‌ت ببینێ، ده‌سه‌ڵات و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی به‌خته‌وه‌رن له‌وه‌دا كه زۆربه‌مان ئه‌و به‌شه‌ی مێشكمان كارده‌كات و به‌شه ڕووناكه‌كه كار ناكات، ئه‌وه‌بۆیه به‌و كه‌سه‌ش باوه‌ڕ ده‌كه‌ین كه به ده‌م هه‌نسكه‌وه سوێند ده‌خوات خانوی زۆركه‌س له خانووی سه‌رۆكه‌كه‌ی باشتره‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی زۆر ساده ده‌ژێت و ئه‌و نانه‌ی ئه‌و ده‌یخوات هه‌ندێ كه‌س بۆیان دابنرێ نایخۆن.
ئێمه به‌ده‌ست ئه‌م دیوه تاریكه‌ی مێشكمانه‌وه گیرمان خواردوه‌و شته‌كان وه‌ك پێویست نابینین، له‌وه‌ش گه‌ڕێ كه زوو فریووی ئه‌وانه ده‌خۆین كه به‌ڵێنی قه‌به قه‌به‌مان پێده‌ده‌ن، یه‌كجار خۆمان ماندوو بكه‌ین و له دیوه روناكه‌كه‌وه ئاوڕ له سته‌م و نادادی و جیاوازیه‌كه بده‌ینه‌وه تووشی شۆك و سه‌راسیمه‌یی ده‌بین، تۆ بڕوانه ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رێك موچه‌كه‌ی یه‌ك ملیۆن دینار بێت، له به‌رانبه‌ردا ئه‌گه‌ر پارله‌مانتار یان وه‌زیر، یان دادوه‌رێك، موچه‌كه‌ی هه‌شت ملیۆن دینار بێت له مانگێكا، ئه‌وه ئه‌وه‌ی وه‌زیرو دادوه‌رو پارله‌مانتاره‌كه به چوار ساڵ وه‌ریده‌گرن، فه‌رمانبه‌ره‌كه به 32ساڵ ئه‌و جا وه‌ریده‌گرێت، خۆ گه‌ر 500 هه‌زار موچه‌ی بێت 64 ساڵی گه‌ره‌ك ، جا له‌وه گه‌ڕێ كه هه‌رگیز دادوه‌رو وه‌زیرو پارله‌مانتار دان نانێن به‌وه‌دا كه به قۆپیه خوێندنیان بڕیوه، ئێستا ده‌بینن جیاوازیه‌كه چه‌ند زۆره، هه‌ر ئه‌مه‌شه چینایه‌تی دروست ده‌كات و ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نه‌كاری و گه‌نده‌ڵی و تێكچوونی رایه‌ڵه‌و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.
به‌شێك له به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته به هاوكاری هه‌ندێ كۆمپانیای مه‌ترسیداری دا‌و ده‌رمان ئه‌م وڵاته‌یان كردووه به ده‌رمانخانه‌یه‌كی گه‌وره له كاتێكا خۆیان بۆ هه‌ڵامه‌تیش داوده‌رمانیان له ئه‌وروپاوه بۆ دێت، هه‌ركه‌سێكیش بیه‌وێت گه‌نده‌ڵی و ناشرینیه‌كانیان نیشانبدات ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه ده‌بێته‌وه،ئه‌وان خۆیان به مرۆڤی هه‌ڵبژێردراوی خودا وه‌ند ده‌زانن و میله‌تیش به شایانی مردن و چه‌وسانه‌وه و برسی كردن، یانی ره‌هه‌نده‌كه به‌و راده‌یه ئه‌وان و میله‌تی له یه‌كتر دورخستوه‌ته‌وه، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئاوه‌زو بیركردنه‌وه‌ی میله‌ت له كاتی هه‌ڵبژاردنا به دیوه تاریكه‌كه سه‌یری ئه‌وان ده‌كات، دیوه تاریكه‌كه سروشتی وایه هه‌موو دڕنده‌یه‌كیش له مرۆڤ ده‌كات به فریشته، هه‌ر بۆیه میله‌ت رۆژێك ده‌نگ ده‌دات و چوار ساڵ ده‌بۆڵێنێ و ده‌ڵێت ده‌ستی شكاوم بۆ ئه‌و ده‌نگه‌ی دام.