ئاو سەرچاوەی ژیانە
لە بەختی كورد
ئاویش سەرچاوەی خنكانە.
(ئیجە)
گەنجەكان لە یاسای پەرلەماندا
وون بوون
تەرمەكانیان لە ئیجە دۆزرایەوە
(حكومەت)
سێبەری ژنەكانی بەردەرگا
شوێنی ئیهانەی خۆشەویستەكەی بوو
لە ژوورێكی تاریكدا( عورفی) لێ مارەكرا
(ئەمری پیرە پیاوەكان)
موزیكی ژەند ،گۆرانی ووت
لەگەڵ حەزی كلاسیكەكان یەكی نەگرتەوە
وازی لە گۆرانی ووتن هێناو دەنگی شەپۆلەكانی ئیجە خستیە خەو.
(ئیهانەی كۆنە پەرستەكان)
بە بێ باڵیش ،لە مانای فڕین گەشتبوو
بەڵام نەك فڕین
زمانی ئاواز خوێندنیشی بڕابوو.
(ئەو كرابوو بە باڵندەی زینەی خێزانەكان نەك ویستی خۆی)
قسەیەك:
میلەتی كورد زۆر زۆر شانازی بەبوونی خێزانەوە دەكات، بەڵام بیریان نیە كە زۆرینەی خێزانی كورد جگە لەدەربەدەری منداڵەكانی هیچی بەرهەم نەهێناوە.
كاتێك كچیان هەیە خواخوایانە زوو شووی بۆ ببێت، هەر تەمەنی كچەكەیان بوو بە(٥ ساڵ) سەیری دەموچاوی دەكەن بزانن جوانە یان ناشرین نەك لە داهاتوو شووی بۆ نەبێ، یەك دنیا كوڕی بەدبەختو بێ پارەشیان بەرهەم هێناوە، ئیدی بەشێكی ئەم كوڕانە دەبن بەخۆراكی گیانەوەرە ئاویەكانی ئیجەو بەشێكیان چەكداری حزبو بەشێكیش ماتۆڕ سوارو بەد بەخت و شەلاتی.
هەڵاتن لە نیشتیمان تەنهاو تەنها لە پێناو پارەدا نیە، ئەوان ڕقیان لەو هەموو ئەتكە دووبارەیەیە، ئەوان چیتر هەمان بوخچەی ئێوەیان پێهەڵناگیرێ.
لێیان گەرێن، منداڵ خستنەوە بوەستێنن لەوە زیاتر بە ناوی عورفی هەڵە مرۆڤ مەفەوتێنن، ئەو شتانەی كە ئێوە لاتان گرنگە پوچەو هیچی بۆ زەویو خودی مرۆڤیش سودی نیە.
بپرسەو ڕابمێنە بزانە خێزانی كوردی چی بەرهەمهێناوە وا هێندە لاتان پیرۆزە.
خەڵك لێرە بۆ قەڕەباڵەغی عەشرەت و تەعزێ منداڵ ئەخاتەوە.
(هەبوونی خێزانی بێ پلان پیرۆز نیە و كارەساتە)