هاوپەیمانی سائیروون رایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ كردنەدەری هێزە بیانییەكان بوونی هێزەكانی توركیا لەهەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، هەروەها روونیكردووەتەوە، ئامانج لەو بڕیارە گێرانەوەی سەرەوەری عێراق و داخستنی پەڕەی پیشێلكاری هێزە بیانییەكانە .
ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون لەلێدوانێكدا دەڵێت: عێراق بووەتە گۆڕەپانی پێشێلكاری هێزە بیانییەكان نەك تەنیا هەر هێزەكانی ئەمەریكا، ئەویش لەڕێگای بچووككردنەوەی عێراق و كەمكردنەوەی پێگەكەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، كە هۆكارەكەی لاوازی حكومەتی عێراق و زیادەرەوییەكانی ئەمەریكایە.
ئەو دەشڵێت: دەنگدانەكەی پەرلەمان بە بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیە لەمێژووی عێراقدا، حكومەتی عێراقیش پابەندە بەوەی پەرەی بوونی هێزە بیانییەكان بەیەكجارەكی دابخات.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو بریارە هەر بوونی سەربازی ئەمەریكا ناگرێتەوە، بەڵكو بوونی هیزەكانی توركیاش لەهەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، جێبەجێكردنی بڕیارەكەش لەئەستۆی حكومەتی ئێستا و ئەو حكومەتەیە، كە لە داهاتوودا دروست دەكرێت .
رۆژی یەك شەممە پەرلەمانی عێراق بڕیارێكیدا بۆ كۆتایی هێنان بە پابەندییەكانی حكومەتی عێراق لەگەڵ هێزە بیانییەكان، بەتایبەتی هێزەكانی ئەمریكا، ئەوەش لەكاردانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانیو ئەبو مەهدی موهەندیس لەفڕۆكەخانەی بەغدا.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی