هاوسەرۆکى پێشوى هەدەپە رایگەیاند، ئەو بارمتەیەکى سیاسییە، نەک تاوانبار، بۆیە بەوتەى خۆی ئەو دۆسیەیەى لەگەڵ هاوڕێکانى پێى دادگایى دەکرێن هیچ بنەمایەکى یاسایى نیە.
رۆژی سێ شەممە(١٧\١٢\٢٠١٩) ، دانیشتنێکى دیکەى دادگایکردنى سەڵاحەدین دەمیرتاش بەڕێوەچوو دەمیرتاش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشدارى دانیشتنەکەى دادگای کرد، دەمیرتاش ئاماژەى بەوە کرد، ئەم دانیشتنە بۆ مێژوو تۆماردەکرێت و بە نایاسایی من و هاوڕێیەکانم دادگایی دەکەن، بەڵکو ئەمە بڕیارێکى تەواو سیاسییە .
هاوسەرۆکى پێشووى هەدەپە باسى لەوە کرد، بڕیاری دەستگیرکردنەکەى لەلایەن دادوەرەکانەوە نەدراوە، بەڵکو بەبریارێکی سیاسی دەستگیرکراوەو لەم سەردەمەی تورکیادا یاساکان خراونەتە ژێر پێووە.
دەمیرتاش وتیشى” نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان فڕێدراونەتە زیندانەوە، لەکاتێکدا بکوژ و دکتاتۆرەکان بێ سزاو بە ئازادی دەسوڕێنەوە، بەڵام من داوای ئازادبون ناکەم”.
هەروەها دەمیرتاش بێتاوانى خۆى لە هەموو ئەو تۆمەتانەى ئاراستەى کراون راگەیاندو جەختیکردەوە، ئەو بارمتەیەکى سیاسییە، نەک تاوانبار، بۆیە بەوتەى خۆی ئەو دۆسیەیەى لەگەڵ هاوڕێکانى پێى دادگایى دەکرێن هیچ بنەمایەکى یاسایى نیە.
لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەمیرتاش ئەوەى خستەڕوو، ئەوانەى ئەو کەیسە سیاسیەیان بۆ خۆى و هاوڕێیەکانى دروستکردوە رۆژێک دێت لەبەردەم دادگا دەوەستن.