دوا بەدوای تەواوبوونی كاتی پێشكەشكردنی داخوازینامەی
فێرخوازانی دەرچووی پۆلی 12 بۆ وەرگیرانیان لەزانكۆو پەیمانگەكانی حكومی، لە ئێستادا فێرخوازان چاوەڕوانی هاتنەوەی ناوەكانیانن، لەو (51933)فێرخوازەی دەرچووی ئەمساڵ پۆلی 12 ی ئامادەیی، تەنها (24784) فێرخواز لەبەیانیانی ئاسایی بێ پارە وەردەگیرێن، واتا رێژەی (47.7%).
بێگومان ئەمساڵیش ڕێژەیەكی زۆری فێرخوازان وەرناگیرێن، ئەوەی من دەمەوێت تیشكی بخەمە سەر لەهەمان كاتدا هۆكارێكە بۆ ئەوەی رێژەی وەرگیران بەو رێژەیە كەم بێتەوە، سیستەمی پارالێڵە.
سیستەمی پارالێڵ یەكێكە لەو سیستەمانەی كە فێرخوازانی دەرچووی پۆلی 12 ی ئامادەیی پێ وەردەگیرێت لە زانكۆ و پەیمانگەكان، خوێندنەكە لە بەیانیانە و لەهەمان كاتدا برە پارەیەك لە فێرخوازەكە وەردەگیرێت لەبەرامبەریشدا فێرخوازەكە لەشوێنێكی باشتر وەردەگێرێت، ئەو چەند سەرنجەی خوارەوە بە پێویستی دەزانم باسی لێوە بكەم.
1.سیستەمی پارالێل نزیكەی دە ساڵێكە هاتۆتە ناو سیستەمی وەرگیرانی فێرخوازان لە زانكۆ و پەیمانگەكان ،
لە سەرەتادا رێژەكەی لە (10%) پلانی وەرگرتن تێنەدەپەری، كە ئەویش زیاتر بۆ ئەو كەسانە بوو كە تەمەنیان لە پێوەری ئاسایی تێپەڕی بوو،
بەڵام دواتر ساڵ بە ساڵ رێژەكەی زیاد كرا، كە لە ئەمساڵدا بە گوێرەی ڕێنماییە فەرمیەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا كە بڵاویان كردۆتەوە ڕێژەی وەرگرتن بۆ خوێندن بۆ ئەم سیستەمە بریتییە لە (40%)بۆ سەرجەم كۆلێژەكان، وە (50%) بۆ سەرجەم پەیمانگەكان لە پلانی وەرگرتن، كە مەترسی ئەوەش دەكرێت لە داهاتوودا رێژەكەی بەرزتر بكرێتەوە.
2. رێژەی وەرگرتنی فێرخوازان لە خوێندنی بەیانیانی بێ پارە كەمی كردوە بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو، چونكه لە دوای ساڵی (2010)ەوە زۆربەی ساڵەكان رێژەی وەرگرتن لە نێوان (30،000 بۆ 35،000) فێرخواز بوە، بۆیە جێگەی سەرسوڕمانە ئەمساڵ لەبری زیاتر كردنی رێژەكە، كەچی كەمتر بووە.
ئەو داتایانەی كە بەفەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوی كردووەتەوە ئەمساڵ پلانی وەرگرتنی بەیانیانی ئاسایی بێ پارە (24،784)كورسیە لە كۆی (51،933) كورسی.
3.ساڵ بەساڵ كۆلیژی نوێ و پسپۆری نوێ لەزانكۆ و پەیمانگەكان و تەنانەت زانكۆی نوێش زیاد بووە بۆیە پێویست بوو رێژەی وەرگرتن زیاتر بكرێت نەك كەمتر بكرێتەوە .
4. دەوترێت ئەو كورسیانەی تەرخانكراون بۆ پارالێل زیادەی كورسی پلانە و هیچ پەیوەندی بە پلانی وەرگرتنی سەرەكی نیە،
لەبەرامبەردا قوتابی مافی خۆیەتی بپرسێت بۆ ساڵانی پێشوو پلانی وەرگرتن لە سەرووی 30،000 كورسی بوو،
بۆ ئەم ساڵ لە 24 هەزار تێ پەڕناكات؟
با بەزمانێكی سادەی بیركاریانە قسە بكەین:
ئەگەر بەشێكی پەیمانگە لە پلانی وەرگرتن 100 كورسی دانابێت، ئەوا لەهەمان كاتدا 50 كورسی بۆ پارالێل داناوە،
ئەگەر هەموو 50 كورسیەكەی پارالێل داواكاری لەسەر بوو، كەواتە ئێستا ئەو بەشە پلانی گشتیەكەی بوویتە 150 كورسی،واتا لە توانای دایە هەر 150 كورسیەكە لەخۆ بگرێت،كەواتە دەپرسین ئەگەر پارالێل لە سیستەم دا نەبێ دەبێت ئەو بەشە بۆ پلانی وەرگرتن لەجیاتی 100 كورسیەكەی پێشوو 150 كورسی بنێرێت،
كەواتە ئەو پلانەی پێشووی وەرگرتن پلانی ڕاستەقینە نیە، بەڵكو پلانە گشتیەكە پلانی ڕاستەقینەیە كە پێكهاتووە لە بەیانیانی ئاسایی واتە بێ پارە لەگەڵ بەیانیانی (پارالێل) واتە بە بەپارەكان،
بۆ یە كاركردن بەو سیستەمەی پارالێل زەنگێكی مەترسیدارە بۆ فێرخوازانێك لە دووای 12 ساڵ خوێندن و شەونخوونی بەناچاری ناتوانێت خوێندنەكەی تەواو بكات.
5.دەوترێت پارالێل یارمەتی فێرخوازانە بۆ ئەوەی بەدوای زانكۆ و پەیمانگە ئەهلیەكان نەگەڕێن بۆ ئەو بەشەی كە ئارەزووی لێیەتی ،وە زانكۆی حكومی باشترە لە ئەهلی،
ئەو قسانە هەتا حەدێك تەواو بوون ئەگەر هاتبایە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانكۆیەكی تایبەتی بە هەموو پێداویستیەكانی دابینكردبا بە وەرگرتنی پارالێل،
نەك لە سەر كورسی بەیانیان، یان دەیتوانی بینای نوێی لە كۆلیژ و پەیمانگەكان دروست كردبا بە هەموو پێداویستیەكانی خوێندن بۆ ئەو سیستەمە، بۆیە ناكرێت كورسیەكانی بە خۆڕایی خوێندنی بەیانیانی ئاسایی پێشوو بە منەت بەقوتابیان بفرۆشرێتەوە بە ناوی پارالێل.
6. بەپارەكردنی خوێندن پێچەوانەی دەستووری عێراقە،
كە لە ماددەی 34 لە برگەی دووەم ئاماژەی پێدەكات و دەڵێت:
(التعلیم المجانی حق لكل العراقیین فی مختلف مراحله)،
لە پەرلەمانی كوردستانیش هیچ یاسایەك دەرنەچووە ئاماژەو رەوایەتی بە خوێندنی پارالێڵ بدات، من زیاتری لەسەر نانووسم و جێی دەهێڵم بۆ پەرلەمان و داواكاری گشتی و شارەزایانی یاسایی، لەو بارەیەوmە پێویستە قسەو هەڵوێستی جددیان هەبێت.
7. لە ئەنجامی وەرنەگیرانی ڕێژەیەكی زۆری فێرخوازان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی حكومی ، بێ هیوایی و كێشەیەكی زۆر بۆ قوتابیانی هەژار و كەم دەرامەت دروست دەكات، چونكە لەلایەك لە بەیانیانی بێ پارە وەرنەگیراون، لەلایەكی تریش نەیانتوانیوە سیستەمی پارالێل هەڵبژێرن لەبەر خراپی باری داراییان.
8. پارالێل بە ناڕاستەوخۆ خزمەت بە گەرم كردنی بازاڕی زانكۆ و پەیمانگە ئەهلیەكان دەكات، چونكە زانكۆیەكی ئەهلی بەهەمان نمرە لە بەشێكی باشتر بەبەراورد بە زانكۆ و پەیمانگەكانی حكومی فێرخوازەكە وەردەگرێت.
9.دیوێكی تری ئەو سیستەمە بریتیە لە دروستكردنی كێشەی دەروونی و تێكدانی پەیوەندیەكان لە نێوان ئەو فێرخوازانەی كەبە نمرەی خۆیان وەرگیراون لەبەرامبەر ئەو قوتابیانەنی كە به پارە وەرگیراون،
تۆوی رق و كینە دەچێنێت، چونكە ڕۆژانە لە یەك هۆڵ و لە یەك شوێن پێكەوە دەخوێنن و خۆیان وەك دوو گروپی جیاواز دێتە پێش چاو.
10. ئەم سیستمە جارێكی دیكە باری دارایی خانەوادەی فێرخوازان قورستر دەكات.
11.دەبێت ئەوەش بڵێین كە پارالێل دەكرێت بەرێژەیەكی كەم جێگیر بكرێت، بەشێوەیەك لە (10%) پلان تێنەپەرێت.
لە كۆتاییدا
ڕووی پرسیار ئاڕاستەی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكەم چونكە بەپلەی یەكەم بەڕێزیان لەبەردەم بەرپرسیاریەتێكی گەورە دان ،
ئایا دەستكاری رێژەی پارالێل دەكەن و كەمی دەكەنەوە؟ ئومێد دەكەین ئەو بریارە بدەن، ئەگەرنا ڕەنگە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیەكی گەورەی فێرخوازان و كەس و كاریان ببنەوە.