3
لەگەل بوونم بە پزیشک بەشی پزیشکی دادوەریم هەڵبژارد ئیستا ماوەی ساڵانێکی زۆرە پسپۆری ئەو بەشەم و و مامۆستای زانکۆم لە کۆلیژی پزیشکی زۆر شانازی بە هەردوو کارم دەکەم ،هەرچەندە من بەهۆی بەشی پزیشکی دادوەرییەوە و جۆرەها کێشەی زۆر گەورەو و جۆرەها مردنی سەیر و لەناکاو و بەسەرهاتی لەناکاوم دیتیە و زۆر جار کە هاتومەتەوە ماڵەوە فرمێسکم ڕژاندووە بۆ هەندێک حالەت کە بینیومن .
لە زۆربەی کێشەکان بیرم کردۆتەوە ئاخۆ ئەو کێشەیە بەسەر ئێمەدا هاتبا چ هەستێکمان دەبوو؟! . بەڵام لەگەڵ ئەو قورساییە زۆرەی کارەکەم زۆر وانەم وەرگرت و زۆر شت فێر بووم وە لە ئیستادا وانە وەرگرتن و فێربوون لێیان کۆتای نەهاتووە بەڵکو بەردەوام فێردەبم و قوتابی ئەو ژیانەم و قوتابی کارەکەی خۆمم .
گرنگتیرین وانەکان:
١-یەکەم یاسا کە زۆر باوەڕم پێیتی هەمیشە خوا جوانترینەکانی ژیانت بۆ هەڵدەبژێری ئێمە هەوڵدەدەین بەڵام هەڵبژاردەکانی خوا زۆر جوانن بۆ ئێمە، جاری وا هەیە لە کێشەیەک زۆر دڵمان دەشکی یان خەم دەخۆێن کەچی دەبینی پاش ماوەیەک چەندە خێرێکی گەورەی تێدابووە ئەو کێشەیە بۆ ئێمە .بۆیە شتێک هی خۆت نەبێت شەڕی تەواویشی بۆ بکەی نابیتە هی خۆت لەبەر ئەوەی نەبۆ تۆ کراوە نە بۆتو باشە.
٢- ژیان زۆر کورتە هەستەکانی خۆشەویستی و بیرکردن مەشارەوە بیری هاوڕیەکت دەکەی بڕۆ پێی بڵی بیرت دەکەم کە زۆر ئاساییە پێی بڵی خۆشم دەوێ یان بیرت دەکەم یان دڵم هەندێک شکاوە لەو بابەتە، کاتێک دایک و باوک و خوشک و برات و منداڵت و کەسێکی نزیکت خۆش دەوی ،پێی بڵێ خۆشم دەوی یان بیری دەکەی پەیوەندی پێوە بکە بڵی بیرت دەکەم. هەتا پێت دەکرێت خۆشەویستی بدە دەورو بەر لەبەر ئەوەی نازانین کۆتاییەکانمان کەی وچۆن و لە کوێیە؟!.
٣- لەو کێشانەی بینیومن دەبێت بگەنە ئەو ڕاستییەی کە پێک هینانی ژیانی هاوسەرگیری بۆ دروست کردنی ژیانێکی هاوبەش و ئاسانکردنی ژیانە نەک توندو تیژی و سووکایەتی کردن بە یەکتر، بەڵکو ڕێزگرتن و گرنگیپێدان زۆر لەخۆشەویستیش گەورەترە . هەردوو لا چ پیاو چ ژن ئەرک و مافیان هەیە و هەردووکیان لێپرسراوی پێک هێنانی ژیانی نوێیان هەیە.
٤- لەژیان خۆشی وەرگرە لە بچووکترین شت لەبەر ئەوەی خۆشحالی مرۆڤ بڕیارە نەک چارەنوس زۆر جار یەک فنجان قاوە خۆشییەکی تەواو دەبەخشیتە ژیان.
٥- لەبیر مەکە لە هەر ئاست و بیرکردنەوە و پۆستێک بی تۆ مرۆڤی وەک هەر مرۆڤێکی تر واتا یەکسانی بەوانی دەروروبەرت بۆیە خۆت خۆش بووی و مەهێلە کەس ئازاری هەست و دڵت بدات هەر کەسێک بووە سەرچاوەی ووزەی نەرێنی لە ژیان لێی دووربکەوە ، هەرگیز پەیوەندی بەتەواوی مەپچڕێنە لەگەڵ کەس بەڵکو کە دیتت سڵاوی لێبکە بەڵام سەرچاوەی وزەی نەرینی لە ژیانت دوور بکەوە دووبارە دەیڵێمەوە ژیان زۆر کورتە و یەک جار دەژین .
.
٦- هەمیشە لەخوا بپاڕێوە و وداوای لێبکە کۆتاییەکانمان جوان بێت و دوای خۆمان جوانترین و باشترین یادگاری بەجێبهێلین.
٧- لەگەڵ بینین و چارەسەرکردنی کێشەکان فێر بووم کە خوا کە منداڵت پێ دەبەخشێت ئەوا ئەمانەتێکی داوەتە تۆ و تاقیت دەکاتەوە بزانی چۆن پەروەردەی دەکەی! بۆیە زۆر بەجوانی ئەو ئەمانتە بپارێزە دیسان دەڵێم ژیان کەمە دوای خۆت شتێکی جوان جێبهێلە کە سوود بەخش بێت بۆ خەڵک.
٨- فێر بووم لەو کێشانەی کە دەیانبینم ژیان هەرگیز بە موجامەلە ناڕوات .
دکتۆر دیلمان ئازاد خۆشناو
پسپۆری پزیشکی دادوەری
مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی پزیشکی