د. کاوە محمود:
سەرلەنوێ بابەتی دانانی دەستوری هەرێمی کوردستان وەک مەسەلەیکی هەنووکەیی و پێداویستییەکی بابەتی، خۆی بەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستاندا فەرز دەکات، و ڕووداوە سیاسییەکان بەتایبەتی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵدانی حکومەتی ناوەند بۆ فەرزکردنی کۆمەڵێک یاسا و بریار بە سوود وەرگرتن لە بۆشایی نەبوونی دەستووری هەرێم و هەندێ یاسای پێویست لە کوردستاندا، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە چەند هێزە سیاسییە کوردستانییەکان کەمتەرخەم بوون و لە ڕوانگەی ململانێی و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی ڕێگریان لە دانانی دەستوری هەرێمی کوردستان کرد، لە کاتێکدا دەرکەوت کە بوونی ئەو دەستورە بە کەموکوڕییەوە کە بواری هەموارکردنی دەبوو، ئێجگار باشتربوو لە نەبوونی دەستور کە ئەمڕۆ بۆشاییەکی درووست کردوە بەتایبەتی لەو بابەتانەی کە پەیتا پەیتا بەغدا کار لەسەر کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و یاساکانی خۆی بەسەردا فەرز دەکات.
مامەڵەکردن لە گەڵ بابەتی دانانی دەستور بۆ هەرێمی کوردستان وەک ئەرک و پێداویستییەکی نیشتمانی و کۆمەڵگایی پێویستی بە ڕچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە هەیە:
1ـ گرنگە میکانیزمی دانانی لێژنەی ئامادەکردنی دەستور لە سەر هەمان بنەمای دابەشکردنی لێژنەکانی نێو پەرلەمان نەبێت کە پێوەرەکەی دابەشکردنی حزبییانە بوو، لە کاتێکدا دانانی ئەندامانی ئەم لێژنە دەستورییە دەبێ ڕچاوی پسپۆری تیایدا بکرێت.
2ـ کاتێک دەڵێن بابەتی دانانی دەستور مەسەلەیکی نیشتمانی و کۆمەڵگاییە، مەبەستمان ئەوەیە نەک تەنها ئەو هێزانەی کە بوونیان لە پەرلەماندا هەیە، ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، بەڵکو پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی دەرەوی پەرلەمان و کەسایەتی ڕۆشنبیر و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەندیکاکان و کەسایەتی یاسایی و پسپۆر بە میکانیزمی گونجاو لەم ئەرکەدا بەشدار بن، و تێبینییەکانیان بە هەند وەربگیرێت.
3ـ لێژنەی ڕاسپێردراو لە لایەن پەرلەمانەوە کاتێک دەست بە کارەکانی دەکات، لە خاڵی سفرەوە دەستپێناکات، و پێشتر لە دووەمین خولی پەرلەمان پرۆژەی دەستور ئامادە کرا و لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر درا، و دەبوایە گشتپرسی لەسەر بکرایە، و لە خولی پێشتریش 72 ماددەی لە پرۆژەی دەستور سەرلەنوێ دارێژرایەوە. ئەم هەنگاوانەی پێشتر یارمەتی ئەم لێژنەی نوێیە لە ئەنجامدانی کارەکانی دەدات، بەڵام پێشتر گرنگە سەرۆکایەتی پەرلەمان بە هەماهەنگی سەرۆکی فراکسیۆنەکان خاڵە گرێیەکانی نێو دەستور دەستنیشان بکات، و بەم جۆرەش یارمەتی کارەکانی ئەو لێژنەیە دەدەن و گفتوگۆکان چڕ دەکەنەوە.
4ـ پێم وایە ئەو بابەتانەی کە لە دانانی پرۆژەی دەستور پێویستی بە ڕوونی و هەڵوێست وەرگرتن هەیە ئەمانەی خوارەوەیە:
ــ ئاماژەکردن بە ڕوونی و ڕاشکاوی بە مافی گەلی کوردستان لە باشوردا بە دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆی بە پێی ئیرادەی ئازادانەی خۆی، و پاراستنی یەکێتی خاکی کوردستانی باشور.
ــ رێکخستنی پەیوەندی نێوان ئاین و دەوڵەت بە مەبەستی پاراستنی شوناسی مەدەنی و عەلمانی حوکومرانی، و رێزگرتنی سەرجەم ئاینەکان و پشتنەبستن بە هیچ ئاینێک لە بواری یاساداناندا، و ئەمەش وا پێویست دەکات کە دوورکەوینەوە لەو داڕشتنە نارێکەی لە دەستوری عێراقدا سەبارەت بە چەمکی سوابتی ئیسلام و پرنسیپەکانی دیموکراسی هاتووە، و کەڵێنێکی تەشریعی گەورەی درووست کردوە.
ــ دەستنیشانکردنی سنووری جوگرافی کوردستانی باشور لە سەر بنەمای ڕاستییە مێژوییەکان.
ــ رێکەوتنی فراکسیۆنەکان لە سەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە یان لە لایەن خەڵکەوە، لە چوارچێوەی پاراستنی سیستمی پەرلەمانی.
ــ ئاماژەکردنی ڕوون بە ئازادییە سەرەکییەکان و مافەکانی مرۆڤ بە جۆرێک بوار نەمێنێتەوە کە یاسایەک دەربکرێ ئەو ماف و ئازادییانە پێشێل بکات.
ــ پاراستنی مافی ئیداری و کەلتوری نەتەوە و ئاین و پێکهاتە جۆراجۆرەکانی کوردستان، بە جۆرێک کە پێکەوژیانی ئاشتیانە لە کوردستان بپارێزێت.
ــ زامنکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی ومافی خوێندن و مافی کار و یەکسانی جەندەری و مافی ژنان لە چوارچێوەی پەرپرسیاری دەوڵەت لە پرۆژەی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام.
ــ جەختکردن لەسەر ئەوەی وەزیفەی گشتی و وەرگرتن لە هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی گشتی و پۆلیس بۆ هەموو تاکێکی کوردستان واڵایە.
ــ جەختکردن لە سەر لامەرکزی ئیداری و پێدانی دەسەڵاتی پێویست بە ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاکان.
ــ بنیاتنانی سیستمی ئابوری لە سەر هەمەجۆری بواری خاوەندارێتی و پاراستنی مولکیەتی گشتی لە بواری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییدا و بایەخ دان بە کەرتی تێکەڵاو، و هاندانی کەرتی تایبەت و کرانەوە لەسەر وەبەرهێنان لە بواری کەرتی تایبەت بە پێی پێوەر و رێنماییەکانی پلانی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام.
ــ دانانی دادگای دەستوری کوردستان وەک مەرجەعێکی باڵا بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتی ناکۆکی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری.
5ـ بابەتی هەموارکردنی دەستور یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە دەبێ بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵی لە گەڵدا بکرێت. دەستوری بەستەلۆک بە شێوەیکی ڕەها رێگا لە هەموارکردنەوەی پێویست و چاککردنەوەی کەلێنەکانی دەستور دەگرێت، و بە هەمان شێوە دەستوری نەرمی ڕەها ماوە بەزۆربەی پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوە لە دەستور لە ڕوانگەی پەرژەوەندی حزبییەوە دەدات. بۆیە ڕەوشی کوردستان پێویستی بە میتۆد و میکانیزمێکی میانڕەوی لەم بوارەدا هەیە.
لەم هەلەمەرجەدا کە شاڵاوی گۆڕانکاری دیموگرافی و تەعریب ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی هەرێم دەگرێتەوە، حکومەتی ناوەند کار بۆ تەسک کردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم دەدات لە کاتێکدا دەستوری عێراق دانی پێداناوە، و هاوکات لەگەڵ فشارەکانی حکومەتی ناوەند لە بواری بودجە و موچە و شایستەکانی خەڵکی کوردستان، پەلەکردن لە دانانی دەستوری هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی پێویستە، و دەچێتە خانەی بەرگری گەلەکەمان و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، و بۆیە چەند پەلە لە دانانی دەستور بۆ کوردستان بکرێت، درەنگە.