دوابەدوای راگەیاندنی رێکەوتننامەکەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکاو وڵاتانی خۆرئاوا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمییەکەی ئێران، ئاهەنگگێڕان و خۆشحاڵی بەو بۆنەیەوە زۆرێک شارەکانی ئێرانی گرتەوە، باراک ئۆباماش، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە پادشای سعودیەی لەوردەکارییەکانی رێککەوتننامەکە ئاگادارکردهوه.
چالاکوانانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین وێنەی هاوڵاتیانی ئێرانیان بڵاوکردەوە کە لەشەقامە سەرەکییەکانی وڵاتدا بهبۆنهی رێككهوتنهكهی تاران و وڵاتانی خۆرئاوا ئاهەنگ دەگێڕن.
هاوکات رێککەوتننامەکە کاردانەوەی نێگەتیڤی لەلای چەند وڵاتێک لەوانە ئیسرائیل و سعودیە لێکەوتەوە و سعودیە پێی وایە رێککەوتنێکی لەوشێوەیە دەستڕۆیی تاران لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدژی بەرژەوەندییەکانی ریاز زیاددەکات.
ئیسرائیلیش پێیوایە رێکەوتننامەکە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بونی ئەم وڵاتە زیاددەکات و بڕیارە هەر ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لەگەڵ گەورەوەزیرانی حکومەتەکەیدا کۆببێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە سەلمان عەبدولعەزیز پادشای سعودیەی لەوردەکارییەکانی رێککەوتننامەکە ئاگادارکردووەتەوەو جەختیشیکردووەتەوە کە واشنتۆن بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوەوە پابەندە.
ئۆباما هەر دوێنێ لەبەردەم کۆشکی سپیدا رێککەوتننامەکەی بە مێژووییی و پۆزەتیڤ و باش وەسفکردو راشیگەیاند کە ئەم رێککەوتنە بەر بە ئێران دەگرێت لەپەرەپێدانی بەرنامە ناوکییەکەی و بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم بۆ مەبەستی سەربازی بەڵام هاوکات راشیگەیاند کە تەنها ئەم رێکەوتننامەیە هەستی متمانەنەکردن بەرامبەر بە تاران کۆتایی پێناهێنێت.
لەعەرەبییەوە: والی عەلی
سەرچاوە: elaph.com