وێنەی گیان لەدەستدانی پیاوێكی سلڤادۆریو كچە دو ساڵەكەی لەكاتی هەڵاتنیان لەمەكسیكەوە بەرەو ئەمەریكا بەهۆی نقومبونیانەوە لەروباری ریو گراندی سەر سنوری ئەو دو وڵاتەدا، جیهانی هەژاندوە.
رۆژنامەی “لا ژورنادا”ی مەكسیكی كە یەكەمینجار ئەم وێنە هەژێنەرەی بڵاوكردەوە، لەزاری دایكی كچە دو ساڵانەكەو هاوسەری پیاوەكەوە، كە لەروباری “ریو گراند”ی سەر سنوری مەكسیكو ئەمەریكا گیانیان لەدەستدا، دەڵێت “رۆژی یەكشەممەی رابردو 23 / 6، بڕیارمان دا كە لەو روبارە بپەڕینەوە. ئۆسكاری هاوسەرم ڤالریای كچمانی كردە كۆڵو لەروبارەكە پەڕینەوە، كچەكەی لەوشكانی داناو هاتەوە بۆ ناو ئاوەكە بۆ یارمەتدانی من، بەڵام لەپڕ كچەكەمان دوای كەوتو رایكردە ناو روبارەكە، هاوسەرەكەم بۆ رزگاركردنی گەڕایەوە، بەڵام لەبری رزگاركردنی خۆیشی نقوم بو، پێکەوە خنکان”.
پۆلیس پاش چەند كاتژمێرێك تەرمی ئەوانیانی دۆزییەوە. ئەم خێزانە دو مانگ زیاترە سلڤادۆریان بەجێهێشتبو بەهیوای گەیشتنە ئەمەریكا. میدیاکانی ئەمەریکای لاتین ئاماژە بەوە دەکەن بڵاوكردنەوەی وێنەی تەرمی ئۆسكارو ڤالریای كچی، گیان لەدەستدانی ئایلانی كوردی تەمەن سێ ساڵە بیر دەخاتەوە كە ساڵی 2015 تەرمەکەی لەیەكێك لەكەنارەكانی توركیا دۆزرایەوە.
ئەم وێنەیە مایەی رقو توڕەیی هەزاران كەسە لەجیهاندا كە سیاسەتی ترامپ سەبارەت بەرێگرتن لەكۆچبەریی ئەمەریكا بەهۆكاری گیان لەدەستدانی ئەم باوكو كچە چارەڕەشە دەزانن.
ئەم روبارەی نێوان مەكسیكو ئەمەریكا بەهەمانشێوەی دەریای ئیجەی نێوان توركیاو یۆنان بەكوشتارگەی هەزاران پەنابەر دادەنرێت.