۱٤ساڵ بەسەر کوشتنی سەردەشت عوسماندا تێپەڕ دەبێت
ڕۆژی ٤ی ئایاری ۲۰۱۰، هەواڵی ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسێک کە قوتابی بوو لەبەردەم کۆلێژەکەی لە هەولێر، هەموو هەرێمی ڕاچەڵەکاند.
دوای دوو ڕۆژ لە ٦ی ئایار، هەواڵی کوشتنی بەدڕندانەترین شێوە شۆکێکی گەورە بوو بۆ کەس و کار و ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی.
سەردەشت عوسمان حەسەن حەمەد، لە ۲٥ی ۱۲ی ۱۹٨۷ لە گەڕەکی کرێکارانی شاری هەولێر لە دایک بووە. لە بنەڕەتدا خانەوادەکەی خەڵکی گوندی گردعازەبانی دەشتی شەمامکی شاری هەولێرن.
لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕادەگوێزرێن بۆ شاری هەولێر.
سەردەشت عوسمان، لە تەمەنی پێنج ساڵی وەکو گوێگر دەچێتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی نیگاری سەرەتایی لە گەڕەکی کرێکارانی شاری هەولێر. لەبەر زیرەکی و زرنگی بەدەرچوو ئەژمار دەکرێت و قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی شەهید ساڵح یوسفی و قۆناغی ئامادەیی لە ئامادەیی ئازادی کوڕان تەواو دەکات.
دواتر لە بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین وەردەگیرێت. ڕۆژی ۱٨ی نیسانی ۲۰۱۰ لەگەڵ هاوڕێکانی لە کۆلێژ ئاهەنگی دەرچوون ساز دەکەن و دوای ۱٦ ڕۆژ لە ئاهەنگی دەرچونەکەی دەڕفێنرێت و بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت.
سەردەشت، لە قۆناغی لاوی ئاشنایەتی لەگەڵ نوسیندا پەیدا دەکات. لە ساڵی ۲۰۰٤ تا ساتی تیرۆرکردنی بەردەوام دەبێت لە نوسین و بڵاو کراوەکانی.
بەپێی ئەوەی خوێندکاری زمانی ئینگلیزی دەبێت ئاشنایەتی فراوانی لەگەڵ بڵاوکراوە جیهانیەکان دەبێت و دەبێتە ئەندامی دەستەی نوسەرانی هەفتەنامەی ئاشتینامە. جگە لەوەی بابەتەکانی لە چەندین سایت و گۆڤاری تر بڵاو دەکاتەوە.
سەردەشت لە هەرزەکاری و لاویدا چەندین کاری کرێکاری تاقەت پڕوکێنی کردووە. لە سەرەتای هەرزەکاریەوە خولیای تۆپی پێی هەبووەو لە قۆناغی ئامادەیی یەکێک دەبێت لە یاریزانە پێگەیشتوەکانی یانەی هەولێر.
ڕۆژی ٤ی ئایاری ۲۰۱۰، لە بەردەم کۆلێژەکەی لەناو جەرگەی شاری هەولێر له لایەن ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیای پڕچەکدارەوە دەڕفێنرێت. دوای دوو ڕۆژ تەرمەکەی لە نزیک مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی لە شاری موسڵ دەدۆزرێتەوە.
دوای کاردانەوەی کوشتنی سەردەشت عوسمان و داوای ئاشکرا کردنی بکوژانی، ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی کەسێکی بەناوی هیشام مەحموود ئیسماعیل لە شاشەی تەلەفزیۆن بڵاو کردەوە گوایە سەر بە ڕێکخراوی توندڕەوی ئەنسار ئیسلامەو بەهۆی ئەوەی سەردەشت ئامادە نەبووە کاریان لەگەڵ بکات بۆیە بەو شێوەیە تیرۆریان کردووە.
بڵاو کردنەوەی ئەو دانپێدانانە نەبووە جێگای بڕوای خانەوادەکەی و نە جێگای بڕوای خەڵکی هەرێم و ڕۆژنامەنوسان. چونکە سەردەشت عوسمان کەسێکی دوور بوو لە فکر و بیروباوەڕی ڕێکخراوە توندڕەوەکان.
سەردەشت عوسمان جگە لەوەی بە گولە دەکوژرێت، شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار دەبێت و بەشێوەیەکی دڕندانە فیشەکێک دەنرێت بەناو دەمیەوە.
دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی لە گۆڕستانی گوندی گردعازەبانی زێدی خانەوادەکەی بەخاک دەسپێردرێت و پاش چەند ساڵێک کێلی گۆڕەکەی دەشکێنرێت بەبێ ئەوەی بکەرانی ئەوکارە ئاشکرا بکرێن.
سەردەشت عوسمان له دوا ڕۆژەکانی قۆناغی کۆتایی زانکۆی دەبێت و لە ساتی ڕفاندنی نامەی باسی دەرچوونی لە دەستیدا دەبێت و دەکەوێتە خوارەوەو پاشان هاڕێکانی هەڵیدەگرنەوە. دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی تەنها وێنەیەکی خۆی و دایکی و ۱۲ هەزار دیناری عێراقی پێ دەبێت.
کاردانەوەی کوشتنی سەردەشت عوسمان، سنوری هەرێم تێدەپەڕێنێت و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دوای چەندین ساڵ داوای ئاشکراکردنی بکوژان و ڕفێنەرانی دەکەن.
سێ رێکخراوی جیهانی بەناوەکانی رێكخراوی رۆژنامەوانیی ئازادیی بێسنور (FPU)، رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور (RSF) و كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) لە ئەمستەردامی پایتەختی هۆڵەندا ڕاپۆرتێکیان بۆ رایگشتی بڵاویانكردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەو لایەنە سیاسییەی سەردەشت عوسمان چەند وتارێکی لەبارەوە نوسی بوون پێدەچێت راستەوخۆ دەستیان لە کوشتنی سەردەشتدا هەبووبێت و داوادەکەن وڵاتان سزا بەسەر ئەو کەسایەتیانەدا بسەپێنن كە رێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بێلایەن و شەفاف.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە چەندین رێگری و دروستکردنی لەمپەر لە لێكۆڵینەوەی دۆسیەكەی سەردەشت عوسمان خراونەتەڕوو. کە رێگەنەدان بە چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكار و هاوڕێكانی و بوونی هەڕەشە لەسەریان و داوایان لێكراوە بێدەنگ بن و تەنها ئەو سیناریۆیە باس بکەن کە دەزگا فەڕمییەکان بڵاویان کردوەتەوە.
2024-05-04