میدیا عەرەبیو جیهانییەكان سەبارەت بە ململانێكانی نێوان ئەمەریكاو ئێرانو ئەگەری هەڵایسانی جەنگ لێكدانەوەی جیاواز دەخەنە ڕوو.
گاردیانی بەریتانی: بەهۆی سیاسەتی نالۆژیكی ترەمپەوەیە، لەم ڕۆژانەدا جەنگی نێوان ئەمەریكاو ئێران لەهەر كاتێكیتر زیاتر نزیكە.
ئاڕتی عەرەبی لەزاری ڕۆحانیەوە: ڕوبەڕووی جەنگێك دەبینەوە وێنەی نەبووە لەمێژوی شۆڕشی ئیسلامیدا.
عەرەبی پۆست: دەهۆڵی جەنگ لەنێوان تاران و واشنتۆن لێدراوە، كێ سەركەوتووی جەنگەكە دەبێت؟
ئەلجەزیرەنێت: ڕۆحانی داوای یەكڕیزی دەكات، كاتەكە لەجەنگی نێوان عێراق و ئێران سەختترە.
بی بی سی عەرەبی: ئێران لەتدەبێت یان تیادەچێت لەجەنگی ئەمەریكادا؟.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆككۆماری ئیسلامی ئێران لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لەچالاكوانی سیاسی وڵاتەكەی لەتاران ڕایگەیاند، گەلو حكومەتی ئێران ڕوبەڕووی جەنگێك دەبێتەوە كە لەجەنگی ساڵی هەشتاكانی نێوان وڵاتەكەیو عێراق زۆر سەختترە، چونكە بەگوتەی سەرۆكی ئێران وڵاتەكەی ڕوبەڕووی كێشەی بانكی و فرۆشتنی نەوتی و هەناردەو هاوردە بووەتەوە، بەڵام لەجەنگی عێراق ئێراندا تەنها قەدەغەی فرۆشتنی چەك لەسەر وڵاتەكەی بووە.
ڕۆحانی لەمیانی وتەكانیدا هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ڕووبەڕووی جەنگێك دەبینەوە وێنەی نەبووە لەمێژوی شۆڕشی ئیسلامیدا، بۆ ڕووبەڕوبونەوەی ئەم جەنگەش ڕۆحانی داوای یەكڕیزی و یەكگرتوویی لەئێرانییەكان كرد.
لەلایەكی ترەوە سایتی ئاڕتی عەرەبی باسی لەوەكردووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ئێرانی لەبەردەم بژاردەیەكی قورسدا هێشتوەتەوە ئەویش گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لەمێژینەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش لەڕوانگەی ئەم مەرجە قورس و ئەستەمەی واشنتۆنەوە تاران لەبەردەم سێ بژاردەی قورس دەبینێت، ملكەچ بوون بەداواكەی ترەمپ، بەرەنگاربوونەوەو جەنگ، یان چاوەڕێ بكات هەتا لەهەڵبژاردنی ساڵی ئایندە ترەمپ لە دەسەڵات نەمێنێت، كە ئەمەش بۆ گەلی ئێران تاقەت پڕوكێن دەبێت.
گاردیان بەدووری دەزانێت ئێران ملكەچی داواكەی ئەمەریكا بێت، چونكە حەسەن ڕۆحانی میانڕەو و هاوئاوازەكانی لەحكومەتی ئێراندا وەك جەواد زەریف ڕزگاریان نابێت لەدەستی خامنەیی و گروپی موحافیزكارەكان، ئەگەر ویستیان بۆ گۆڕینی شێوازی حوكمی ویلایەتی فەقیهو و ڕێبەری هەبێت.
گاردیان هۆشداری ئەوەشی داوە كە ڕژێمی ئێران لەو وڵاتە لەناوبچێت ئێران بەرەو دابەشبوونی هاوشێوەی عێراق ببێتەوە
بەگوێرەی لێكدانەوەكانی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەڵبژاردەی جەنگ ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو هەڵكشان دەچێت و بۆ ئەمەش بەرپرسیاریەتی جەنگەكەی خستوەتە سەر ئەمەریكا، چونكە ئێرانی ناچاركردووە بۆ جەنگ و هیچ دەرفەتێكی تری بۆ ئەو وڵاتە نەهێشتوەتەوە.
لەلایەكی ترەوە سایتی جەزیرەی قەتەری لەزاری ڕۆحانیەوە دوای ئەوەی داوای یەكڕیزی دەكات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەمارۆ سەپێنراوەكانی سەر وڵاتەكەیو لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگیشدا وتی، من ئومێدێكی گەورەم بەداهاتوو هەیە، بەمەرجێك یەكگرتوبین.لەلایەكی ترەوە سایتی بی بی سی عەرەبی باسی لەو ئامادەكاریانەی واشنتۆن كرد بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەخۆی لە كەرەستەی قورسی جەنگی دەبینێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا پنتاگۆن ڕایگەیاند، ئەم كارانە وەك ڕەدێك دێت بۆ وەڵامی هەر ترسێكی سەربازی ئێرانی دژ بە سوپای ئەمەریكا.