حاکم شێخ لەتیف ڕایگەیاند، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێگرتن لە ئەفسەرو پۆلیسەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە کاری شۆفێری تەکسی بکەن سەرپێچی یاسایە.
حاکم شێخ لەتیف، شارەزای یاسایی ڕایگەیاند، وەزیر لە بڕیارەکە پشتی نەبەستوە بە هیچ مادەیەکی یاسایی، تەنها دەڵێت بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بەگوێرەی یاسای ژمارە ٦ی وەزارەتی ناوخۆی ساڵی ۲٠٠۹، بەڵام ئاماژەی بە هیچ مادەیەک نەداوە کە ئەو دەسەڵاتەی پێ دەبەخشێت، کە لە ڕاستیدا هیچ مادەیەکی وای تێدانیە، چونکە ئەو یاسایە یاسای ڕێکخستن و پێکهێنانی وەزارەت و دامودەزگاکانیەتی و ئەو جۆرە دەسەڵاتەی نەداوە بە وەزیر.
ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕیاری پێشووی دادگای پێداچونەوەی عێراق بە ژمارە ۱۱٦۳/الهیئە المسعە/۲٠۱۷ لە بەرواری۲۱/۷/۲٠۱۷ دەرچووە دەڵێت، کارکردنی تۆمەتبار کە خۆی پۆلیسە لەدوای دەوام لەسەر ئوتومبێلی تەکسی کە موڵکداری بۆخۆی دەگەڕێتەوە تاوان نیە و دژی مادەی ۳۳ لە یاسای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە ۱٤ی ساڵی ۲٠٠۸ نیە، بڕیارەکە دەڵێت تەنها لەوحاڵەتە تاوانە و ڕێپێنەدراوە ئەگەر تۆمەتبار لای خاوەن کارێک بەکرێ یان مووچە کار بکات، بەڵام کارکردن بە ئوتومبێلی خۆی دژی یاساکە نیە و نایگرێتەوە( هەمان یاسا لە کوردستان بەرکارە بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان)
ڕاشیگەیاندووە، لەو خاڵانەش کە بریارەکەی وەزیر پشتی بەستوە بە یاسای ئینزیباتی ژمارە ۱٤ ساڵی ۱۹۹۱ هەڵەی کردوە و بە پێچەوانەی یاساکە بڕیارەکەی دەرکردوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە نوسراوێک کاری شۆفێری تاکسی لە هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و زۆرینەی فەرمانبەران قەدەغەکرد