عەزیز ڕەئووف
1
ڕێگەی تر نیە، یان خۆشەویستی یان قین، یان بەئاشتی یان شەڕکردن، یان دەرونێکی ئارام، یان ڕق و زبری، یان خواردنەوەی چایەکی تاڵ و قسەی شیرین لەگەڵ یەک یان قسەی تاڵ و چای شیرین و دوورکەوتنەوە لەگەڵ یەک. ڕێگەی سێیەم نیە، هەرکەس لەوەها دۆخێکدا بەدوای هێڵی سێیەمدا گەڕا لەنێوان خۆشەویستی و ڕقدا، ئەوا نیەتێکی تری هەیە.
وەستان لەنێوان خۆشەویستی و ڕقدا، کارەساتە.
2
کۆبوونەوەکان دەبینی بەرپرسانی ئەم هێزانە چی دەکەن؟ بەڕۆژ خواردنی چاو قاوە و میوە و هەنگاوی باشیان لە پەیوەندی ناوە و شەوانیش لەدەرەوەی کامێرا پێکی شەرابەکانیان هەڵدەدەن. ئەوان هەرگیز کێشەیان نەبووە بەڵکو کێشەکانیان بەتۆ سپاردووە، بۆخۆیان دۆخی ئارام و شەڕەکانیان گواستۆتەوە بۆ ماڵەکانی ئێوە.
گواستنەوەی شەڕ بۆ نێو ماڵەکان کارەساتە.
3
کێشەکە پەیوەندی بە سەرەوە و خوارەوەوە هەیە. خۆی خوارەوە داغان بووە، ئەگینا سەرەوە کێشەی نیە. پەروەردەی دنیای ئێمە وێران بووە خۆ کێشەی بەرپرسان نیە، ئەوە هەر هەژارەکانن باجی ئەم دۆخە دەدەن. کەس بینیویەتی مێینەی بەرپرسێک بکوژرێ؟ نەخێر، چونکە بە پۆست و سامان عەیبەکانی خۆی دادەبۆشێت. بەڵام ئەگەر کچە هەژارێک خۆشەویستی بکا دنیایەک پێی دەزانێت و کامێراکان بەردەوام لە گۆڕاستان فرمێسکی عەزیزانی دەگوازنەوە. ئەوە خەڵکە لە خوارەوە خۆی بە مژدەکانەوە سەرقاڵ دەکات.
هەژاری بە پارە نا، هەژاری عەقڵ کارەساتە.
4
لە ئاستی هێزە سیاسیەکان کێشە نەماوە و هەموو خەرکی بەشکردنی کێکن، ئەوە تۆی لەخوارەوە ئامادە نیت کێکێک لەگەڵ هاوسێکەت بخۆی. هەموو هێزەکان خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆست ئامادە کردووە، ئەوە تۆی ئێستاش ئامادە نیت ڕقی سەردەمی هەڵبژارنەکانت لە هاوسێ و هاوڕێ و دۆستەکانت لەدەڵ دەربکەی. بینیت؟ لەکاتی هەڵبژاردنا ئەم هێزانە چیان بەیەک کرد؟ ئێستا کەس کێشەی لەگەڵ ئەوی تر نیە و هەموو تەبان و شەڕەکەس بۆ دەرگەی ماڵەکانی ئێوە. دەنگەدەنگ و توڕەبوون و دەماری مل هەستان بۆ ئێوە.
لەدڵگرتنی ڕقی ئایدۆلۆژی و حزبی کارەساتە.
5
هیچ لە دنیای ئێمە نەگۆڕاوە جگە لە دیکۆر و وێنەی دەرەوە. خەیاڵ نەکەی تۆ نەبیت ئەوەی تر نابێت، تۆ و ئەوی تر بەیەکەوە ژیان جوان دەکەن. مرۆڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتیە و ناتوانێت بەبێ ئەوی تر بژێت. لەم دۆخەدا تەنها یەک ڕێگەت لەبەردەمە ئەویش خۆشەویستی.
بەدیلی خۆشەویستی بۆ دنیاییەکی وەها کارەساتە.