لەسەر ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاڵدار خەلیل ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر بمینن سوود لە مانەوەیان دەبینرێت، ئەگەریش ڕۆیشتن، گرنگ بەرخۆدانی گەلی ئێمەیە، هیوامان بە هێزی دەرەکی نەبەستووە.
کۆشکی سپی و ئیدارەی ترامپ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند، ئەرکی هێزەکانیان لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆتایی پێهاتووە و هێزەکانیان دەکشێننەوە، لەسەر ئەو بابەتە، ئاڵدار خەلیل بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک- تەڤ-دەم، بۆ ئاژانسی هاوار قسەیکردووە.
ئاڵدار خەلیل وتی:”بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێپەر دەبین، بۆیە پێویستە هەڵسەنگاندنی باشی بۆ بکەین، ماوەیەک لەمەوبەر ئەردۆغان هەڕەشەی لە بەڕێوەبەریی و ئەزموونەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، پێشتر پشتیوانی داعیشی کرد بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانی و هێرشی کردە سەر کانتۆنی عفرین، هەموو ڕێگایەکی سیاسی و دیپلۆماسی گرتووەتەبەر لە پێناو شکستهێنان بە شۆڕشی باکوری سوریا”.
خەلیل جەختیشی کردەوە، هیچ ڕۆژێک نەیانوتووە لەڕێگەی هێزی دەرەکییەوە خۆیان دەپارێزن، یاخود بە پشتیوانی دەرەوە شۆڕشەکەیان سەردەخەن، بەڵکو هەموو پشتیوانییەکیان لەسەر خودی خۆیان بووە، بە هاوکاریی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەش شۆڕشیان تا ئێستاش بەردەوامە.
ئاڵدار خەلیل لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت: ئەردوغان بەو هەڕەشانە هەوڵ دەدات گورز لە دەستکەوتەکانی گەلانی کورد، عەرەب و سوریانی بوەشێنێت، لەبەرامبەردا پێویستە فشار دروستبکرێت لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مەدەنییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی هەڕەشەکانی ئەردۆغان لەسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
دەربارەی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، ئاڵدار خەلیل، وتی: کات و چوونیەتی کشانەوە تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، ئەگەر بمینن سوود لە مانەوەیان دەگیرێت، ئەگەریش ڕۆیشتن، گرنگ بەرخۆدانی گەلی ئێمەیە، هیوامان بە هێزی دەرەکی نەبەستووە.
لە کۆتایی وتەکانیدا ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاندووە، کە ڕێکخستن و هێزە سەربازییەکانیان لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا توانای بەرگری و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئەردۆغانی هەیە.