وەزارەتی پلاندانانی عیراق تەمەنی دانیشتوانی عیراقی ئاشكرا كردوو بەپێی ئەو داتایانەشی بڵاویكردووەتەوە چینی منداڵان زۆرینەن و زیاتر لە 15 ملیۆن پێكدەهێنن.
لەوبارەیەوە عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەدا، كە منداڵان زۆرینەی دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنن و ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان یەك رۆژ بۆ 14 ساڵیدایە، 15 ملیۆن و 500 هەزار كەسن، ئەوەش بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی دەزگای ناوەندی بۆ سەرژمێری لەساڵی 2018دا ئەنجامی داوە.
رونیشیكردۆتەوە، لەو ژمارەیە، تەمەنەكانی یەك رۆژ بۆ 5 ساڵ زۆرترینن و 5 ملیۆن و 594 هەزار منداڵن، دوای ئەوەش منداڵانی نێوان 5 بۆ 9 ساڵە، كە 5 ملیۆن و 200 هەزارن، ئەوانەشی لەنێوان 10 بۆ 14 ساڵیدان كەمترینن و 4 ملیۆن و 600 هەزار منداڵن.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، تەمەنی 15 بۆ 39 ساڵ لە پلەی دووەمدا دێن كە 15 ملیۆن و 240 هەزار كەسن، نزیكەی 4 ملیۆنی لەنێوان 15 بۆ 19 ساڵن، 3 ملیۆن و 530 هەزار كەس لەنێوان 20 بۆ 24 ساڵن، هەروەها دوو ملیۆن و 850 هەزار كەسیش لەنێوان 25 بۆ 29 ساڵن، ئەوەش كە دەمێنێتەوە دوو ملیۆن و 560 هەزار كەسن و لەنێوان 30 بۆ 34 ساڵیدان، ئەوانەشی لەنێوان 35 بۆ 39 ساڵدان ژمارەیان دوو ملیۆن و 250 هەزار كەسە.
عەبدولزەهرە هنداوی ئاشكراشیكردوە، لەعیراقدا 5 ملیۆن و 650 هەزار كەس تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 59 ساڵیدایە، هەروەها ئەوانەشی لە 60 ساڵ بەرەو سەرەوەن ژمارەیان 1 ملیۆن و 899 هەزار كەسە، بۆیە بەپێی دیمۆگرافی كۆمەڵگەی عیراق بە كۆمەڵگەیەكی گەنج و چالاك و ئابوری دادەنرێت، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی عیراق لەسەروو 38 ملیۆن كەسەوەیە، كە 19 ملیۆن و 261 هەزاری رەگەزی نێرن و 18 ملیۆن و 863 هەزاریش رەگەز مێن، 26 ملیۆن و 630 هەزار كەسی لەناو شارستانیەكان دەژین، كە 70 پێكدەهێنن لەكاتێكدا 11 ملیۆن و 500 هەزار كەس لەناوچە گوندنشینەكان دەژین.