وەك نەریتێکی ساڵانە رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە کۆنفڕانسێکی هەواڵیدا پلەبەندی وڵاتانی بۆ ئازادی رۆژنامەوانی بڵاوکردەوە.
پلەبەندییەکە ١٨٠ وڵاتی لەخۆگرتووە، نەرویج یەکەمین وڵاتە کە رۆژنامەوانان لە باشترین بارودۆخدان و هیچ پێشێلکارییەکیان بەرامبەر نەکراوە.
کۆریای باکور دوایین وڵاتە و بە پێى پلەبەندی رێکخراوەکە هیچ کارێکی رۆژنامەوانی ئازادی تێدا نییە.
عێراق و هەرێمی کوردسان لە لیستی سووردان و لە پلەی ١٥٨دان، ئەوەش بەو واتایە دێت کە رەوشی رۆژنامەنوسان لە مەترسیدایە.
لە رابردووشدا چەندین جار پەیامنێرانی بێسنوور بەیاننامەی تایبەت بە هەرێمی کوردستانیان دەرکردوە و رەخنەی لە حکومەتی هەرێم گرتووە سەربارەت بە بەردەوامی پێشێلکارییەکان دژ بە رۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستاندا.
ڤێرجینی دۆنگلێ سکرتێری دیسکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند “بەپێى پلەبەندییەکە رەوشی رۆژنامەنوسان لە بەشێك لە وڵاتە دیموکراسییەکانیشدا ئەمساڵ بەرەو خراپی چووە، ئەمریکا لەچاو ساڵی رابردوو دوو پلە دابەزیوە و لە پلەی ٤٣میندایە و فەڕەنساش لە پلەی ٣٩یەمین دایە”.
کردیستۆف دولوار سکرتێری گشتیی پەیامنێرانی بێسنوور رەخنەی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە و رەوشی میدیایی ئەو وڵاتەی بە “زۆر مەترسیدار” ناوبردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە تورکیا لە ریزبەندییەکەدا لە پلەی ١٥٥دایە و لە لیستی سوور دایە، تەنیا سێ وڵات لەپێش عێراقەوەیە.
ئێران لە پلەی ١٦٩ و سوریاش لە پلەی ١٧٧مین دایە.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە. ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن چەند رۆژنامەوانێکی فەڕەنسی لە پاریسی پەیاتەختی ئەو وڵاتە دامەزراوە، ئەرکی سەرەکی رێکخراوەکە داکۆکیکردنە لە ئازادیی رادەربڕین و بەدەستهێنان و بڵاوکردنەوەی زانیاریی.
ڕێکخراوەکە ١١٥ پەیامنێری لە ١١٥ وڵاتدا هەیە کە رۆژانە لەبارەی رەوشی رۆژنامەوانان و پێشێلکارییەکانەوە زانیارى دەدەنە ڕێکخراوەکەیان.