لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ ته‌ڤگه‌ری ئازادی: له‌سه‌ر داخستنی باره‌گاكانمان ده‌توانین له‌دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا تۆماربكه‌ین

ته‌ڤگه‌ری ئازادی: له‌سه‌ر داخستنی باره‌گاكانمان ده‌توانین له‌دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا تۆماربكه‌ین

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان

وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رایگه‌یاند؛ دەتوانن لەسەر بڕیاری داخستنی بارەگاکانیان له‌هه‌رێم، لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار بکەن، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت بەهاوکاری دۆستانیان بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن.

دوای ئەوەی لە به‌شێك له‌شارۆچکه‌كانی پارێزگای سلێمانی و سنورەکانی ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین چەند بارەگایاکەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان داخران، وتەبێژی تەڤگەر رایگه‌یاند؛ ده‌توانن لەدادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای یاساسیی تۆمار بکەن.

تارا حسێن، وته‌بێژی ته‌ڤگه‌ری ئازادی به‌ ماڵپه‌ڕی رۆژنیوز-ی راگه‌یاندوه‌”پارێزەکانمان هەموکات بەدواداچونیان بۆ داواکاریی وەرگرتنی مۆڵەت کردوە، ئێمە ئامادەین کە بچین لەگەڵ بریکاری وەزارەتی ناوخۆ دابنیشین و ژمارەی ئەو نوسراوانەی بۆ ببەین، کە داوای وەرگرتنی مۆڵەتمان کردوە، ئامادەین هەنگاو بە هەنگاوی هەوڵەکانیشمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان بخەینەڕو، لەمەودواش بەدواداچون دەکەینەوە و پێداگریی دەکەین بۆ ئەوەی دوابڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بزانین.”

وتوشیه‌تی”ئێمە دەتوانین سکالا لە دادگای فیدراڵیی عێراق تۆمار بکەین، هه‌روه‌ها کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە داواکاردنی وەرگرتنی مۆڵەتی پارتە سیاسییەکان لەوێوە دەستپێدەکات، ئێمەش لەوێوە کارمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت کردوە، ئەوانیش لە بەدواداچوندان لەسەر ئەو بابەتە.”

به‌قسه‌ی تارا حسێن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشەوە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانیانەوە و دەربارەی ئامانجەکەش وتویه‌تی”بۆ ئەوەیە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، کە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی بە سەرەوەریی عێراق نییە و نایەوێت حساب بۆ یاساکانی حکومەتی عێراق بکات.”

وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ئاماژەی بەوەکردوه‌، کە ئەوان پێیان وایە پیلانگێڕییەک لەسەر هەڵوێستی نیشتمانیی و هێڵی تێکۆشانی ئازادیی هەیە و وتوشیه‌تی”وڵاتانی زلهێزیش بەشێکن لەو پیلانگێڕییە، فشارێکی هەرێمیش لەسەر هێڵی تێکۆشانی ئازادییە، تەڤگەری ئازادییش هێزێک بوە نە گرێدراوی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەر بوە، نە سازشی کردوە لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان و عێراق، هۆکاری ئاستەنگکردنی کارەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی سیاسەتکردنی تەڤگەری ئازادیی.”

لەکۆتاییدا وتویه‌تی”کۆمەڵێک لە کەسایەتیی و پەرلەمانتاران و دۆستانی ئێمە لەناو پارتە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بەشێوەی گفتوگۆ ئێمە بگەینە چارەسەر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان، هەمومان هەوڵدەدەین بەشێوەیەکی دپلۆماتییانە چارەسەری بکەین.”

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە