هاوشانی قه‌یرانی دارایی‌و نه‌بونی موچه‌و خراپی كاره‌باو ده‌یان قه‌یرانی دیكه، گرانی نرخی به‌نزینیش بارێكی گرانی دیكه‌یه به‌سه‌ر شانی هاوڵاتیانه‌وه، كه حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی زیادكردنی نرخی به‌نزینه‌وه ده‌یه‌وێت خه‌زێنه‌كه‌ی گه‌رمكاته‌وه، به‌و پێیه‌ی له2014 دا نرخی به‌نزینی له500 دیناره‌وه كرده 900 دینار‌و به‌رێژه‌ی 45% نرخه‌كه‌ی زیاد كرد له‌كاتێكدا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ئاستی جیهاندا زیاتر له 100 دۆلار بو له‌ئێستادا كه نرخی به‌رمیلێك نه‌وت بۆ خوار 50 دۆلار دابه‌زیوه حكومه‌ت نرخی لیترێك به‌نزین به‌ڕێژه‌ی 20 % دابه‌زاندوه، ئه‌مه له كاتێكدایه نرخی تێچوی لیترێك به‌نزین ته‌نها 400 دیناره، به‌و پێیه‌ش حكومه‌ت له‌هه‌ر لیترێك 300 دینار خێر له‌شوفێران وه‌رده‌گرێت، گرانی نرخی به‌نزین له‌كاتێكدایه كه حكومه‌تی هه‌رێم رۆژانه400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه ده‌كات.
گرانی نرخی به‌نزین
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی رابردودا نرخی یه‌ك لیتر به‌نزینی له500 دیناره‌وه كرده 900 دینار، به‌و پێیه‌ی ته‌نها له‌یه‌ك لیتردا 400 دینار زیاده‌ی له‌شوفیران سه‌ندوه، له‌كاتێكدا له‌پارێزگاكانی عێراق لیتری به450 دیناربو، به‌و پێیه‌ش ئه‌گه‌ر شوفێرێك پێشتر 50 لیتر به‌نزینی وه‌رگرتبێت بایی 45 هه‌زار دیناره كه پێشتر نرخی لیتریك به500 دینار بو ده‌یكرده 25 هه‌زار دینار، به‌و پێیه‌ش حكومه‌ت له‌هه‌ر شۆفێریك هه‌فتانه20 هه‌زارو مانگانه 80 هه‌زار دینار زیاتر له‌شوفێران وه‌رده‌گرێت.
به‌و پێیه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان (یه‌ك ملیۆن‌و 281 هه‌زارو 329) ئۆتۆمبیل هه‌یه، دابه‌ش بون به‌سه‌ر (ئۆتۆمبیلی تایبه‌ت 617هه‌زارو 141 ، ئۆتۆمبیلی كرێ 81 هه‌زارو 266 ، ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگر 303 هه‌زارو 678، ئۆتۆمبیلی كشتوكاڵ 22 هه‌زارو 237 بیناسازی 16 هه‌زارو 342، ئۆتۆمبێله‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم (كارتی زانیاری (135 هه‌زار).
واتا ئۆتۆمبیلی كرێ كه پاس‌و ته‌كسی ده‌گرێته‌وه ژماره‌یان (81 هه‌زارو 266) ئۆتۆمبیله به‌نزین به500 دینار وه‌رده‌گرن كه ده‌كاته ته‌نها 7%ی ئۆتۆمبیله‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام (یه‌ك ملیۆن‌و 94 هه‌زارو 671) ئۆتۆمبیل لیتری به(900) دینار وه‌رده‌گرن كه ده‌كاته 93%ی ئۆتۆمبیله‌كانی كوردستان. واتا ئه‌گه‌ر هه‌ر ئۆتۆمبیله‌ی هه‌فتانه 50 لیتر وه‌ربگرێت ئه‌وا مانگانه حكومه‌ت زیاتر له(87 ملیار و 573 ملیۆن دینار) زیاده له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گرێت.
رۆژانه هه‌رێمی كوردستان پێویستی به(6 ملیۆن و 500 هه‌زار لیتر) به‌نزین، به‌جۆرێك پارێزگای هه‌ولێر رۆژانه پێویستی به(2 ملیۆن و 600 هه‌زار لیتر)و سلێمانی پێویستی به(2 ملیۆن‌و 300 هه‌زار لیتر)و دهۆك پێویستی به(یه‌ك ملیۆن‌و 500 هه‌زار لیتر).
له‌و رێژه‌یه (448000) لیتری به500 دیناره واتا ته‌نها 7% و (5 ملیۆن‌و 952 هه‌زار لیتری) به 900 دینار ده‌درێت به‌شوفێران واتا 93%، واتا حكومه‌تی هه‌رێم كه‌مترین رێژه‌ی به‌نزین به500 دینار ده‌داته شوفێران.
تێچوی نرخی به‌نزین
لێكدانه‌وه‌كه‌ی بۆ تێچوی به‌رمیلێك به‌نزین له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم رای جیاوازی شاره‌زایانی لێكه‌وتۆته‌وه، به‌وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی‌و ئابوری په‌رله‌مانی كوردستان، تێچوی لیترێك به‌نزین ته‌نها 400 دیناره به‌و پێیه‌ی تێچوی به‌رمیلیك 30دۆلار ده‌درێت به كۆمپانیای به‌رهه‌مهێن. 17 دۆلار له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌درێت به‌پاڵاوگه ٣ دۆلاریش كرێی گواستنه‌وه‌یه. واته ٣٠ + ١٧ + ٣ = ٥٠ دۆلار. پاشان ٥٠ دۆلاره‌كه دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر153 لیتر (كه بریتیه له ژماره‌ی لیتر بۆ هه‌ر به‌رمیلێك پاش پاڵاوتن) تاكو نرخی یه‌ك لیتر ده‌ست بكه‌وێت كه 33 سه‌نته. كه ده‌كاته 400 دینار بۆ هه‌ر لیترێك به‌نزین.
به‌ڵام وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كی پێشوتریدا رایگه‌یاندبو كه نرخی لیترێك به‌نزین زیاتر له1700 دینار ده‌وه‌ستێت، به‌و پێیه‌ی تێچوی كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان زۆر زیاتره له30 دۆلار بۆ به‌رمیلێك له نه‌وتی خاو، سامانه سروشتیه‌كان پێی وایه كۆی تێچونه‌كان پێویسته به(150) دۆلار بۆ به‌رمیلێك حساب بكرێت نه‌ك 50 دۆلار بۆ به‌رمێلێك، چونكه ده‌بێت 100 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك زیاد بكه‌یت، چونكه به‌غدا له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم حسابی ده‌كات وه‌ك نرخی بازاڕ له‌به‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م نه‌وته ئه‌مه‌ش نرخی لیترێك سێ ئه‌وه‌نده زیاتر ده‌كات بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رئه‌وه، پوخته‌ی تێچوی بنه‌ڕه‌تی بۆ به‌رمیلێك به‌نزین بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌بێت لای وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان: ١٥٢ + ٣٠–٧٠= ١١٢ دۆلار (٩٠٠ دینار بۆ لیترێك، به گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی كه ١٥٩ لیتر هه‌یه له‌به‌رمیلێكدا). سه‌رباری ئه‌وه، دوباره ده‌بێت ١٠٠ دۆلاری تر بۆ هه‌ر به‌رمیلێك زیاد بكرێت بۆ ئه‌و ژماره‌یه‌ی سه‌ره‌وه، چونكه به‌غدا داوای ده‌كات له‌حكومه‌تی هه‌رێم و له‌بودجه‌ی هه‌رێمی ده‌بڕێت، ئه‌مه‌ش تێچوی به‌رمیلێك له‌به‌رهه‌مه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته ٢١٢دۆلار، واته ١٧٠٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێك، ئه‌مه لێكدانه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانه. كه پێی وایه تێچوی لیترێك به‌نزین 1700 دینار له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌وێت به‌ڵام به وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نها 400 دیناری تێده‌چێت.
دابه‌زینی نرخی به‌نزین
له‌ئێستادا دابه‌زینی نرخی لیترێك به‌نزین بۆ700 دینار نرخێكی زۆره‌و حكومه‌ت قازانجێكی زۆر له به‌نزین ده‌كات به‌و پێیه‌ی ئه‌گه‌ر تێچوی لیترێك به‌نزین 400 دینار بێت ئه‌وا حكومه‌ت 300 دینار قازانج له‌شوفێران ده‌ستێنێت، به‌و پێیه‌یش له‌و زیاده‌یه حكومه‌ت رۆژی (1 ملیار‌و 785 ملیۆن دینار) زیاده له‌شوفێران وه‌رده‌گرێت، مانگانه ده‌كاته(53 ملیار‌و 568 ملیۆن دینار).
دابه‌زینی نرخی به‌نزین له900 دیناره‌وه بۆ 700 دینار واتا دابه‌زاندنه‌كه ته‌نها به‌رێژه‌ی 20% له‌كاتێكدا حكومه‌ت پێشتر نرخی لیترێك به‌نزینی له500 دیناره‌وه كرد به900 دینار به‌ڕێژه‌ی 45% زیادی كرد، به جۆرێك له‌وكاته‌دا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌سه‌رو 100 دۆلاره‌وه بو به‌ڵام له‌ئێستادا نرخی به‌رمیلێك له‌خوار 50 دۆلاره‌وه، واتا نرخی نه‌وت به‌رێژه‌ی 50% دابه‌زیوه به‌ڵام حكومه‌ت 20% نرخی به‌نزینی دابه‌زاندوه بۆیه حكومه‌ت له‌ئێستادا ئه‌و قازانجه‌ی له700 دیناره‌كه ده‌یكات له900 دیناره‌كه نه‌یده‌كرد به‌هۆی دابه‌زینی نرخی به‌رمیلیك نه‌وت له‌ئاستی جیهاندا.
دابه‌زینی نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ئاستی جیهان بۆ خوار 50 دۆلار نرخی لیترێك به‌نزینی له‌ته‌واوی جیهان دابه‌زاندوه، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كه خۆی خاوه‌نی نه‌وته‌كه‌شه به‌ڵام كاتێك نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ئاستی جیهان داده‌به‌زێت ئه‌و نرخی لیترێك به‌نزین به‌رز ده‌كاته‌وه، بۆ نمونه له‌وڵاتی سوید كاتێ نرخی نه‌وت له‌ئاستی جیهان دابه‌زی به‌رێژه‌ی نرخی لیترێك به‌نزینی دابه‌زاند به‌و پێیه‌ی سوید لیتریك به‌نزین له15 كرۆن بۆ 12 كرۆن دابه‌زاند واتا 3 كرۆنی دابه‌زاند به‌رێژه‌ی 20% بۆ هه‌ر لیترێك، له‌به‌ریتانیا لیترێك به‌نزین له 1.33 پاوه‌نده‌وه بۆ 1 پاوه‌ند دابه‌زێنرا به‌رێژه‌ی 25%. به‌ڵام له‌مانگی 9ی2014دا له‌هه‌رێمی كوردستان كه سه‌ره‌تای دابه‌زاندنی نرخی نه‌وت بو له‌جیهاندا هه‌رێمی كوردستان نرخی لیترێك به‌نزینی به‌رێژه‌ی 45% به‌رزكرده‌وه.
له‌م دۆخه‌ی ئه‌مڕۆدا كه هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕوی ده‌یان قه‌یرانی گه‌وره بۆته‌وه‌و ته‌واوی ئه‌ركه‌كه‌ش له‌سه‌ر شانی هاوڵاتیانه، له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پێویست بو كه باری سه‌رشانی هاوڵاتیان ئاسان بكات، موچه نادات‌و نرخی به‌نزین گران ده‌كات كه دو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ن، بۆیه ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم نرخی به‌نزین هاوتای عێراق بكات كه نرخه‌كه‌ی 450 دیناره‌و گۆرانكاریشی به‌سه‌ردا نایه‌ت له‌هه‌مو بارودۆخێكدا، حكومه‌تی هه‌رێم كه خاوه‌نی نه‌وت نه‌بو نرخی لیترێك به‌نزین 450 دینار بو له‌ئێستادا كه رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌كات به‌نزین ده‌كاته 900 دینار‌و دواتریش 700 دینار، ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی هه‌مو رێسا‌و یاسایه‌كی ئابوریه له‌جیهاندا.