لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت دواچاوپێکەوتن لەگەڵ ژەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم، پێش کوژرانی

دواچاوپێکەوتن لەگەڵ ژەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم، پێش کوژرانی

0 تێبینییەکان 103 بینینەکان

وەرگێڕانی: سامان عەلی

ئەمە دەقی تەواوی ئەو چاوپێکەوتنەیە، کە ئێدوارد سەعب، لە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی، لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم پێش چوار ڕۆژ لە کوژرانی دامەزرێنەری کۆماری عێراق، سازی کردووە.

ئەو چاپە کە لە بنەڕەتدا لە چاوپێکەوتنەکە بڵاوکرایەوە، سانسۆر کرا بوو. بەڵام لەنامیلکەیەکدا کە دواتر بڵاو کرایەوە، بە تایبەتی لەو بەشەیدا کە باسی ئێدوارد سەعبی ڕۆژنامەنووسی تێدا بوو، چەند بەشێکی نوێی بۆ زیاد کران. شایانی باسە، دانیشتنی چاوپێکەوتنەکە هەشت کاژێری خایاند، بەڵام لە کۆتاییدا کورت کرایەوە بۆ بابەتێک، دەتوانرێت لە ماوەی نزیکەی نیو کاژێردا بخوێنرێتەوە.

هەروەها لە ڕێگەی گەڕان و بەدواداچوونەوە، چەند بەشێکی گوم و چەند بەشێکی دیکەمان دۆزییەوە، پێشتر سڕدرابوونەوە، بەم شێوەیە ئێستا دەتوانین نەک تەواوی چاوپێکەوتنەکە، بەڵکو زۆربەی بەشەکانی بخەینە ڕوو. بە هیوای سوود بۆ خوێنەرانی هێژا.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

پەیوەندییەکانی فەڕەنسا- عێراق، کە لە دوای تەنگژەی سوێس پچڕا، پەیتا پەیتا گەرم و گوڕییەکەی جارانی بۆ گەڕایەوە. سەردانی ئەکادیمییە فەڕەنسییەکانیش بۆ عێراق، بە بۆنەی ئاهەنگگێڕان بۆ یادی هەزار ساڵەی کندیی فەیلەسووف، لە ژێر دروشمی “پایتەختی مرۆڤایەتی و زانین”، دەستگیرۆیی سەرلەنوێ کردنەوەی کەناڵێکی پەیوەندیی لە نێوان دوو وڵاتەکەدا کرد.

ئێمە، لە ڕۆژنامەی لۆمۆند، لەو کەشە فرە دۆستانەیەدا، دەرفەتمان قۆستەوە و توانیمان، وەک یەکەمین نوێنەرانی ڕۆژنامەگەریی فەڕەنسی کە لەوەتەی شۆڕشی چواردەی تەموزەوە دەتوانن ئەو کارە بکەن، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم دا ساز بکەین.

شەوەکەم لە بەغدا، لەگەڵ ژەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم ڕۆژ کردەوە. گفتوگۆکانمان لە کاژێر نۆی شەو دەستی پێ کرد و، تا بەرەبەیان بەردەوام بوو.

ژەنەڕاڵ لە سەرەتادا بردینییە نووسینگە خاکییەکەی خۆی، لەوێ ڕاوەستا بوو و چاوەڕوانی هاتنی ئێمەی دەکرد. هەر لە یەکەم ساتەوە، سەرنجمدا عەبدولکەریم قاسم یەکەمجار تەماشای کەرەستەکانمانی کرد و، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا، پاشان سیمای خۆی بۆ زەردەخەنەی پێشوازیی گۆڕی و، دەستی بۆ تەوقەکردن درێژ کرد.

دیار بوو حەز بە ئامێرەکانی تۆمارکردن و، ژاوەژاوی کامێراکان و، ئەو چاوپێکەوتنانە ناکات، کە لەسەر کاغەز ئامادە کراون و دەخوێنرێنەوە. پیاوی گفتوگۆ و تێکەڵاوی بوو، نەک سیاسییەک کە وەڵامی ئامادە و حازری بۆ هەموو پرسیارەکان پێ بێت.

یەکەم باری سەرنجم لەبارەیەوە، لە یەک کاتدا لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بوو. قاسم شڵەژاو و ماندوو دەرکەوت و، شوێنەواری ڕوونی ئەو هەوڵی تیرۆرکردنەی پێوە دیار بوو کە تیایدا ڕزگاری بوو.

لە دەستی چەپیدا دەسەسڕێکی دەگووشی، وەک ئەوەی بیەوێت بە هۆیەوە کەمێک لەو ئازارەی کە هەیەتی بشکێنێت. وا دیار بوو یەکێک لە شانەکانی، هێشتا کاریگەریی زامەکانی پێوە ماوە. ئەو هەوڵی تیرۆرکردنە، کاریگەریی و شوێنەوارێکی قووڵی لەسەر بەجێ هێشت. هێشتا وزە و تینێکی بەرچاوی هەن، بەڵام شەکەتی و نیگەرانی بە ڕووخسارییەوە دەبینران.

لە کاتی ئاخاوتنیدا، دەستەکانی بەسەر شوێنی برینەکانیدا دەگێڕا، نیشانەکانی ئازار و بێزاریی پێوە دیار بوو.

کاتێک لە سەروبەندی ئەوەدا بووین پرسیاری یەکەم بکەین، عەبدولکەریم قاسم گۆڕا. لە سیمای کەسێکی زامدارەوە، گۆڕا بۆ کەسێکی بە سەرنج و ورد و توند و دیسپلینی لە بەجێهێنانی ئەرکدا، وەک بڵێیت ئەم وەرچەرخانە بەشێک بێت لەو سروشتەی کە هەیەتی.

هەستم کرد پێویستە کەش و دۆخەکە بسازێنم و سازگارتری بکەم. عەبدولکەریم قاسم پیاوی تێکەڵاوی و کۆڕ و کۆمەڵ بوو و، دەبوو وەک هاوڕێیەکی قسەی لەگەڵدا بکەم.

                                                    ئێدوارد سەعب

                                         ٥ی شوباتی ساڵی١٩٦٣

ئێدوارد سەعب: ئاخۆ خاترجەمیت؟ لە کەسێک دەچیت شەوانێکی دوورودرێژی بەبێ خەوتن بە ڕێ کردبێت.

عەبدولکەریم قاسم: زیاتر لە چوار ساڵە ئەوە حاڵی منە. دوو کاژێر یاخود سێ کاژێر خەوتن لە ڕۆژێکدا، بۆ من بووە بە شتێکی ئاسایی. لە سەرەتادا، بە هۆی دەرمانە ئازارشکێنەکانەوە، بە داخەوە زۆر دەخەوتم، ئەمەش تەواوی ڕۆژەکەمی لێ تێک دەدام. وای لێ دەکردم هەست بە تاوان بکەم، ئینجا بۆ پاشماوەی ڕۆژەکە سەر و دڵی دەگرتم، من تێدەگەم کە ئەمە، بۆ ئەوانەی لە دەوروبەرمن، کارکردن لەگەڵم سەخت و گران دەکات.

هەر بۆیە لە خەمی ئەوەدام دووبارە نەبێتەوە. چونکە ژیان کورتە هاوڕێ. کاری زۆر هەن پێویستە بکرێن و، کاژێرەکانی ڕۆژ بەشی بەجێهێنانی هەموو شتێک ناکەن.”

لە پاش ئەوە، پشووی دا. کەمێک لەو توندییەی ‌هێور بووەوە کە هەیبوو. منیش هەستم کرد کەشەکە خۆش و لەبار بوو.

عەبدولکەریم قاسم، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەرەکاندا، ئەرشیفی کاپتن سەعید نوریی پاشکۆی ڕۆژنامەوانیی خۆی پیشاندام. چایان بۆ هێناین. گفتوگۆکە پێی نایە کەشێکی سادەتر و کەم پارێزانەترەوە.

دەرفەتم قۆستەوە وای لێ بکەم زیاتر ئارخەیان بێت. کاغەز و نووسراوەکانی خۆمم خستە ئەولاوە و، ئانیشکم خستە سەر ڕانم و، زیاتر لە عەبدولکەریم قاسم نزیک بوومەوە، کە لە بەرامبەرم دانیشتبوو.

ئێدوارد سەعب: ئێمە ناچار نین ئەم چاوپێکەوتنە وەک جاوپێکەوتنەکانی دیکە لێ بکەین. با پرسیارە فەڕمییەکان بخەینە ئەولاوە و، لەو بارەیەوە بدوێین کە تۆ دەتەوێت لەبارەیەوە بدوێین. چ شتێکت بە لاوە گرنگ و جێی بایەخە؟

عەبدولکەریم قاسم: چ شتێکم بە لاوە گرنگە؟ پێشتر کەس ئەو پرسیارەی لێ نەکردووم.

(عەبدولکەریم قاسم دەستی دەخاتە سەر دەمی).

بە ڕاستی، نازانم چی بڵێم. ئەوەی لای من گرنگە، ئەوەیە چۆن ڕەفتار لەگەڵ برای مرۆڤماندا بکەین. پێویستە بەرامبەر بە چەرمەسەرییەکانی خەڵکی تر هۆشیار بین و، لە ڕێگەی هاریکاریی نێودەوڵەتییەوە، بەشداریی لە گۆڕینی جیهاندا بۆ شوێنێکی باشتر بکەین و، هەژاریی قەڵاچۆ بکەین و، هەژاران لەدەست سووکایەتی و هەستکردن بە کەمی ئازاد بکەین.

ئێدوارد سەعب: بۆچی ئەو بەهایانە بە دیاریکراوی؟ سەرچاوەکەیان چییە؟

عەبدولکەریم قاسم: من پاشخانێکی زۆر خاکەڕام هەیە. باوکم پیاوێک بوو، لە نێوان جووتیاری و کاری سەختی تاقەتپڕوکێندا، تا مردن خۆی هاڕی بوو. هەرچی سەبارەت بە دایکیشم هەیە، پێم وایە پیشەکەی پەروەردەکردنی من و خوشک و براکانم بوو. (عەبدولکەریم قاسم پێدەکەنێت).

گەورەترین مەینەتیی ژیانی، پێگەیاندنی من بوو. خوا لێی خۆش بێت. ژنێکی سادە بوو و، ئەو شتە بێزاری دەکرد کە دەیویست بە هۆی ئەو زانین و خوێندەوارییە سنووردارەیەوە کە هەیبوو، من پێبگەیەنێت، چونکە من کوڕیژگەیەکی لاسار بووم.

منداڵێکیش کە تەنها بەزم و ئاژاوەنانەوە و یاریکردن خەریکی دەکات، ڕامکردنی سەختە. بۆ ئەوەی ڕاشکاویش بم، ئەمە گەورەترین پەشیمانییە لە ژیانمدا: گرنگیم بە خوێندنەکەم نەدا و، بە گوێی دایکمم نەکرد.

ئێستا، کە من پیاوێکی بە تەمەن گەورەترم، هەست دەکەم وەک مرۆڤ مرۆڤێکی پێگەیشتوو نیم. هەر بۆیە دەڵێم ئەم شتە لە هەر شتێک بە نرخترە کە کەمێک پێش ئێستا باسم کرد. چونکە من ناتوانم ئەوە بەسەر گەلی عێراقدا بسەپێنم لەپێناو هەمان ئەو بەهایانەدا تێبکۆشێت کە من بڕوام پێیانە، ئەگەر بە پێی پێویست خوێندەوار نەبێت تا لە دەوروبەری خۆی تێ بگات.

فێرکردن و خوێندن بەهێزترین چەکە لە دژی ستەم و، ئیمپریالیزم و هەژاریی و بەدەستهێنانی مرۆڤبوون. هەر بۆیە من زیاتر گرنگیم بە دروستکردنی قوتابخانە بۆ منداڵان و، نەهێشتنی نەخوێندەواریی لەناو گەورەساڵاندا داوە. تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانەمان دروست کردووە.

(عەبدولکەریم قاسم ئاماژە بۆ سەرۆکی ئەرکانەکەی دەکات و داوای لێ دەکات بەڵگەنامەکان بخاتە ڕوو).

نامەوێت هیچ منداڵێک ئەو هەستەی هەبێت کە ئێستا من هەمە، یاخود ئەو هەستەی کە دایکم لە کاتی گۆشکردنمدا هەیبوو.

فێرکردن و خوێندن بۆ هەمووان مافێکی مرۆییە مشتومڕ هەڵناگرێت. ئەمە هەژاران لە گەورەساڵانیش دەگرێتەوە، نەک تەنها نەوەکانی داهاتووی عێراق.

لە ڕابووردوودا فێرکردن و خوێندن وەک چەکێک لە دژی گەلی عێراق بەکاردەهێنرا. تەنها دەدرا بە بەختەکان، بەڵام چینەکانی خوارەوە لە پەراوێزدا بەجێ دەهێڵران، تا بەردەوام ملکەچی خاوەن ماف و دەسەڵات بمێننەوە.

ئێدوارد سەعب: تێبینی دەکەم ئەم بابەتە لە زەردەخەنەوە بردتی بۆ تووڕەیی کاتێک درێژە بە لێدوان لەبارەیەوە دەدەیت. پێدەچێت تووڕە بیت، یان کەم تا زۆر لە کەسێک دەچیت هەڕەشە بکات. من بەش بە حاڵی خۆم هەست بەوە ناکەم هەڕەشەم لەسەرە، بەڵام لە جێی چینی بالا هەستی پێ دەکەم. ئەمە بۆچی؟

عەبدولکەریم قاسم: تکا دەکەم، هیچ بێزاریی و تووڕەبوونێک لە من دات نەگرێت. نووسینگەکەم هیی تۆیشە وەک چۆن هیی منیشە. ئارخەیان بە و، وا بزانە لە ماڵی خۆتانیت.

من داوای لێبووردن دەکەم ئەگەر دەنگم بەرز کردبێتەوە، بەڵام خراپ لێم تێ مەگە. من پیاوێکی پڕاگماتیم. بەڵێ، من نە تیۆریسێنم و، نە سیاسیم. بەڵام تا ئەو ڕادەیەش “سادە” نیم ڕێ بە پاشخانی خاکیم بدات سنوورەکانی لۆژیکی تەندروست ببەزێنێت.

من کەسێکی هەستناسک نیم و، دەتوانم وەک خەمساردیی سیاسییەک خەمساردانە رەفتار بکەم یاخود، دیارە ئەمە خراپتریشە، وەک خەمساردیی کەسێکی سەربازیی خەمساردانە ڕەفتار بکەم، وێڕای هەموو ئەو پەرۆشی و کەفوکوڵەی کە دەشێت لە بابەتەکانی لە نموونەی مرۆڤی سادەدا لە مندا ببینرێت.

بەڵام کاتێک فێرکردنی گەلەکەم لە سەنگی محەکدایە، بە شێوەیەکی خێرا و کاریگەر دەستپێشخەریی دەکەم.

ئەوە بە نموونە وەربگرە کە بەم دواییانە لە مانگرتنەکانی خوێندکاران لە زانکۆی بەغدا ڕوویدا. هەندێک لە خوێندکارەکان فەرمانبەرانی کارگێڕییان لە ژوورێکدا بەند کرد و دەرگایان لەسەر داخستن، لەبەر ئەوەی پێیان وا بوو ئەم فەرمانبەرانە “ڕاستڕەو” و “کۆنەپەرست”ن و “لە دژی یەکێتیی عەرەبن”.

من دەسبەجێ جووڵام. هێزی بێچەکم نارد و، خوێندکارە ئاژاوەچییەکانم ناچار کرد بگەڕێنەوە پۆلەکان و، فەرمانبەرەکان ئازاد بکرێن.

خاوەن مافە تایبەتەکان بەو چەشنە ڕەفتار دەکەن. خوێندنی هەمووان پەک دەخەن لەبەر ئەوەی بە موڵکی خۆیانی دەزانن. خوێندن و فێرکردن شتێکی بابەتییە. بە چ مافێک بە دڵی خۆت زیادکاریی و کەمکاریی دەکەیت؟ ئەوە چ جۆرە موڵکدارییەکە تۆ بەرامبەر بە خەڵکی دیکە هەستی پێ دەکەیت کە دەتەوێت دەست بەسەر بیر و مێشک و بیرکردنەوەکانیاندا بگریت؟

بە دڵی خۆت جیاواز بە، بەڵام ئەوەی کە بە زەبری هێزی جەستەیی خەڵک بێدەنگ بکەیت، مەگەر ئەقڵت لەدەستداوە؟

چاوم لێ بوو کتوپڕ بێدەنگ بوو. لەم کاتەدا لێوەکانی هێشتا دەجووڵان، دەتگوت لەبەرخۆیەوە هەندێک وشە دەڵێت نایەوێت ئێمە گوێمان لێیان بێت.

من دەستەواژەی: “بەر نەفرەتی خوا بکەون”م لە زاری هەڵگۆزی، چەناگەی توند و قورس دەبوو، دەتگوت تووڕەییەکە دەبێتە ئازار. هەستم کرد دەمارێک لە جەستەیدا، یاخود زامەکانی، بێزارییەکی ڕوونیان بۆ دروست کردبوو.

لەو کاتەدا بڕیارمدا گفتوگۆکە لە بەها تایبەتەکانی خۆی بەرەو کاروبار و پەیوەندییەکانی دەرەوە دوور بخەمەوە.

ئێدوارد سەعب: بمبەخشە. ئەم بابەتە زۆر گرنگە، بەڵام من وەک ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی، پێویستم بەوەیە لەبارەی ئەو شتانەوە پرسیار بکەم لە کاروبار و پەیوەندیی ناوخۆی عێراق تێدەپەڕن و، زیاتر دەچنە خانەی سیاسەتی دەرەکییەوە. با کەمێک باسی فەڕەنسا بکەین. سەبارەت بە پەیوەندیی عێراق لەگەڵ فەڕەنسا بۆچوونت چییە؟

عەبدولکەریم قاسم: هەمیشە لە نێوان عێراق و گەلی فەڕەنسیدا پەیوەندیی هەبووە. پێم وایە ئەم پەیوەندییانە هەرگیز نەدەبوو بپچڕێن.

بەڵام دۆزی جەزائیر ناکۆکی خستە نێوانمانەوە. ئێمە وەک گەلێک کە کاریگەریی ئیمپریالیزممان تاقی کردووەتەوە، دەبوو لایەنی خاوەنماف بگرین کە جەزائیرییەکانن.

هەر بۆیە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فەڕەنسی پچڕاند و، پەیوەندییەکەمان لەسەر ئاستێکی فەڕمی و بەڕێزدا هێشتەوە نەک گەرم و گوڕ، بەڵکو بەڕێز. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە پێمان خۆشە لە ڕێگەی نووسەران و لێکۆڵەرانەوە پەیوەندییەکە لەگەڵ فەڕەنسادا گرێ بدەینەوە، لە نموونەی ئەو نووسەر و لێکۆڵەرانەی کە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی کندی فەیلەسووف هاتوون بۆ بەغدا.

من گوتارەکانی هەردوو مامۆستا بێرک و بلاشیر و شێوازیان لە پەسندانی شارستانیی عێراق و بەشداریمان لە مرۆڤایەتیدا کاری زۆریان تێ کردم.

وایان لێ کردم هەست بە شتێک بکەم هەمیشە هەستم پێ کردووە، بەڵام دەمویست عێراقییەکانی دیکەش هەستی پێ بکەن؛ ئەو شتەش شانازیی و نازیینە بە شوناس و، پەرۆشییە بۆ ئەو شارستانییەک کە تێیدا هاوبەشین و ئەم ڕادەیە لە زانین و جوانی و مرۆڤایەتی پێشکەشی جیهان کردووە.

ئەو چەشنە لە شوناس، هێزێکی سەروو سروشتییە و، لە هەموو چەکێک بەهێزترە. گەلێک هەست بەو شتە بکات کە من هەستی پێ دەکەم، دەبێت بە گەلێکی نەبەز.

زۆرێک لە میللەتان شانازیی بە خۆیانەوە دەکەن، بەڵام میللەتی عێراق تاقە میللەتە ئەکادیمییەکان و لێکۆڵەرانی بیانی و بێگانەش ستایشی دەکەن. مانای وایە ئێمە تەنانەت پێویستمان بەوە نییە لەم بارەیەوە کێبەرکێی خەڵکی تر بکەین، چونکە ئەوە خەڵکی تر خۆیانن پێمان دەڵێن ئێمە وەک میللەت پایەمان بەرزترە.

ئێدوارد سەعب: فەڕەنسییەکان شارستانیی عێراق زۆر چاک دەناسن. ئێمە ماوەیەکی دوورودرێژ سەرسامی بەشداریی عێراق بووین لە جیهاندا و، ئەمە شتێکە گومانی تێدا نییە. بەڵام پێت وایە میللەتانی دیکەش بە هەمان شیوە سەرسامن؟

عەبدولکەریم قاسم: من ناتوانم هەمان شت سەبارەت بە بەریتانییەکان یاخود ئەمەریکییەکان بڵێم. ئەوان بە سروشتی خۆیان لووتبەرزن و، هەمیشە وەک گەلێکی کەمتر و خوارتر لە خۆیان ڕەفتاریان لەگەڵ ئێمەدا کردووە.

هەرچییەک لە وزە و توانایاندا هەبوو بۆ دەستگرتن بەسەر عێراق و پاراستنی باڵادەستییان بەسەر داهات و سامانەکانیدا، کردیان. بەم دواییانەش واشنتۆن بروسکەیەکی نارد، تیایدا بە زمانێکی نیمچە ڕاشکاو، هەڕەشە لە  دەوڵەتی عێراق دەکات، ئەگەر ئاراستەی خۆمان سەبارەت بە نەوت نەگۆڕین.

من بە تووڕەییەوە ئەو زمانەم ڕەتکردەوە. پێم گوتن سەردەمی هاشمییەکان بەسەرچوو و، کۆماری عێراق نابەزێت.

ئەوان دەتوانن من لەناو بەرن، بەڵام عێراق تاهەتایە نامرێت. ئێمە تەنانەت ئەگەر سەروەریی خۆیشمان لەدەست بدەین، لە دواییدا گەلەکەمان زوو بێت یان درەنگ بە دەستی دەهێنێتەوە. بەو چەشنەی مامۆستا فەڕەنسییەکانیش گوتیان، میللەتی عێراق نەمرە و، هەرگیز لەناو ناچێت.

دەشێت تاو نا تاوێک دەسەڵاتمان لەدەست دەربچێت، بەڵام هەمیشە جارێکی دیکە چارەنووسی خۆمان دەگرینەوە دەستی خۆمان. تا ئەو کاتەش کە  هەین، لە جیهاندا دەنگمان دەبێت و، لە خێر و چاکەی جیهاندا بەشداریی دەکەین.

ئێدوارد سەعب: وا دیارە هەست دەکەیت هەندێک لە دەوڵەتان بەرامبەر بە گەلەکەت لووتیان بەرزە و بە موڵکی خۆیانتان دەزانن. ئەمەش شتێکە جێی داخە. ئەی تۆ بە چ چاوێك تەماشای کووەیت دەکەیت؟

عەبدولکەریم قاسم: (قاسم پێکەنینێک کە لە قووڵایی ناخییەوە دێتە دەرەوە، پێدەکەنێت، دەتگوت پرسیارەکەی بە لاوە کتوپڕ بوو.)

دەزانم دەتەوێت چی بڵێیت، بەڵام پێم وا نییە لە سروشتی پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ کووەیت تێبگەیت.

بەڵێ، پەیوەندییەکانم لەگەڵ زلهێزەکان بە ترس و پارێز بووە. بەڵام چوومە دۆزەخ و لە دۆزەخ گەڕامەوە کاتێک مافی ڕەوای خۆمان سەبارەت بە کووەیت خستە ڕوو.

هەموو کێشەکانی عێراقی نوێ، لە ڕووی مێژووییەوە، لەگەڵ ئیمپریالیستەکاندا دەستی پێ کرد کاتێک مافی مێژوویی خۆمان سەبارەت بە کووەیت خستە ڕوو.

(لەم کاتەدا، عەبدولکەریم قاسم نامیلکەیەکی دایە دەستم بە ناونیشانی ڕاستی سەبارەت بە کووەیت، لەگەڵ نەخشەیەکی دێرینی میرنشینی کووەیتدا و، هێمای بۆ ئەو ڕووبەرە سەوزاییە پچووکەی باشووری عێراق کرد و، بە بەشە داگیرکراوەکەی نیشتمانی عێراق ناوی هێنا.) بە دەم ئەو کارەشەوە پرسیاری کرد:

ئەو بناغە مێژوویی یان هزریی یان ئابوورییە چییە وا دەکات کارێکی ژیرانە بێت وەک شانشینێک مامەڵە لەگەڵ ئەم میرنشینەدا بکرێت؟ ئێمە خۆمان بنچینەی هەموو نەتەوەیەک دەزانین- ئەی بنچینەی لەمێژینی کووەیت چییە؟ ئەی جۆری ئەو موڵکایەتییە چییە کە خێزانێک لەو ناوچەیەدا هەیەتی؟ پەیوەندیی چییە لەگەڵی؟ ئەوە چ جۆرە سەروەرییەکە؟

گەلەکەی تەنانەت ئاوی خواردنەوەیان نییە، کە مافێکی سەرەکیی مرۆڤە. تەنانەت ئەوەشیان نییە. بۆچی ئەو ئیمپریالیستانە بە جۆرێک ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکەن وەک ئەوەی کەمتر و لە خوارتر بن؟ بۆچی هەمان ئەو مافانەیان نەبێت کە هەر گەلێک کە لە وڵاتێکی شارستانیدا دەژی هەیەتی؟

ئێدوارد سەعب: ئەگەر پێت وایە کووەیت بەشێکی سروشتییە لە عێراق، بۆچی، با ناوی بنێین “ئازادکردنی کووەیت”، کووەیت ئازاد نەکرا، بەر لەوەی بەریتانییەکان بتوانن دەست وەربدەن؟

عەبدولکەریم قاسم: دەتەوێت ئەوان بەو شێوەیە پیشانم بدەن کە من هیتلەرێکی عەرەبیم؟ من هیتلەر نیم. ئەوەش ناکەم کە ئەو لە ئەوروپا کردی.

با ڕاشکاوبم لەگەڵت: “من فاشیست نیم”.

هیچ بیانوویەکیش نادەم بە دەست دوژمنەکانمەوە بەوە تۆمەتبارم بکەن. بەسەر هیچ گەلێکیشدا، تەنانەت ئەگەر پێشتر لێمان دزرا بێت، ئەوە ناسەپێنم کە ببێت بە بەشێک لە عێراق.

ئەوە ئەوان خۆیانن کە دەبێت بڕیار بدەن، نەک ئێمە. هەموو ئەو شتەی کە ئێمە دەمانەوێت، ئەوەیە کە ئەوان بزانن عێراق هەمیشە ئامادەیە پێشوازیی لە کوڕان و کچانی زەوتکراوی خۆی بکات، تا بگەڕێنەوە باوەشی میللەتی عێراق.

ئێدوارد سەعب: هەندێک پڕوپاگەندەمان بیست باسی ئەوە دەکەن بەریتانییەکان لە قۆناغێکدا ئامادە بوون سەبارەت بە کووەیت دانوستان لەگەڵ عێراق بکەن، بەڵام تۆ ڕازی نەبوویت. پێشنیازی ڕاپرسییەکیان کردبوو کتومت بەو جۆرەی تۆ باست کرد: خەڵک لە نێوان عێراق و کووەیتدا سەرپشک بکرێن.

عەبدولکەریم قاسم: ڕاستە. پروپاگەندە نییە.

بەڵام ئەمە بزانە: باڵوێزەکەی خاوەن شکۆ و، نوێنەرە نەناسراوەکانی دیکەی، دەیانتوانی هەمان شت سەبارەت مەککە بۆ سعودیە پێشنیاز بکەن.

ئەی ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ ڕاپرسییەک لە مەککە بکەین چی؟ خۆت دەزانیت شارەکە لە داهاتوودا دەبێت بە بەشێک لە هند. هاوڕێ، با ئێمە ساویلکە نەبین. ئێمە دەزانین لە مەککە ژمارەی عەرەب لە ژمارەی هندییەکان کەمترە.

کتومت هەر ئەمەشە ئەو هۆکارەی وای لە بەریتانییەکان کردووە پێشنیازی ڕاپرسی بکەن. چونکە کووەیتییە ڕەسەنەکان خەڵکی بەسرەن، لە ئێران و هندەوە نەهاتوون. بەریتانییەکان دەستکاریی پێکهاتەی دانیشتوانەکەیان کردووە و، ئێستاش دەیانەوێت لەبارەی کووەیتەوە ڕاپرسی بکەن.

ئێمە لە سەرەتادا شتەکەمان بە مایەی گاڵتەجاڕیی زانی، چونکە ئێمەی عێراقی شێوازی بەریتانی ئاشناین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە پێشنیازەکەمان تاووتوێ کرد.

بۆمان دەرکەوت ژمارەی نیوزیلەندییەکان و، ڕۆدیسییەکان و، پاکستانییەکان و، ئێرانییەکان، لە ژمارەی ئەو کووەیتییانە زیاترە کە لەوەتەی ساڵی١٩١٣وە لە کووەیت دەژین. ئێمە گەمژە نین. ئەوان بە ڕاستی خانەوادەی فەرمانڕەوایان کڕیوە و، پاشان کووەیتیان کردووە بە میرنشینێکی “سەربەخۆ”.

تەنها خاوەنداریی نەوت مانای ئەوە نییە تۆ خۆبەخۆ خاوەنی گەل و مێژوویەکیشیت. تۆ بۆ خۆیشت ئەوە دەزانیت. لەبەر ئەوە با ئێمە واز لەوە بهێنین و بەو شێوەیە خۆمان پیشان نەدەین کە پەیوەندیی عێراق لەگەڵ کووەیت وەک پەیوەندیی بەریتانیای مەزنە لەگەڵ عێراق.

ئێدوارد سەعب: کەواتە چۆن بتوانین باسی کووەیت بکەین، ئەگەر تۆ، بەو چەشنەی ناوت دەهێنن ئەو سەرکردەیەی لە بەزین نایەت، ناتوانیت کوردەکان لە ژێر بەرفەرمانیدا بهێڵیتەوە؟

عەبدولکەریم قاسم: جارێ پێش هەر شتێک، نابێت ئێمە تەواوی گەلێک بە گەزێک بپێوین. هەندێک لە کوردەکان پشتگیریی من دەکەن و، هەندێکیشیان پشتگیریم ناکەن.

هەرچی سەبارەت بەوانە هەیە کە پشتگیریم ناکەن، من ئەو مۆڵەتەم بۆ درێژ کردنەوە کە بۆ ئاگربەست و ڕادەستکردنی چەکەکانیان دراوە پێیان. هەروەها جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە زۆربەی هەرە زۆری کوردەکان کار و کردەوەکانی هەندێک لە ڕێکخستنە سیاسییەکانی خۆیان ڕەت دەکەنەوە.

زۆرێک لە جووتیارەکانیش هەست دەکەن لە ژێر هەڕەشەدان، لەبەر ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە هاوکاریی دەوڵەت دەکەن. وەک لایەنگریی بۆ حکوومەت تەماشای ئەم هاوکارییە دەکرێت، هەر بۆیە بە هۆیەوە هەرەشەیان لێ دەکرێت. هەندێکیشیان بە کردەوە و بە ڕاستی کوژران.

من مۆڵەتی هەموو مانگی ڕەمەزانم بۆ خۆبەدەستەوەدان داوە پێیان. وا هێشتا لە مانگی ڕەمەزانیشداین، لە ماوەی ئەم مانگە پیرۆزەدا، کە مانگی بەخشین و، برایەتیی نێوان هەموو میللەتانە پشت بە خوا، ٦٥٠ کەسیان بە پێشنیازەکەمان ڕازی بوون.

لەبەر ئەوە وا باسی کوردەکان مەکەن وەک ئەوەی جەستەیەکی یەکانگیر و یەکپارچە بن بە شێوازێکی هاوشێوەی وەک ئامێر هەڵبسوڕێن. ئەوانەی درێژە بە شەڕ دەدەن، خزمەتی دۆزی کورد ناکەن، بەڵکو خزمەتی ئیمپریالیزم دەکەن.

ئێدوارد سەعب: چۆنچۆنی؟ لە کاتێکدا ئەوان هەست دەکەن عێراق هێزێکی ئیمپریالیستییە داگیریان دەکات.

عەبدولکەریم قاسم: بەڵێ، ئەوان مافی خۆیانە بەو شێوەیە هەست بکەن کە دەیانەوێت. بەڵام بەکارهێنانی توندوتیژی و هێز، تەنها خزمەتی ستراتیژی ئەنگلۆ-ئەمەریکی دەکات، چونکە وا دەکات سوپای عێراق هەمیشە لە دەوروبەری سلێمانی کۆ ببێتەوە، لە بریی ئەوەی لە باشوور لە نزیک کووەیت کۆ ببێتەوە.

ئیمپریالیزم هەرچییەکی لە توانادا بێت بۆ تووڕەکردن و بێزارکردنی سوپای عێراق، کە لە دۆخی بەرگرییدا ماوەتەوە، دەیکات.

بۆ نموونە، لە ماوەی چەند ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕەمەزاندا، پێشنیازەکەمان بۆ ئاشتی سەرکەوتوو بوو، هەر بۆیە دەستمانکرد بە چڕکردنەوەی سەرگەرمییەکانمان لە سنووری کووەیت. بەڵام هەر لەگەڵ ئێمە ئەو هەنگاوەمان نا، دەسبەجێ ئەو کارەیان کرد کە لە هیچ موسوڵمانێک ناوەشێتەوە ئەگەر لە دەرەوەی عێراقەوە هان نەدرابێت.

هێرشێکی کوتوپڕیان کردە سەر ئەو سەربازانەی لە مانگی ڕەمەزاندا دەگەرانەوە بۆ ماڵەکانیان- سەربازانێک کە جلوبەرگی سڤیلیان لەبەردا بوو و دەگەڕانەوە بۆ لای خاووخێزانەکانیان. شتەکە زۆر ڕوونە لە هەموو جیهاندا هیچ کوردێکی سادە و ئاسایی نییە کاری لەو چەشنە بکات، ئەگەر لە لایەن هێزێکی دەرەکییەوە پاڵ نەنرابێت و نەوروژێنرابێت.

ئەمەریکییەکان و بەریتانییەکان دەیانەوێت سوپای عێراق پەلکێشی ململانێیەکی ناوخۆیی بکەن کە حکـوومەت نایەوێت بەشداریی تێدا بکات.

ئەوان بە نموونەی ئەو چەشنە کارە ناشیرینانە تووڕە و بێزارمان دەکەن، تا ئێمە کاری خراپتر لەگەڵ کوردەکاندا بکەین، لە کۆتاییشدا دێن و دەڵێن: “بڕوانن، گەلی عێراق کوردەکان کۆمەڵکوژ دەکات”.

وەک ئەوەی کوردەکان بەشێک نەبن لە دەوڵەت و سوپا و پۆلیس و چی و چیی ترمان. وەک ئەوەی کورد گەلێکی گومڕا و سەرگەردانی ناشارستانی، بێ هیچ بناغە و یاسا و پەیکەرەیەک بێت لە ناوچەکەی خۆیدا.

کوردەکان بەشێکن لە کۆماری عێراق، بە ئەوانەشەوە کە ئێستا شەڕمان لە دژ دەکەن. هێشتا دەرگا لەبەردەمیاندا کراوەیە.

ئێدوارد سەعب: ئەوەی کە تۆ دەیڵێیت- ئایا ناشێت زۆر بە سادەیی وەک بیردۆزێکی پیلانگێڕی ڕەت بکرێتەوە؟

عەبدولکەریم قاسم: هەر ناوێکی لێ دەنێیت لێی بنێ. ئێمە لەو بارەیەوە بەڵگەی ڕوونمان هەیە.

هەروەها ئەنداممان هەن لە عێراق کار دەکەن، هەندێکیان بێ ئەوەی پێ بزانێت و، وەک درێژکراوەیەکی دووری قەڵەمڕەوییەکی بێگانە ئەوە دەکەن.

بەڵام هاوڕێ، دواجار ئەم بابەتە لە ناوەڕۆکدا لەبەر من نییە، لەبەر سوریاش نییە کە هەموو هەفتەیەک کودەتایەک تێیدا ڕوو دەدات. (بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە وای گوت) لەبەر میسر یاخود کووەیتیش نییە.

هەموو ئەم شتانە لەبەر فەلەستینە. چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەر لە هەر شتێک، گرنگیی بە لەناوبردنی دۆزی فەلەستینی دەدات.

ئەگەر بتەوێت باسی بیردۆزەکانی پیلانگێڕییش بکەین، ئەو کات من ئەمەت پێ دەڵێم: لە ئێستادا شتێک لە ئارادایە، بۆ داهاتووش هەروەها، ئاماژە بۆ لەناوبردنی تەواوەتیی هەر دەوڵەتێک دەکات کە پشتیوانی لە فەلەستین دەکات، بەم شێوەیەش دۆزی فەلەستینی بە ئێجگاریی ڕیشەکێش دەکرێت.

واشنتۆن دەزانێت پێویستە لە سەرەتادا حکوومەتە پێشکەوتنخوازەکانی نەیاری ئیسرائیل لەناو بەرێت. هەروەها ئەمەریکییەکان بە کردەوە سوود لە هاودەستیی هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبی دەبینن و، ئەوەی ماوە جێبەجێی بکەن، تەنها بێلایەنکردنی ئەو وڵاتانەی دیکەن کە ماون.

هاوکات من پێم وایە ئەوان لە ئێستادا چاوی بایەخیان لەسەر سوریا و عێراقە. ئەو ئاستەنگی و دژوارییە ناوخۆییانەی لە ناوخۆی عێراقدا دروست دەکرێن، ئامانجیان دوورخستنەوەی سەرنجە لەسەر فەلەستین.

کووەیت و کوردەکان و چەپ و ڕاست و هۆزەکان و پیاوانی ئایینی- هەموو ئەم سەرئێشانە کە بەرۆکی منیان گرتووە، ئامانجیان دوورخستنەوەی سەرنجی منە لە فەلەستین.

چونکە ئەوە هەنگاوی دووەمی پاش نوێکردنەوەی عێراق دەبێت. من لە فەلەستین شەڕم کردووە و، ئەوانیش زۆر چاک ئەوە دەزانن.

ئێدوارد سەعب: باشە، ئەی دەربارەی سوریا چی؟

عەبدولکەریم قاسم: خۆت دەزانیت سورییەکان پشتگیری فەلەستین دەکەن. لەگەڵ یەکەم ئاماژەی ڕزگارکردنی فەلەستیندا، عێراق پاڵپشتییان دەکات و، ئەوانیش پاڵپشتیی ئێمە دەکەن.

هەروەها ئەوانیش وەکو ئێمە، لە ناوخۆوە لاواز دەکرێن و وێران دەکرێن. ئێمە هەموو بەکرێگیراوێکی بێگانە و، هەموو ئەو کەسانەش دەناسین کە لە عێراق و، تەنانەت لە سوریاش، کاری لەگەڵدا دەکەن.

من وەک سەرۆکی حکوومەت، بە دەستی خۆم لەناویان نابەم. دەسەڵاتی ئەوەم نییە. ئەمە ئەرکی دام و دەزگا لێپرسراوەکانی دەوڵەتە. ئەم دام و دەزگایانەش دەبێت لە سەرۆکی حکوومەت سەربەخۆ بمێنن، چونکە پێچەوانەی ئەمە، دەشێت پۆلیس و سوپا و هەواڵگریی، بکاتە میلیشیای تایبەتی سەرۆکی حکوومەت.

ئەوان دەزانن من ئەوە دەزانم، هەمیشە دەرفەتم بۆ تۆببەکردن پێ داون. من ئامادەی لێبووردنم، بەڵام بوار نادەم لێبووردەییم کەڵکی خراپ لێ وەربگیرێت و، ئەوانیش لەم خاڵە زۆر نزیک بوونەتەوە.

تاقە شتێک کە ڕێگرە لەوەی من ببم بە مایەی ئەوەی لە هەناسەدان بکەون، دانبەخۆداگرییە. خوا بۆ خۆی دەزانێت چەند جار ویستم لە پڕۆژەی دیموکراتیزەکردن دوور بکەومەوە و، ئەو شتە بکەم کە بە ڕاستی دەمویست بیکەم. بەڵام من نامەوێت پەرە بەو وێنەیە بدەم کە ئەوان دەیانەوێت لەبارەی منەوە دروستی بکەن.

ئێدوارد سەعب: ئەو وێنەیە چییە؟

عەبدولکەریم قاسم: هەندێک لە ئێستگەی ڕادیۆکان و ڕۆژنامەکانی دەوڵەتانێکی عەرەبیی دیاریکراو، بە سەرشێت و، توندوتیژی و، دیکتاتۆرییەت و، هەر بەدی و خراپەیەک کە دەشێت بیری لێ بکرێتەوە، تۆمەتبارم دەکەن.

من بەوە تووڕە و بێزار نابم، بەڵام ناشمەوێت بەشداریی تێدا بکەم. چونکە ئەوان تەنها بڕێک کەرەستە و داردەستن ئیمپریالیزم بۆ ئاژاوەنانەوە لە نێوان دەوڵەت عەرەبییەکان و، بەم پێیە بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەکان لەسەر دۆزە سەرەکییەکەمان وەک نەتەوەی عەرەب، بەکاریاندەهێنێت.

ئێدوارد سەعب: تێبینیم کرد باسی پڕۆژەیەک بۆ دیموکراتیزەکردنت کرد. ئایا ئێمە لێرەدا باسی گۆڕانکارییەکی دەستووریی و، هەڵبژاردن و، دەسەڵاتێکی یاسادانان دەکەین؟ ئایا پێشتریش، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابووردوودا، ناو بە ناو باسی ئەم شتانەت نەکردووە؟ ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا گەیشتووە کوێ؟

عەبدولکەریم قاسم: (سەری خۆی دەخات بە لادا و چاوەکانی پچووک دەکاتەوە.)

مەبەستت ئەوەیە من بەڵێنی خۆم نابەمە سەر؟ هاوڕێ، تەنها نموونەی حاڵەتێکم پێ بڵێ من بەڵێنی شتێکم دابێت و جێبەجێم نەکردبێت.

بڕۆ سەردانی “مدينة الثورة” بکە. لە١١ی حوزەيرانی ١٩٥٩، لە کۆنگرەی لاوانی دیموکراتی لە بەغدا، بەڵێنمدا دروستی دەکەم.

ئەو خەڵکانەی بەڵێنی شوێنی نیشتەجێبوونم پێ دان، گوتیان کابرا تێک چووە. تەنانەت هەژارەکان خۆیشیان، گوتیان کە منیش وەکو سیاسییەکانی دیکەی پێش خۆمم و، پڕۆژەکانیشم وەک بە ناو پڕۆژەکانی ئەوانە، کە تەنها کەمێکیان لێ جێبەجێ کرد.

ئەوێ ڕۆژێ لەبارەمەوە گوتیان خەودەبینم و ئەقڵم لەدەست داوە. بەڵام ئێستا هەموو کەسێک دەتوانێت بچێت ئەو شارە ببینێت کە ٣٥٠ هەزار لە خەڵکانی خاوەن مووچەیەکی کەم تیایدا نیشتەجێن. بەم زووانە باخچە گشتییەکانیش تەواو دەکرێن و، ڕێگەوبانە قیرتاوەکان لێ دەدرێن و، گۆمەکانی مەلەوانگەی گشتی دروست دەکرێن.

(عەبدولکەریم قاسم بانگی سەرۆکی ئەرکانەکەی دەکات لیستی هەموو ئەو پڕۆژانە بهێنێت کە لەوەتەی شۆڕشی ١٤ی تەموزەوە جێبەجێ کراون، کە قوتابخانە و، نەخۆشخانە و، کلینک و، خانووی دروستکراو لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا لەخۆ دەگرێت، پاشان لیستەکە فراوان دەکات و بەم شێوەیە بەنداوی دەربەندیخان و، ڕێگەوبانەکان و، نەخشە و پلانی شارستانی و، پەیکەرەکان و، پیشەسازییە نوێیەکان و، چاکسازیی کشتوکاڵ دەگرێتەوە. هەروەها دەڵێت هەموو ئەم پڕۆژانە بە گیانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جێبەجێ کراون و، دەشڵێت کە ڕژێم دوژمنایەتیی دەولەمەندەکان ناکات، مادەم ئەوان بەشداریی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی هەژاراندا دەکەن.)

ئێدوارد سەعب: باشە، من بڕوات پێ دەکەم. بەڵام ئەی سەبارەت بە دیموکراتیزەکردن چی؟ ئەمەی دەیڵێیت، چاکسازیکردن و نوێکردنەوە و ئەو شتانەیە، نەک دیموکراتیزەکردن.

عەبدولکەریم قاسم: ڕەوتی گۆڕانکاریی دەستووریی، بەر لە کۆتایی مانگی شوبات دەست پێ دەکات.

لە ئێستادا بە کردەوە لیژنەیەک لە شارەزایانمان هەڵبژاردووە، کە یاسایەکی بنەڕەتیی بۆ دیموکراتیزەکردن و چوارچێوەی هەڵبژاردنێکی نوێ جێگیر دەکات. هەروەها لیژنەکە بە دەقی چەند دەستوورێکی بیانی ساز و ئامادە دەکات، لە نموونەی دەستووری سویسری و، ئەڵمانی و، فەڕەنسی و، میسری و، سوری و بێجگە لە ئەوان.

هەروەها بە چەند دەستوورێکی مێژوویی ساز و ئامادە دەکرێت، تا بەشێک لە کتێبخانەیەک بۆ ڕێنمایی پێکبهێنێت.

لەو کاتەوە کە لیژنەکە پێکهێنراوە و، لە ڕێگەی ئەو گۆڕانکارییە قۆناغبەندانەوە کە دیارییان دەکات، لەگەڵ دەرچوونی هەر بڕیارێکدا من دەسەڵاتم نامێنێت. لە نزیک کۆتایی ساڵیش، من و هەر کەسایەتییەکی سەربازیی، لە دەرەوەی هەر پێگە و کورسییەکی سیاسیدا دەبین.

بە شێوەیەک لە شێوەکان و، سەرەتا لەم مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە کە تیایداین، پەیتا پەیتا دەسەڵاتم نامێنێت. بە شێوەیەک لە شێوەکانیش، ساڵی١٩٦٣، ساڵی ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق و، کۆتایی من دەبێت.

هەموو بیروڕا و پڕۆژەکانی خۆمم بەجێ هێنا و، لە ماوەی چوار ساڵدا جێبەجێم کردن. ئەمەش، لەم ساتەدا، کۆتایی هەموو نەیارانی عێراقە.

چونکە کاتێک من دەڕۆم و هەڵبژاردن دەکرێت، مانای وایە عێراق دەبێتە دیموکراتی و، ئەو کات من کۆتاییم بە سەردەمی دەستبەردارنەبوون لە کورسی هێناوە.

(عەبدولکەریم قاسم دەستی لە کورسییەکە توند دەکات تا مەبەستی خۆی لەو شتەی کە دەیڵێت ڕوون بکاتەوە).

هەموو دوژمنەکانم و، هەموو بەکرێگیراوانی هێزەکانی بێگانە، لەپێناو کورسیدا ئەو کارە دەکەن کە دەیکەن.

من بە یەک جار هەموویان بۆڕ دەدەم کاتێک لەسەری بەرز دەبمەوە و، لە بریی خۆم دیموکراتی دادەنێم.

وەختێکیش گەلی عێراق دەگاتە دەسەڵات، دۆزی ئیمپریالیزم بە شێوەیەکی خۆبەخۆ بۆڕ دەدرێت، چونکە میللەتی دیموکراتی نابەزێت.

بەبێ ئەوەی پێ بزانین، پێنج کاژێر گفتوگۆمان کردبوو.

پاش ئەوەی باسی کۆتایی خۆیشی کرد، هەستم کرد هەموو ئەو پرسیارە گرنگانەی نا بە لاوە کە دەمویست لێی بکەم. بە وردی و تێروتەسەلی و، هەنگاو بە هەنگاو، باسی پلانی دیمکراتیزەکردنی کرد.

بەم جۆرە عەبدولکەریم قاسم لە کەسێک دەچوو هەست بە پێویستییەکی جەستەیی نیمچە بە پەلە و پەرۆش بکات درێژە بە قسەکردن لەبارەی دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەوە بدات. لەو بارەیەشەوە زۆری لەسەر ڕۆیشت، بەڵام بە شێوەیەک باسی دەکرد، دەتگوت بووەتە سەردەمێکی پێگەیوو و، میراتییەکی سەر بە ڕابووردوو.

چەند جارێک بە ڕشتەی ڕابووردوو باسی خۆی کرد، وەک ئەوەی سەرۆک وەزیران نەمابێت.

ئێستا لێگەڕێن با شتێک ڕوون بکەمەوە: هیچ هەستێکی تایبەتم بەرامبەر بە عەبدولکەریم قاسم نییە. چونکە ئەو یەکێکە لەو کەسە زۆر و زەوەندانەی چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کردوون و، لە داهاتوودا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکەم.

بەڵام بۆچوونی بابەتیی من- کە زیاتر لە هەڵسەنگاندنەوە نزیکە وەک لە پوختە و دەرەنجامەوە- ئەمەیە: بۆچوونی مرۆڤ لەبارەی ئەو پیاوەوە هەرچۆنێک و هەرچییەک بێت کە جار لە دوای جار و بە درێژایی چوار ساڵ، کەوتنی شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، ڕاستییەکە ئەوەیە کە خۆی ڕاگرت و لە دەسەڵاتدا مایەوە.

بەڵام ئێستا، پێناچێت ئامانجی مانەوە بێت لە دەسەڵاتدا تا پلان و نەخشەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بەڵکو پێدەچێت لەوە قایل بێت کە کردوویەتی و، ئامادە بێت هەموو شتێک لە بیر بکات.

هەر بۆیە، بە ڕاستی من ناتوانم داهاتووی شیبکەمەوە. چونکە عەبدولکەریم قاسم وەک جاران شۆڕشگێڕ نەماوە، بەڵکو بووەتە ڕیفۆرمخواز و، چیی دیکە دیکتاتۆر نەماوە، بەڵکو بووەتە دیموکراتیخواز، پیاوێکە بڕوای بە پەیامی خۆی هەیە و، ئەو ڕادەیە لە هەستی پڕاگماتییانە کە هەیەتی، لە هیی زۆرێک لەو دەوڵەتمەدارە عەرەبانە زیاترە کە ڕقیان لێیەتی یاخود بەزەییان پیایدا دێتەوە.

پێم وایە شتەکە تێکەڵەیەک بوو لە هەردووکیان، بە پەردەی ئیرەیی داپۆشرا بوو.

لە کاژێر دووی پاش نیوە شەو، لە سیاسەت دوور کەوتینەوە.

تا کاژێر چوار و چل و پێنج خولەکی بەرەبەیان، باسی وەرزش و مۆسیقا و هونەر و ژیان، کورتە ساتە جوانەکانی ناوی و، نائومێدییە زۆرەکانیمان کردبوو.

لە دوو کاژێری کۆتاییدا، عەبدولکەریم قاسم تەنها دەیویست لەبارەی منەوە قسە بکات و، زیاتر بمناسێت. بۆ ئەوەی ڕاشکاویش بم، ئەگەر من بارودۆخەکان و نازناوەکان دابماڵم، ئێمە تەنها دوو پیاو بووین گفتوگۆمان دەکرد.

دەکرا هاوڕێی بوومایە. رەنگە لەم داوەرییەشمدا تاکڕەو بم، بەڵام زیاتر وەک یەکێک لە خۆمان هاتە بەر چاوم نەک وەک سەرۆکی حکوومەتێک. هەستم کرد هاوڕێیەکە.

کاتێک گوێم لە جریوەی چۆلەکە و پاساری بوو، زانیم کاتی ئەوە هاتووە ڕۆیشتن هاتووە.

تەوقەمان کرد، عەبدولکەریم قاسم پێی گوتم ئەمە یەکەمجارە هەست دەکات چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکە زیاتر لە گفتوگۆیەکی دۆستانە دەچوو وەک لە چاوپێکەوتن.

پاشان هیوای سەرکەوتنی لە کارەکەمدا بۆ خواستم و، داوا لێ کردم سڵاو و ڕێزی بگەیەنم بە کرێکارەکانی چاپخانەکانی لۆمۆند و گەلی فەڕەنسی.

سەرچاوە”ئاوێنە’

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە