ھەڵبژاردنەکانی نێو دەورەی ئەمریکا کە لە دوای دوو ساڵ لە دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ بەڕێوەدەچێت، گرنگییەکی تایبەتی ئەداتە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە. بە تایبەت لە ئێستادا کە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە لایەن زۆربەی میدیاکانی ناوخویی و جیھانی رەخنەی لێ دەگیرێت، بەھۆی سیاسەتەکانی دژ بە پەنابەران و ھەروەھا سیاسەتەکانی لە ئاستی جیھانی. بردنەوەی کۆمارییەکان لەم ھەڵبژاردنەدا و پاراستنی زۆرینەی کورسییەکانی ھەر دوو ئەنجومەنی یاسادانان (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران) ئەبێتە پشتگیرییەکی باش لە پڕۆژە یاسایی و سیاسییەکانی ترەمپ. لەھەمان کاتدا شانسی ترەمپ بۆ دووبارە ھەڵبژاردنی وەکو سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە خولی داھاتوودا زیاد دەکات. ھەروەھا بە ھوی ئەوەی کە ئەندامانی سێنات لە دوای پێداچونەوەی یاسایی لە سالی ١٩١٣ تا ئێستا بە شێوازی راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە ھەڵدبژێردرێن، بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە دەبێتە پێوەرێکی باش بۆ ھەڵسەنگاندنی رای گشتی خەڵکی ئەم وڵاتە سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەم دوو ساڵەی ئێدارەی ترەمپ .
بەڵام ئەگەر دیموکراتەکان براوەی ئەم ھەڵبژاردنە بن ترەمپ دەبێت چاوەرێی رۆژانی ناخۆشی بکات و ھەمان ئەو ئەزمونەی دەبێت کە ئۆباما لە یەکەم ھەڵبژاردنەکانی نێو دەورەیی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا تووشی بوو.
لە ئیدارەی پێشوی ئەمریکا کێشەی سەرەکی ئۆباما کاتێک دەستیپێکرد کە دیموکراتەکان شکستێکی گەورەیان لە ھەڵبژاردنەکانی نێو دەورەیی ئەمریکا ھێنا. کاتێک ئۆباما بوو بە سەرۆکی ئەمریکا دێموکراتەکان لە ھەر دوو ئەنجومەنی کونگرێس زورینە بوون (لە سێنات ٦٠ و لە ئەنجومەنی نوێنەران ٢٥٧) بەڵام لە یەکەم ھەلبژاردنی نێو دورەیی دیموکراتەکان زۆرینەی کورسییەکانییان دۆڕاند بەرامبەر بە کومارییەکان. کاتێک ئۆباما کوتایی بە خولەکەی ھێنا، ژمارەی کۆمارییەکان لە سێنات بە ٤٨ و لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ١٩٤ کورسی کەمبوویەوە، بۆیە ئۆباما لە ئیدارەکەیدا توشی زورترین کێشە بوو لە تێپەڕاندنی بڕیارەکانی و یاساکاندا.
زۆربەی پسپوڕانی سیاسی و یاسایی ھۆکاری سەرەکی دۆڕانی دیموکراتەکان لە ھەڵبژاردنەکان لە کاتی ئیدارەی ئۆباما بە شکستی بەرنامەی ئابوری و پەنابەرانی ئەم ئێدارەیە دەزانن. لە ھەمان روانگە ھۆکاری سەرەکی ئەگەری بردنەوەی کۆمارییەکان لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنەکانی ئیدارەی ترەمپ لە پرۆگرامی ئابورییەکەی، ھەروەھا بڕیارەکانی سەبارەت بە یاساکانی پەنابەران.
ھەڵبژاردنی شەشی نۆڤەمبری ئەمریکا؛
ئەمریکا لە رۆژی سێشەممە ھەڵبژاردن بۆ ھەر دوو ئەنجومەنی یاسادانانی (کۆنگریس) دەکات. کۆنگریسی ئەمریکا لە ئەنجومنەی نوێنەران کە رێژەیان ٤٣٥ کەسن و ھەروەھا ئەنجومەنی پیران (سێنات) کە رێژەیان ١٠٠ کەسە، پێکھاتووە. بەڵام سێنات لە گەل ئەوەی کە قەوارەی بچوکترە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەڵام ھێزی زیاترە. ھەر پروژە یاسایەک لە دوای تێپەڕبوون لە ئەنجومەنی نوێنەران رەوانەی سێنات دەکرێت. بڕیارە گرنگەکانی وڵات وەکو یاسادانان، سیاسەتی دەرەوە، دەستنیشانکردنی سەرۆکایەتی بۆ دادگای باڵای یەکگرتوو و دادگا فیدرالییەکانی تر، پەسەندکردنی یان رەتکردنی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان، لە گەڵ پلە و پایە سەرەکییەکانی تر پێوەستن بە بڕیاری سێناتی ئەمریکا. بۆیە ھەر پارتێکی سیاسی لە ئەمریکا زۆرینەی کورسییەکانی سێناتی ھەبێت بڕیاردەری سەرەکی یاسا و سیاسەتەکانی وڵاتە.
سێناتورەکان لە سەر سێ گروپ دابەش بوونە؛ گروپی یەکەم و دووەم و سێیەم و ھەڵبژاردنەکانی ھەر گروپێک لە کاتی جیاوازدا دەکرێت، کەواتە ھەر ١٠٠ سێناتور پێکەوە ناچنە پرۆسەی ھەڵبژادن. ھەڵبژاردنی گروپی یەکەم لە ٢٠١٨، گروپی دووەم لە ساڵی ٢٠٢٠ و گروپی سێیەم لە ساڵی٢٠٢٢دا بەڕێوەدەچێت. کەواتە ھەڵبژاردنەکانی ئەندامانی سێنات دوو ساڵ جارێک دەکرێت بۆ بەدەستھێنانی کورسی بۆ ماوەی زەمەنی شەش ساڵ. لە ئێستادا کۆمارییەکان زۆرینەی کورسییەکانی ھەر دوو ئەنجومونەکەی یاسادانانی ئەمریکای (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران) یان لەدەستە.
لە روژی ٦ی نۆڤەمبر ھەڵبژاردن بۆ ٤٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی پیران (سێنات) دەبێت. لە گەڵ ئەوەی کە لە ھەمان کاتدا لە ٣٩ ویلایەتی ئەم وڵاتە ھەڵبژاردنی پارێزگارەکانیش بەڕێوەدەچێت.