لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ موراد قەرەیلان: تا هەنگاو نەنرێت گەریلا چەک دانانێت

موراد قەرەیلان: تا هەنگاو نەنرێت گەریلا چەک دانانێت

0 تێبینییەکان 19 بینینەکان

موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاند، دەبێت بە یاسایەکی بنەڕەتی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ ڕوونبکرێتەوە و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مەرجی هێنانەئارای ئاشتییە لە نێوان گەلانی کورد و تورکدا، وتیشی: تا هەنگاو نەنرێت گەریلا چەک دانانێت.

ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی پارستنی گەل (نەپەگە)، بە بۆنەی مانگی شەهیدانی فیدایی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، لە گەریلا تیڤییەوە پەیامێکی ڤیدۆیی ئاڕاستەی هەموو هێزەکانی پاراستن کرد.

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، لە مانگی حوزەیرانی شەهیدانی فیدایداین، کە لە ٨ـی حوزەیران هاوڕێی فیدایمان گوڵان، لە ١٧ـی حوزەیراندا فیدایی سەما یوجە، لە ٣٠ـی حوزەیراندا فیدایی مەزن هاوڕێ زیلان شەهید بووون، لە کەسێتی هەر سێ هاوڕێی فیدایی مەزنماندا بە پێزانین و ڕێزدارییەوە هەموو یادی شەهیدانی فیدایی و شەهیدانی شۆڕشی کوردستان دەکەمەوە، بەژنمان لە ئاستیاندا دادەنەوێنینەوە و پێداگری لەو بەڵینە دەکەینەوە، کە بە شەهیدانمان داوە و بەڵێن دەدەین: دڵسۆزبین و تا سەرکەوتن پەرە بە تێکۆشانمان بدەین بۆ سەرخستن و هێنانەدی ئامانجەکانیان و ئاڵاکەیان هەمیشە بە شەکاوەی بهێڵینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بە یاسایەکی بنەڕەتی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ ڕوونبکرێتەوە و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مەرجی هێنانەئارای ئاشتییە لە نێوان گەلانی کورد و تورکدا، وتیشی: تا هەنگاو نەنرێت گەریلا چەک دانانێت.

“بۆ چارەسەری پرسی کورد، پێویستە زیهنییەتمان بگۆڕین”

وتیشی: بۆ چارەسەریی پرسی کورد، پێویستە بەر لە هەر شتێک لە ڕووی زیهنییەتەوە گۆڕانکاری لە هەردوولا هەبێت، ئێمە لە پارادایمی چارەسەریدا گۆڕانکاریمان کرد، ئەوە بە ئاشکرا دەڵێین، دەتوانین لە ڕێی دیالۆگەوە لەم چوارچێوەیەدا ڕوو لە چارەسەری بکەین، لایەنی دەوڵەتیش دەڵێت، پێویستە ڕوو لە چارەسەری بکەین، بەڵام فکرەکانیان، زیهنییەتیان هەر هی ڕابردووە، واتا هێشتا زیهنییەتی نکۆڵی و لەناوبردن بوونی هەیە، زۆر ئاشکرایە کە بە زیهنییەتی نکۆڵی و لەناوبردن، چارەسەری نایەتە دی. یاخود بۆ ئەوەی چارەسەری بێتە دی، پێویستە لە دەوڵەتی تورکیاشدا گۆڕانکاری زیهنییەتی دروستببێت، واتا لەمەودوا گەلی کورد بە مەترسی بۆ سەر خۆی نەزانێت، بە دوژمن نەیبینێت و بیەوێت لەگەڵ گەلی کورددا لە ڕێی دیالۆگەوە ڕوو لە چارەسەری بکات، گەلی کورد پەراوێز نەخات، وەکو بوونێک بیبینێت، کاتێک لەواندا گۆڕانکاری ڕووبدات، ئەوا دەتوانین لەگەڵیاندا برەو بە چارەسەری بدەینö ئەگەر ئەم زیهنییەتەی خۆی نەگۆڕێت، چارەسەری زەحمەتە هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لە دەستپێکی ئەم پڕۆسەیەدا وتی: ئەمە پڕۆسەیەکی تێکۆشانە.

هاوکات، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: دەمەوێت شوێنێک بۆ کوردان دروستبکەم، ئەم دەوڵەتە نکۆڵی لە کوردان دەکات و کوردانی دەرەوەی سنووری تورکیاش بۆ خۆی وەک مەترسی دەبینێت، ئەگەر دەوڵەت لە ڕووی زیهنییەتەوە گۆڕانکاری بکات، کورد یاسایی بکات، قبووڵی بکات، ئەو کاتە مەترسییەکان لەسەر دەستکەوتەکانی کورد لە دەرەوەی سنووری تورکیاش نامێنن، ڕێبەر ئاپۆ ئەو تێکۆشانەی ئێستا لە ئیمراڵی درێژەی پێدەدات لە ناوەڕۆکدا تێکۆشانێکی نەتەوەییە، بۆ تەواوی کوردانە، لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک تاوەکو دەست لە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن هەڵنەگرێت، هەمیشە دەستکەوتەکانی کورد بۆ خۆی وەک مەترسی دەبینێت، و دۆستایەتیی ڕاستەقینەی کورد بەم شێوەیە ناشێت بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی مەترسییەکان لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد نەمێنن، پێویستە لە پێشدا ئەم زیهنییەتەی دەوڵەتی تورک گۆڕانکاری بەسەردابێت، ئەگەر کوردانی ناوخۆی خۆی بە یاسایی قبووڵ بکات، ئەوە بە مانای گۆڕانکاری دێت، لە ئێستادا ڕێبەر ئاپۆ لەم چوارچێوەیەدا درێژە بە تێکۆشانێکی زۆر گرنگ و ستراتیژی دەدات.

“بەر لە هەر شتێک پێویستە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت”

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، پێویستە هیواداربین کە ئەم هەوڵدان و ڕەنجەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامی هەبێت، بەڵام دوور یان نزیک، ئەوە بابەتێکی ترە و پێویستە سەیر بکەین، لەوانەیە ئێستا یاسایەک دەربکەن، تەنها بڵێن، ‘بۆ گەریلا بێت، واتا چەکدانانی گەریلا بێت’، ئەمە بەتەنها بەس نییە، یاسای چوارچێوەیەیی پێویستە هەمووان لەخۆبگرێت، بەر لە هەر شتێک لەسەر دۆخی ڕێبەر ئاپۆ لە تورکیا گفتوگۆ کرا، یاخود دەوڵەت باخچەلی خۆی وتی، پێویستە ببێتە ڕێکخەری ئاشتی و سیاسیبوون، دواتر کەمێک پاشەکشەی لەم بۆچوونانەی خۆیدا کرد، لە لێدوانی دواتریدا، وەکو نەخشەڕێ ناویبرد.

 هەروەها، زۆر ڕوونە، ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا بێت، ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەناچێت، ئەو بڕیارەشی ئێمە داومانە، لەم چوارچێوەیەدایە، ئێمە وتمان، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ پڕۆسەکە بەڕێوەبەرێت، بڕیاری کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بەم شێوەیەیە و نەمانگوتووە، چەک دادەنێین، وتمان، ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری ڕادەگرین، بەڵام بۆ چەکدانان پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەبەرێت، یاخود ئازاد ببێت، لە بڕیارەکەدا ئەمە هەیە و ئێستا دەیەوێت بەسەر ئەمەدا باز بدات، بڵێت با گەریلا چەک دابنێت، وا نابێت و ئەم کارە کارێکی ئاسایی نییە، پێویستی بە یاسایەکی بنەڕەتییە، سەرەتا پێویستە ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ دیاریبکرێت و ڕێبەر ئاپۆ دانوستانکاری سەرەکییە، بەردەنگی یەکەمی پرسی کوردە، ئەمە ستاتۆکەیەتی و نوێنەری گەلی کوردە، هەر بۆیە بۆ ئەوەی کە ئاشتی لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورکدا دروستببێت، برایەتیی گەلان پەرە بستێنێت، لە پێش هەموو شتێکەوە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی:  پێویستە وەکو چۆن بە زارەکی بوونی گەلی کورد قبووڵکراوە، بە نووسراویش بچێتە یاسای کۆمارەوە، پێویستە بوونی گەلی کورد یاسایی ببێت، ئێستا لە دەرەوەی یاسایە، لە یاسای تورکیادا کورد بوونی نییە و کورد لە یاسادا نییە، مادام ئێمە بە دوای چارەسەریدا دەگەڕێین و دەمانەوێت پەرە بە ئاشتی بدەین، پێویستە کورد یاسایی ببێت، چی لەمە ڕەواتر هەیە؟

هاوکات، لەسەر ئەو بنەمایانە یاسای ئەنیگراسیۆنی دیموکراتیک بۆ گەریلا دەربکرێت، ئەو کاتە گەریلا لەسەر ئەمە دەوەستێت، ئەو کاتە لەوانەیە پرۆسەکە بچێتە پێشەوە، بەدەر لەوە، پرۆسەکە ناچێتە پێشەوە، هەمووان پێویستە ئەم ڕاستییە بزانن.

“تاوەکو هەنگاوی یاسایی نەنرێت گەریلا دەست لە چەک هەڵناگرێت”

ئەوەشی خستەڕوو، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بۆ ئەوە نەبوونەتە گەریلا بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک قبووڵیان بکات، بۆ هەندێک ئامانجی پیرۆز، بۆ بوونی گەلی کورد، مافی گەلی کورد بوونەتە گەریلا، تاوەکو لەم مژارانەدا هەنگاو نەنرێت، هەنگاوی یاسایی نەنرێت، گەریلا هەروا چەک دانانێت، لەم چوارچێوەیەدا پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت، پێویستە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەیر بکەین بزانین ئەو یاسایەی پەسەند دەکرێت، یاسایەکی چۆنە، دیاریش نییە کە دەیخەنە ڕۆژەڤەوە یاخود نا، ئەگەر  بیخەنە ڕۆژەڤەوە، ناوەڕۆکەکەی چۆن دەبێت؟ پێویستە ئێمە بیبینین، ناوەڕۆکەکە بە ڕاستی چارەسەری بێت، ئەو سێ خاڵەی تێدا بێت کە ئاماژەمان پێداوە، دەتوانین لەسەری بوەستین، ئەو کاتە پڕۆسەکە دەتوانێت بچێتە پێشەوە، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت، بەرتەسک بێت، تەنها بۆ چەکدانان بێت، قبووڵ ناکرێت، پەرە بە چارەسەری نادات.

باسی لەوەشکرد، دەبێت لە هەرێمەکەدا لەگەڵ گەلانی تردا، وەک گەلی عەرەب، گەلی تورک، گەلی فارس، چۆن مامەڵە دەکات و چۆن لە چوارچێوەی نەتەوەیی دیموکراتیکدا ژیانێکی هاوبەش پەرە پێدەدات، دەبێت لەم بارەیەوە لە ناو خۆیدا ڕوونی و ڕاشکاوی درووست بکات.

هاوکات، لێرەدا ڕەنج و ماندووبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕەنجی شەهیدانی فیداکار، فیداکاریی گەلەکەمان، دایکانی کوردستان، ژنانی کوردستان، گەنجانی کوردستان ڕۆڵ و ڕەنجی خۆی هەیە؛ خوێنی بۆ ڕێژراوە، ئەمڕۆ گەیشتووینەتە قۆناغێک، کە تێیدا درووست نییە مرۆڤ خۆی سست بکاتەوە، بەڵکو دەبێت مرۆڤ بە تەواوی هێزی خۆیەوە بەشدار بێت و بەهاکان بپارێزێت، لە تێکۆشاندا ئەگەری هەموو شتێک هەیە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە