
میللەتە ڕۆژھەڵاتییەکان ھەمیشە کردوویانە بە کەلتوور کە لە خۆشیەکانیاندا بۆ ناخۆشییەک دەگەڕێن تا بیخولقێنن، (تەقەی خۆشی) یەکێکە لەو دەستەواژانەی کە جێگەی تێڕامانە، دەبێت چێژ و خۆشیی تەقەکردن لە کوێدا بێت وا ناونراوە (تەقەی خۆشی)!
ئێمەی گەلی کورد مێژووی تاڵ و ڕووداوی پڕ ئازارمان ھەیە لەگەڵ ئەم جۆرە لە خۆشیدەربڕین بەھۆی تەقەی خۆشییەوە، لە ڕابردوودا کۆمەڵێک کارەساتی دڵتەزێن ڕوویان داوە، بەڵام بەداخەوە نەبووە بە وانەیەک بۆمان. تەقەی خۆشی لە بۆنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و خێزانی و نیشتیمانییەکاندا قوربانی بەرھەم ھێناوە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ و لە مانگی سێ، لە ئاھەنگێکی بووک گواستنەوە، برایەکی زاوا گیانی لەدەستدا! ھەر لەو ساڵە لە ئاھەنگێک لە تەکیە، بەھۆی تەقەی خۆشییەوە، ھونەرمەندێکی میللی گیانی لەدەستدا! بەڕاستی کارەساتە کە تا ئێستاش خاوەنی ئەو عەقڵیەتەین کە لە خۆشییە خێزانیەکانماندا ناخۆشی بۆ خۆمان دەخولقێنین. بۆنە نیشتیمانیەکانیش بەدەر نەبوون لە قوربانیدان و کوژران بەھۆی تەقەی خۆشییەوە، لە سەیرانگای مەیدانۆکی سەر بە قەزای مێرگەسوور لیوایەکی پێشمەرگە بەھۆی تەقەی خۆشییەوە شەھید کرا. پێشمەرگەیەک کە تفەنگ و فیشەکەی دەستی بەدرێژایی تەمەنی بۆ بەرەنگاری و شەڕی دوژمن بەکار ھێنابێ، بەڵام ھەر بەھۆی فیشەکەوە و لەژێر ناوی تەقەی خۆشی ژیانی لێ دەسەندرێتەوە، ھەروەھا (شاھین شێرزاد) ئەو منداڵەی دھۆک بوو کە بەھۆی خۆشیدەربڕین بۆ ئەنجامە بەراییەکانی ڕیفراندۆم بەھۆی تەقەی خۆشییەوە بریندار کرا و پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئیتر کاتی ئەوەیە واز لەم دیاردە ناشرینە بێمانایە بھێنین و چیتر ھیچ ڕۆحێکی پاک نەکەینە قوربانی و ناخۆشی نەخوڵقێنین لە خۆشییەکانماندا. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا نەک بۆ خۆشیدەربڕین بەڵکو لە کاتی ململانێ و ناکۆکییە سیاسییە توندەکانیشدا پێش چەک پەنا بۆ دانوستان و پلانی سیاسی و خۆگونجاندن دەبەن و چەکەکانیان لەژێر ناوی دیاری و یارمەتی و فرۆشتندا دەنێرن بۆ وڵاتە ڕۆژھەڵاتییەکان، چونکە ئەوان لەوە تێگەشتوون کە ئێمە ئارەزوویەکی زۆرمان ھەیە بۆ بەکارھێنانی چەک لە خۆشی و ناخۆشیدا، کاتی ئەوەیە تاکی کوردیش تێبگات کە جیھان بەرەو مۆدێلی ژیانکردن دەڕوات نەک ناخۆشی و کێشە نانەوە بۆ ژیان، ژیان پیرۆزییەکی بەنرخی ھەیە و دەبێت ھەموو شتێک بکرێتە قوربانی لەپێناو ژیانێکی خۆش و ئارامدا. ھیچ شتێک شایەنی ئەوە نییە ژیانی پێ نائارام بکەین. ڕێگەی تر زۆرە تا بتوانین شادیەکانمانی پێ دەرببڕین.
تەقەکردن لەژێر ناوی تەقەی خۆشی لە ھیچ سووچ و ھاوکێشەیەکی جوانی و خۆشیدا جێگەی نابێتەوە و مانادار نابێت. تەنھا لە مێشکێکی بەتاڵدا تەقەکردن چێژی ھەیە کە ھیچ ئاوازێکی تێدا نییە بۆ ژیان ئەو مێشکە. تەقەکردن تەقەی مێشکە بەتاڵەکانە کە خۆیان گوێبیستی ئەو تەقەی نەزانیەی مێشکی خۆیان نین، بەڵام کارەسات بۆ کەسانی تر دەخوڵقێنن، ئەو مێشکانەی چێژ لە تەقەکردن لە خۆشیەکاندا دەبینن دۆخێک دروست دەکەن کە وا لە خەڵک دەکەن بەناچاری گوێ لە تەقەی تفەنگ و تەقەی مێشکە خاڵیەکەیان بگرێت، خەڵک ناچار دەکەن بەوپەڕی بێزارییەوە گوێ لە تەقەی تفەنگەکانیان بگرن، خۆ ئەگەر بێتو ڕێگرییان لێ بکەیت، دوور نییە تەقەیەکی دوژمنکارانە لەپێناو تەقەکردنی خۆشی خۆیان بگرنە تۆش.
ئەم فۆڕمە تەقلیدییەی خۆشیدەربڕین بەتەوەواتی سواوە و وێنەیەکی زۆر ناشرین و بیمانای ھەیە، کاتی ئەوەیە فڕێ بدرێتە دەرەوەی کەلتووری ئێمە و کەلتوورێکی جوانتر بنیات بنێین بۆ خۆشی دەربڕین. ئێمەی کورد مێژوویەکی تاڵمان ھەیە لەگەڵ دەنگی گولـلە. دەبوو ئەگەر ھەموو دنیا تەقەکردنی بکردایەتە ڕەمزی خۆشیدەربڕین، ئێمەی کورد زۆر بێزراو و سواو بوایە لامان.