وزەی جەستە بە شێوەیەکی سروشتی بەهۆی فشاری کار، کەمخەوی، نەخۆشی یان هۆکاری تر دادەبەزێت، بەڵام هەندێک ڕێگەی سادە هەن کە وزەیەکی خێرا بە جەستە دەبەخشن.
ماڵپەڕی “ڤێری وێڵ هێڵس” حەوت ڕێگەی سادەی بۆ زیادکردنی وزە و زاڵبون بەسەر ماندوێتیدا پێشنیار کردوە و كە بریتین لە:
1. ئاو خواردنەوە: بێئاوی جەستە ماندوێتی زیاد دەکات. ئاو باشترین خواردنەوەیە بۆ چالاککردنی جەستە و زیادکردنی سەرنج.
2. پیاسەکردن: یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی وریایی و باشترکردنی سوڕی خوێن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئۆکسجین.
3. خواردنی تەندروست: ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پرۆتین و ڕیشاڵ (وەک چەرەسات، میوە، هێلکە، نیسک) وزە بە جەستە دەبەخشن.
4. خەوێکی کورتی نیوەڕۆ: توێژینەوەکان دەری دەخەن کە خەوێکی کورت (کەمتر لە 30 خولەک) ئاستی مێشک و جەستە باشتر دەکات.
5. وەرزشکردن: وەرزشکردن بە بەردەوامی هەستی ماندوێتی کەمدەکاتەوە و وزە زیاد دەکات.
6. کێشانی ماسولکەکان (Stretching): تەنها 10 خولەک کێشانی ماسولکەکان سوڕی خوێن چالاک دەکات و ئازاری جەستە و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە.
7. کەمکردنەوەی فشار: فشاری دەرونی بەردەوام زیان بە کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت. دەکرێت لە ڕێگەی خەوی پێویست، تێڕامان (Meditation)، و کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێیان فشار کەمبکرێتەوە.