ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەریدەخات، کوشتنی ژنان لە هەرێم بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکانی ئەو بەڕێوبەرایەتییە، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٢ ژن کوژراون کە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆک بوون کە ٨ ژن بووە، لە هەولێریش ٧ ژن و لە سلێمانیش ٣ ژن و لە گەرمیان و ڕاپەرین ٢ ژن و لە سۆرانیش ٢ ژنی دیکە کوژراون.
بەو پێیە ئامارە کوشتنی ژنان، بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی ٢٠١٧ ڕووی لە زیادبوون کردوو، لەکاتێکدا لەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ١٩ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە.بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتن بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێنەوە، دەشڵێن دۆسیەی کوشتن هەیە تائێستا بکوژەکەی دەسگیرنەکراوە.
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا، ١٩٥٨ سکاڵا لە نوسینگەکانی توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراون، ٤١ ژن خۆیان سوتاندووە، ٢٦ ژنیش خۆیان کوشتووە، ئەوەش بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ژمارەکە ڕووی لە کەمبوونکردووە.
ئەندامێکی لیژنەی کاروباری ژنانیش لە پەرلەمان دەڵێ، حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان و دادگاکان بەرپرسیارن لە یەکلانەبوونەوەی کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێم.
هاوکات بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧، لەکۆی نۆ هەزار و ٣٣١ دۆسیەی توندوتیژی دژی ژنان، تائێستا دادگا تەنیا ٢١٦ دۆسیەیانی یەکلاکردووەتەوە، هەروەها پێنج هەزار و ٦٨ دۆسیەشیان داخراون بە هۆکاری جۆراوجۆر کە بەشێکیان لێخۆشبوون بووە بە ڕەزامەندی هەردوولا.
دوو هەزار و ٨٣ دۆسیەی دیکەش ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و دادگا و دەزگا ئەمنیەکان سەرقاڵی یەکلاکردنەوەیانن.