ستیڤان دۆگاریت وتەبێژی فەرمی بە ناوی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەمڕۆ دوو شەممە ڕایگەیاند، ژمارەی ئاوارە عێراقییەکان لە ساڵی ٢٠١٤وە گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس.
دۆگاریت لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی نۆڤۆستی ڕوسییەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەکات، لەدوای ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای حەویجەوە، ژمارەی ئاوارە عێراقییەکان زیادیکردووە و لە ئێستادا ژمارەکە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ وە بەرزبووەتەوە بۆ پێنج ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو لێپرسراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکان دودڵیەکی قوڵیان هەیە سەبارەت بە دۆخی ئەمنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچەیە.
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، لەوەتەی ئۆپراسیۆنی حەویجە دەستیپێکردووە، ژمارەی ئاوارەکانی ئەو قەزایە بەرزبووەتەوە بۆ ٩ هەزار کەس.
لەدوای کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤، ژمارەی ئاوارە عێراقییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد، بە شێوەیەک نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە ڕووی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە ئێستاشدا دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ و ناوچەکانی خۆرئاوای عێراق بەشێک لەو ئاوارانە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.