کەمبونەوەى کارەبای نیشتیمانى و زۆربوونى پێدانى کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بۆتە هۆی بەرزبونەوەى نرخی کارەباى مۆلیدەکان، بە جۆرێک بەراورد بە مانگى ڕابردوو نرخى هەر ئەمپێرێک، پێنج بۆ شەش هێندە زیادیکردووە.
مانگى ڕابردوو لە سلێمانى مۆلیدە ئەهلییەکان ٣٠٣ کاتژمێر کارەبایان داوەتە هاوڵاتیان کە دەکاتە نزیکەى ١٠ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان مولیدەکان و یەکە ئیدارییەکانیش هەرکاتێک کارەباى نیشتیمانى بکوژێتەوە، ئەوا پێویستە مۆلیدەکان کارەبا بدەنە هاوڵاتیان، بۆیە ڕێژەى پێدانى کارەباى مۆلیدەکان لە مانگێکەوە بۆ مانگێکى دیکە جیاوازە.
بۆ ئەو ڕێژە کارەبایەى مانگى حوزیران، لە زۆربەی شوێنەکان نرخی هەر ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكانى لە نێوان 10 بۆ 11 هەزار دینار دیاریکراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە مانگى ڕابردوو نرخى هەر ئەمپێرێک بە نزیکەی دوو هەزار دینار دانرابوو.
ساڵانەو لە وەرزەکانى هاوین و زستاندا خواست لەسەر بەکارهێنانى کارەبا بەرزدەبێتەوە، بەهۆى ئەوەشەوە بەڕێژەیەکى بەرچاو کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبای نیشیتمانی کەم دەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا کارەباى مۆلیدەکان زیاد دەکات لەگەڵئەوەشدا نرخى پێدانى کارەباکە لەسەر هاوڵاتیان بەرز دەبێتەوە.
بە درێژایی ٢٧ ساڵى تەمەنى حکومەتى هەرێم، کارەبا یەکێک بووە لە کێشە درێژخایەنەکان کە تائێستاش حکومەت نەیتوانیوە چارەسەرى بکات، بۆ پڕکردنەوەى کێشەى کەمى کارەباش لە ساڵى ٢٠٠٧وە حکومەت پەناى بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان بردووە، بەڵام بەوەشەوە هێشتا کێشەکە چارەسەرنەکراوە و لە ماوەى ڕابردودا کەمى کارەبا زۆرترین ناڕەزایی هاوڵاتیانى لێکەوتەوە.
بەپێى ئامارە نافەرمییەکان لە پارێزگاى سلێمانى و دەوروبەرى هەزار و ٣٠٠ هەزار مۆلیدەو لە سەنتەرى شارى هەولێریش نزیکەى هەزار مۆلیدەى ئەهلی هەن کە کارەبا دەدەنە هاوڵاتیان.
بەشێک لە هاوڵاتیانیش باس لەوە دەکەن دەبوو حکومەت لە ٢٧ ساڵى ڕابردودا چارەسەرى تەواوەتى کێشەى کارەباى بکردایە و پەناى بۆ مۆلیدەکان نەبردایە.
ئەوەش دەخەنەڕوو لە ئێستاداو بەهۆى قەیرانى داراییەوە بەرزبوونەوەى نرخى مۆلیدە ئەهلییەکان هێندەى تر بارگرانى بۆ سەر ژیانیان دروستکردووە.
تاریق سەمین سەرۆکى کۆمەڵەى مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانى بە ئێن ئاڕ تى وت، ئەو پارەیەى بۆیان دیاریکراوە کەمەو لەئاست ئەو خەرجیانەدا نییە کە ئەوان دەیکەن.
هاوکات بەپێی ڕوونکردنەوەیەکى وەزارەتى کارەبا کە پێشتر بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردبوو، بەهۆى هاتنى وەرزى گەرماوە، خواستی بەكارهێنانی كارەبا بۆ ٤٥٠٠ مێگاوات بەرزبووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی كارەبا تواناى بەرهەمهێنانى ٢٧٠٠ مێگاوات كارەباى هەیە، بەو بڕە كارەبایەش دەتوانن تەنها ١٢كاتژمێر كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن .
لاى خۆشیەوە ئومێد محەمەد بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵى کارەباى هەرێم ڕایگەیاند، لە مانگى ڕابردوودا توانیویانە ڕۆژانە ١٦ کاتژمێر کارەبا بدەنە هاوڵاتیان و لەچەند ڕۆژى داهاتووشدا ئەنجومەنى وەزارەتى کارەبای هەرێم کۆدەبنەوە تا بزانن لەمەودوا دەتوانن ڕۆژانە چەند کاتژمێر کارەبا دەدەنە هاوڵاتیان.
سەرچاوە:ئێن ئاڕ تى