ڕۆژنامەی ”لەنكاشێر تێلگراف” چیرۆكی خێزانێكی شەشی كەسی كوردی بڵاوكردۆتەوە كەپێك هاتون، لەدایك و باوك و چوارمنداڵ، كە حوكمەتی بەریتانیا دەیەوێ دیپۆرتیان بكاتەوە.
بەریتانیا، كاوە ڕەش
باوكەكە سۆران ئەحمەد محەمەد، دەڵێ؛ لەئەگەری دیپۆرتكردنەوەی ترسی لەقاچاخچیەكان و دەسەڵتدارانی حوكمەتی ئێران هەیە، كە وەك خۆی دەڵێ؛ لەو وڵاتەوە هاتوە.
وەزیرەی، دایكی چوار منداڵەو تەمەن ٣٩ساڵ، كە بڕیار بو خۆی و چوار منداڵەكانی ڕۆژی پێنجشەممە دیپۆرتی وڵاتی ئیتاڵیا بكرێنەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی كۆچی بەرێتانیاوە، چونكە پێشتر لەوێوە هاتون. بەڵام ئەوان ڕەتیان كردۆتوە بگەڕێنەوە ئیتاڵیا، ئێستا هەڕەشەی ئەوەیان لێكراوە كە لەناو ماڵەكەی خۆیان لەشاری بلاكبێرن دەستگیردەكرێن و بەزۆر دیپۆرتی ئیتاڵیا دەكرێنەوە.
سۆران ئەحمەد محەمەد، بڕوای وایە ئەگەر بگەڕێندرێتەوە ئیتاڵیا، ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە لەلایەن ئەو قاچاغچیانەی كە خۆی خێزانەكەی لەئیتاڵیاوە گەیاندۆتە بەریتانیاو لەوێش ڕەنگە دیپۆرتی دەسەڵاتدارانی ئێران بكرێتەوە، وەك خۆی دەڵێ؛ مەترسی لەسەر چارەنوسیان دەبێت.
ئەو خێزانە دو كچی تەمەن 10 ساڵان و نۆ ساڵانیان هەن لەگەڵ دو كوڕی تەمەن سێ ساڵان ودو ساڵان.
دوو كچەكانیان بەچاوی گریانەوە لەقوتابخانەو لای مامۆستاكان گریاون داوایان لێ كردون بیانشارنەوە بۆ ئەوەی دیپۆرت نەكرێنەوە.هەروەها خێزانەكەش هانایان بۆ لای پەرلەمانتاری شارەكەیان، كەیتی هۆڵرێن، بردوە بۆ هاوكاری.
بەپێی لێدوانی ئەو خێزانە كە لەڕۆژنامەكەدا بڵاوبۆتەوە، ئەوان لەناوچەیەكی سەر سنوری نێوان عێراق و ئێرانەوە لەمانگی ئابی ساڵی ڕابردو ئێرانیان جێهێشتوە. دوای ئەوەی یەكێك لەهاوڕێكانی محەمەد كە كەسێكی دژ بەدەساڵات بوەو ئەوی خستۆتە بەرەی دژە حكومەتەوە، بۆیە ئەویش بەقاچاغی چۆتە توركیاو لەوێوە وڵاتانی دیكەی ئەوروپایان بڕیوە تا گەیشتونەتە بەریتانیا.
سۆران ئەحمەد محەمەد، حاشا لەوە دەكات كە هیچ پەیوەندییەكی سیاسی هەبێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێت كە ئەو كاری نایاسایی بە مادەی كحول و پاكەت و جگەرەو ئامرازەكانی تەلەفزیۆن و سەتەلایتەوە كردوە، كە ئەوانەش لای دەسەڵتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران قەدەغەكراون.
سەبارەت بە مانەوەیان لەئیتاڵیا ئەو دەڵێ؛ كاتێك لەلایەن ئەو قاچاغچیانەی ئێمەیان دەگواستەوە خرابوینە ناو دارستانێك لە ئیتاڵیا، بەڵام بەهۆی دەنگەدەنگی منداڵەكانمەوە ئاشكرابوین و پۆلیس بەزۆر پەنجە مۆریان پێكردوین.
ئەوان دەڵێن؛ ئێمە كاتێك گەیشتوینەتە شاری بلاكبێرن لەبەریتانیا، داوای مافی پەنابەریمان كردوە، بەڵام دواتر ڕەتكرایەوەو پۆلیس پێی وتوین هیچ هۆكارێك نیە بۆ مانەوەتان. لێرە پێویست ناكات دوبارە داواكاری پەنابەری پێشكەش بكەنەوە چونكە ئێوە پەنجەمۆری وڵاتی ئیتاڵیاتان هەیە دەبێ لەوێ داوای مافی پەنابەری پێشكەش بكەن.
سۆران دەڵێ؛ ئێمە حەز لەبەریتانیا دەكەین و خەڵكی ئێرە باشن لەگەڵمان، نامەنەوێ دیپۆرتی ئیتاڵیا بكرێینەوە.
دۆنە سیمپسەن، بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانە سەرەتاییەی كە هەردو كچەكانی ئەو خێزانە لێی دەخوێنن دەڵێ، ئەو دو كچە قوتابییە زۆر نیگەران بون و هاتون و پاڕاونەتەوە تا ئەوان بەرمە ماڵەوەو بیانشارمەوە لەترسی ناردنەوەیان.
ئەو بەێوەبەرە دەڵێ؛ ئەگەر ئەوان دیپۆرت بكرێنەوە وەك ئەوە وایە قوتابخانەكەمان كاول كرابێت.هەروەها ئەندام پارلەمانی بەریتانی (كەیتی هۆڵرێن) دەڵێ، زۆر بەداخەوەم بۆ گوێبیستی ئەو كەیسە، نوسینگەكەم لەپەیوەندی دایە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ تابتوانین هاوكاری ئەو خێزانە بكەین لەمەترسی دیپۆرتكردنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ؛ كاركردن لە كەیسی ئەو خێزانە لەسەر ئەو زانیاریانە بوە كە ئەوان دەستبەریان كردوە بۆ ئێمەو ڕەچاوی زانیاری داهاتو دەكەین كە بیدەن بەئێمە.
بەوتەی ئەو سەرۆك خێزانە ئەوان لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە داواكراون، بۆیە بەهاوكاری خاڵی یاخود مامی ڕێوشوێنی دەرچونیان بەڕێگای نایاسایی بۆ ڕێكخراوە تا بەدەستی قاچاغچیەكان لەئێرانەوە بۆ توركیاو لەوێشەوە بەڕێگای دەریای نێوڕاستدا بە بەلەم بپەڕنەوە بۆ ئیتاڵیا لەوێش لەلایەن قاچاغچیەكانەوە لەنێو دارستانێك خۆیان شاردۆتەوە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن، بەهۆی دەنگەدەنگی منداڵەكانیانەوە پۆلیس دەستگیری كردون و بەزۆر پەنجە مۆریان لێ وەرگیراوە. لەبەشێكی دیكەی سەفەرە مەترسیدارەكەیاندا ئەو خێزانە لەئیتاڵیاوە بەپشتی لۆری بەهاوكاری قاچاغچییەكان خۆیان گەیاندۆتە دارستانێكی وڵاتی فەرەنساو دەڵێن، دواتر خراونە نێو پشتی لۆرییەكی دیكەوە كە بەئاستەم توانیویانە هەناسە بدەن. دوای دو ڕۆژ بەندەری ئاوی نێوان فەرەنساو بەریتانیایان بڕیوەو خۆیان لەنزیك شاری لیڤەرپوڵ دابەزیون. هەر هەمان كات پەیوەندی بەژمارەی فریاگوزاری پۆلیسەوە دەكەن. دوای خۆڕادەستكردنیان بەپۆلیس، دەبرێنە شاری بلاكبێرن، لەژێر چاودێری وەزارەتی ناخۆو بەشی پەنابەران شوێنیان بۆ دابین كراوە.
سەرەتای حەفتەی ڕابردو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە ئەو خێزانە كوردە ئاگاداركراونەتەوە كە دەبێ بەریتانیا جێبهێڵن، بەهۆی بونی پەنجەمۆری وڵاتی ئیتاڵیا ئەگەرنا دەستبەسەریان دەكەن و دیپۆرتیان دەكەنەوە.
بەپێی یاساو ڕێسای كۆچبەریی وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا، پێویستە پەنابەر لەگەڵ گەیشتنی بەیەكەم وڵاتی ئەندام لە یەكییەتی ئەوروپا لەو جێگایە داواكاری پەنابەری پێشكەش بكات، ئەگەرنا دەنێردرێتەوە بۆ هەمان شوێن، كە پەنجەمۆرو كەیسی پەنابەری لێ وەرگیراوە.