هیوا سەعید:
لەچیاکان لەپێناو پەیداکردنی بژێویو ژیانکردن چەک وەک پێویستییەک بۆ ڕاوو چەتەییو هەڵکوتانەسەرو تاڵانی دەبینرێ.
لە دەشتاییەکان بەهۆی ژیانی کشتوکاڵیو مسۆگەرتربونی بژێوی ئامانج لەهەبونی چەک زۆرتر بۆ بەرگریو هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی دوژمنکارانەیە. لەسەر ئەو بنەمایە دەبێ کوڕانی خزمو خێڵ هەمیشە چەکدارو لەئامادەباشیدا بن.
لەگەڵ دروستبونی شار وەک ناوەندێکی سەرەکی گوندنشینەکان هەریەکە لە قۆناغی جیاجیا و لەبەر چەندین هۆکار وەک بەرژەوەندی یان ناچاری ژیانی شارنشینی هەڵدەبژێرن. شار پێکهاتنێکی دەستەجەمعییە لەنێوان ئەو تاکە جیاوازانەی هەر یەکێک لە شوێنێکەوە هاتوە لەسەر دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ ڕێکخستن و دادگەری لەنێوان ئەو تاکە دابڕاو لە خێڵ و بێپشت و لاوازانەی پێکهاتەی شارەکەیان لێ دروست دەبێ، بۆ ئەوەی کوڕی هیچ خێڵێک دنیابینی و بیرکردنەوەکانی خۆی بەسەر ئەویتر نەسەپێنی و هەموان لە بەرانبەر دەسەڵاتی شارەکە یەکسان بن.
بەپێچەوانەوەی ئەو جۆرە شارەوە تاکەکانی خێڵەکوردییەکان تاک تاک نەهاتون بۆ دروستکردنی ئەو ناوەندەی پێدەگوترێ شار، بەڵکو بەکۆچی کۆمەڵ یان جێنشینبون لەیەکشوێنی بۆ نمونە خەیلانی، خۆشناو، سورچی، مەنتک لەیەک گەڕەک جارێکی تر گوندەکەو ئەو دنیابینییەی پێشتری گوندەکەیان لەگەڵ خۆیان گواستۆتەوە، چونکە ئامانج لەخڕبونەوەی ئەم هەموو براو ئامۆزاو برازایە لەیەکشوێن بۆ پاراستنی دنیابینی ژیانو کلتوری گوندنشینییە کە چەکهەڵگرتن بەشێکە لەم کلتورە، هەروەها باوەڕنەکردنە بەدەسەڵاتەکانی شارو هەڵوەشاندنەوەی ئەو تێگەیشتنەیە لە پشت چەمکی شارەوە هەیە.
بۆیە ئەو تاکەی لەناو ئەو کۆمەڵەیەی پەیوەندی نیوانیان لەسەر خوێن دامەزراوەو بەخوێن بەرگری لێدەکەن هەست بەپشتو چاونەترسی دەکا، وەک هاوڵاتییە لاوازەکەی ناو ئەو شارە نییە لەبێپشتی یاسا بکا بهپشتی خۆی، لێرەوەیە ئەو تاکە جگە لە خزمو خێڵەکەی ئینتیمای بۆ شارو بۆ نەتەوەو بۆ نیشتیمان نییە، ئەگەر هەشیبێ هەموو ئەم چەمکانە لەچاو خێڵەکەی دەبینێ، واتا شارێکی خێلەکی، نەتەوەیەکی خێڵەکیو لەدواجار نیشتیمانێکی خێڵەکیو تێگەیشتنو تەماشاکردنێکی سەرەتایی بۆ ژیان.
لێرەدا کاتێک مۆدیلی حیزبایەتی پەیدا دەبێ حیزب وەک بەرهەمی مۆدێرنەو شار تەماشا ناکرێ، کادیر بەئایدۆلۆژیای حیزب پەروەردە ناکرێ و ئەندامەکان هیچ لەبارەی ئەو دروشمە کارتۆنییانەی حیزبەکانیان هەڵیگرتوە وەک دیموکراسی و سۆشیاڵ دیموکرات تێناگات و بە هەمان دنیابینییەکەی جارانی حیزبایەتی دەکات، بە مانای ئەوەی کاری حیزبی لەبری تێگەیشتنێکی شارستانییانە بە خێڵەکییانە بەڕێوەدەچێ، ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی حیزب ببێ بە مەنزڵگەی هەتاهەتایی وەک یەکێتی هەر بە یەکێتی دەمێنێتەوە و پارتیش بە پارتیبون.
کەواتە هاوڵاتی بەس لەکاتی هەڵبژاردنەکان لە ململانێی سیاسیدا نابێ، لەبەرئەوەی ئەو لەبری تەنیا دەنگدەرێکی هەڵبژاردنەکان بووە بەئەندامی هەمیشەیی حیزب. کاتێکیش کاری حیزبایەتی بەو شێوە بێ و تێگەیشتنی ئەندامەکانی بۆ حیزب لەڕوانگەی خێڵەوە بێ (چەک بەشێكە لەکلتورەکەی) ئەوکاتە جگە لەچەکدارو میلیشیای حیزب سوپای نیزامیو یەکگرتوش پێکناهێنرێ.
وەک دیارە دروستنەبونی حیزب بەتێگەیشتنێکی مۆدێرنو دروستنەبونی نەتەوەیەکی یەکگرتوو، نەبونی سوپایەکی یەکگرتوو، پەیوەندی بە ڕەتکردنەوەی ئەو تێگەیشتنەیە لەپشت چەمکی شارەوەیە لەلایەن کوڕانی ئەو خێڵانەی بەتێگەیشتنێکی خێڵەکییەکانە هاتنە ناو شارەکان.
هەروەها ئەوە کوڕی ئەو خێڵانەیە لەبەر پشتگیری خێڵو ئەو حیزبەی بەتێگەیشتنیکی خێڵەکیانە تەماشای دنیا دەکاو باوەڕی بەهیچ یەکێک لەدامەزراوە شارستانییەکان نییەو لەهیچ دەسەڵاتێکی شارەکە ناسڵەمێتەوەو بەبێ ترس خەڵک دەکوژێ.
لەکۆتایی پرسیارەکە ئەوەیە کاری حیزبایەتی بەتێگەیشتنێکی خێڵەکییانەو دور لەپەروەردەکردنی کادرو گۆڕینی تێگەیشتنیان بۆ دنیا، ئایا ئەو ئەندامە چەکدارە خێڵەکییە لەباتی ئەوەی بەتێگەیشتنێکی شارییانە ببێ بە هاوڵاتییەکی سڤیلو دەنگدەری هەڵبژاردن، یان حیزب بکا بەمەنزڵگەی هەتاهەتایی خۆیو لەو دیوەخانانەیحیزب بۆپاراستنی تێگەیشتنی خێڵەکییانە کۆمەکیان دەکاو دەیانهێڵێتەوە بۆ ئەوەی هەموو کاتێکو لەهەموو ئەگەرێک لە خزمەتی حیزب دابێت باشترە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە، کە وەڵامە بۆ دروستنەبونی شارو مانەوەی تێگەیشتنی خێڵەکییانە، دروستنەبونی هۆشیاری نەتەوەیی، نەبونی سوپای یەکگرتوو ئینتیما بۆ نیشتیمان، چەکداربونی هاوڵاتیو دانپێدانەنان بەدەسەڵاتی دامەزراوە شارستانییەکان، سەروەرنەبونی یاساو سڵنەکردنەوە لەکوشتن هەمو لەکن یەکێتیو پارتییە وەک دو حیزبی پێشڕەو لەکۆمەڵگای خێڵەکی باشوردا.