عوزام همامى تەمەن شەش ساڵان شەوى سێ شەممەى رابردوو لەکاتێکدا لە مزگەوتەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕایەوە وەک کەسوکارەکەى باسی دەکەن لەلایەن سێ کەسەوە رێگرى لێکراوە و براوەتە شوێنێکى دیکە، دواى دەستدرێژیکردنە سەریشى خنکێنراوە.
دواى دیارنەمانى بەدرێژایی ئەو شەوەو گەڕانى زۆر بە دوایدا، دواجار باوکى تەرمى کوڕەکەى بەدەستبەستراوى لەناو بارهەڵگرێکدا دۆزیەوە کە بە چادرێک داپۆشرابوو.
خانەوادەکەى عوزام کە لە نەتەوەى عەرەبن، لە گەڕەکى واستى شارى کەرکوک دەژین، باوکى دەڵێت ئەو کەسانەى کە کوڕەکەیان خنکاندووە پێکهاتوون لە سێ مێرد منداڵ و کەسێکى دیکەى تەمەن سەرو ١٨ ساڵ، داواشدەکات بکوژانى کوڕەکەى لە هەمان شوێندا لە سێدارە بدرێن.
کەسوکارى ئەو منداڵە دەڵێن تەرمى کوڕەکەیان لە پزیشکى دادوەری پشکنینى بۆ کراوەو پزیشکەکان پێیان وتوون کە پێش ئەوەى عوزام بخنکێنرێت دەستدرێژى کراوەتە سەر.
مەرگى عوزام کە خانەوادەکەى خستووەتە خەمێکى قوڵەوە لەکاتێکدایە، هەفتەیەک لەمەوبەر عوزام دڵى خانەوادەکەى دڵخۆشکرد کاتێک بڕوانامەى دەرچوونى لە باخچەى ساوایان پێ بەخشرا.
پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانى کەرکوک تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەبارەى ئەو رووداوەوە نەداوە، ئەفراسیاو کامیل وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند ئەو دۆسیەیە لاى پۆلیس نییە و لەلاى هێزە ئەمنییەکانى عێراقە، بۆیە هیچ زانیارییەکانیان لەسەرى نییە.
سەرچآوە:NRT
https://www.youtube.com/watch?v=0ENWrUWXQOc