وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەڵێت، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە ڕوو لە زیادبوونە، هۆکاری زیادبوونی نەخۆشیەکەش، قەڵەوی، خواردنی ناتەندروست، وەرزش نەکردن و کێشانی جگەرەیە.
لە ڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت “لە هەر سێ سەنتەری چارەسەری نەخۆشی شەکرە لە هەرێمی کوردستان، ٨٥ هەزار و ٤٣٢ نەخۆش تۆمارکراون و چارەسەر وەردەگرن لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک. جگە لەو کەسانەی چارەسەر بە دەرمان وەردەگرن”.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات، بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی شەکرە، ڕەچاوی شێوازی ژیانی تەندروست بکەن بەوەرزش کردن و خواردنی تەندروست و وازهێنان لە جگەرە کێشان و دوورکەوتنەوە لە خواردنە خێراکان و خواردنەوە گازیەکان، هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی خوێن بۆ زانینی ئاستی شەکر لە خوێن و دڵنیابوون لە تەندروستیی.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئەوەشی وتووە، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ژمارەیەکی زۆری نەخۆشانی شەکرە، هیچ نیشانەیەکیان نییە و کەسەکان بەخۆیان نازانن تا قۆناغی دروستبوونی ماکەکانی نەخۆشیەکە لەشێوەی لێدانی جەڵتەی دڵ و مێشک یان پەککەوتنی گورچیلە و کوێربوون.
١٤ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی شەرکرە
ڕۆژی ١٤ ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شەکرەیە، کە لەلایەن ڕێکخڕاوی تەندروستی جیهانی و فیدراسێۆنی شەکرەی جیهانییەوە دەستنیشانکراوە وەک دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵک و پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاریکردنی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو نەخۆشییە، کە ٤۲۲ ملیۆن کەس لە جیهاندا دووچاری بوون و ساڵانە چەند ملیۆن کەسێک دەکوژێت و هۆکاری سەرەکی جەڵتەی دڵ و مێشک و کوێر بوون و پەککەوتنی گورچیلە و بڕینەوەی قاچەکانە .
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەڵێت “لە ڕۆژی جیهانی شەکرەدا، لە سەرجەم سەنتەرەکانی شەکرە لە کوردستان چالاکی هۆشیاری تەندروستی و پشکنینی خوێن بۆ هاووڵاتیان بۆ زانینی شەکرە لە ڕێگەی تیمە تەندروستیەکان ئەنجام دەدرێت”.