زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان رایگەیاند”ساڵ بە ساڵ ڕەوشی مافەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێم بەرەو خراپتر دەچێت.” لەگەڵ ئەوەش رەخنە لەڕێکخراوی هیومان رایتس ۆوچ دەگرێت و راپۆرتەكانی لەبارەی مافەكانی مرۆڤ لەهەرێم بە “سیاسی” ناودەبات.
سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕێکخراوی هیومان رایتس ۆوچ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە خراپی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان لە هەرێمی کوردستان کردبو رایگەیاندبو كە هێزەكانی ئاسایشی هەرێم لەبەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازدا توندوتیژییان بەكارهێناوە.
زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە”ساڵ بە ساڵ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات. هۆکارەکانیش زۆرن بەتایبەت کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و قەیرانی دارایی و چارەسەرنەکردنی کێشەی نێوان بەغدادو هەولێر.”
هیومان رایتس ۆوچ لە راپۆرتەكەیدا ئاشكرایكردبو كە لەخۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکانی کۆتایی مانگی سێدا لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئاسایش لایەنیکەم 84 خۆپـیشاندەرو 4 ڕۆژنامەوانیان دەسـتگیرکردوە.
سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ دانی بەوەداناوە كە “هەندێک لایەن بەجلی مەدەنیەوە هاتونەتە ناو خۆپیشاندەران و توندوتیژیان بەکارهێناوەو لەخەڵکیان داوەو دەستگیریان کردون و بردویانن بۆ شوێنێکی تر.” بەڵام ئەوەشی خستۆتەڕو”لەهەمان کاتدا ئەو زانیاریانەشمان دەسکەوتوە کە هەندێک لەخۆپیشاندەرەکان دەرچون بەلای لایەنێکی سیاسی و دروشمیان دژی لایەنێکی سیاسی دەوتەوە. کەواتە هەڵەیەک هەبو هەم لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوەو هەم لەلایەن خۆپیشاندەران. هەردولایان پێشێلکاریان دژی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامداوە.”
ئەو رەخنەی لە راپۆرتەكەی هیومان رایتس ۆوچ گرتوەو وتویەتی”ئێمە وەکو دەستەی مافی مرۆڤ بۆ خۆمان ڕاپۆرتمان هەیە لەسەر پێشێلکاریـیەکانی مافی مرۆڤ بەڵام ئەم ڕاپۆرتانە لای ئێمەش گرنگە چاودێریان دەکەین و بەراوردیان دەکەین لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەی لای ئێمە هەن، بەڕاستی زۆر جار تێبینی دەکەین و بەبەڵگەوە بەتایبەت ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتەکانی سیاسییە. ئێمە جگە لە ئۆفیسی سەرەکی 12 ئۆفیس و لقی ترمان هەیە هەندێک خاڵ لەو ڕاپۆرتانە باس دەکات کە لای ئێمە قەت بونی نەبوەو نییە، کەس لەسەر خۆپیشاندان لە کارەکەی دەرنەکراوەو قەت شتی وانەبوە، بەڵام خەڵکانێک گیراون یان لێیان دراوە یا شەقیان تێهەڵدراوە بەڵێ ئەمانە هەبون.”
سەبارەت بە پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسانیش، زیا پترۆس وتویەتی”پێشێلکارییەکانمان لە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ سەندیکا باس کردوە، ڕاستە هێزە ئەمنیەکان نەیانهێشتوە هەندێک کەناڵی دیاریکراو بێنە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکان بەڵام هەندێک لە ڕۆژنامەنوسان و پەیامنێر هەبوە کە لە پیشەکەی خۆی دەرچوە. ڕۆژنامەنوس ئەرکەکەی ئەوەیە ڕوماڵی خۆپیشاندان بکات بەڵام پەیامنێر و ڕۆژنامەنوس هەبوە لە ئیشەکەی خۆی دەرچوە و بۆتە بەشێک لە خۆپیشاندەران، لە هەمان کاتدا ئێمە بە دواداچونمان کردوە و دەستنیشانمان کرد کە هەندێک لە خۆپیشاندەران بە چەک و چەقۆوە هاتبونە خۆپیشاندانەکان.”
هەروەها هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەشی خستبوە ڕو؛ هێزەکانی ئاسایش هێزی نایاسایـیان بەکارهێنابو بۆ ناچارکردنی هەندێک لە خۆپـیشاندەران و ڕۆژنامەوانان تاوەکو مۆبایلەکانیان بۆ بکەنەوە و پاشان پاسۆردی فەیسبوکەکانیان بدەنێ. هەروەها هەندێکیان ناچارکراون کاغەزێک واژوبکەن کە تیایدا بەڵێن بدەن چیتر بەشداری لە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی نایاسایی ناکەن. ڕۆژنامەوانێک داوای لێکرابو واژوی بکات کە چیتر وێنەی خۆپـیشاندانەکان ناگرێت، بەڵام ڕۆژنامەوانەکە داواکەی ڕەتکردوەتەوە.
زیا پترۆس لەبارەی ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکەوە وتویەتی”بەڵێ حاڵەتی لەو جۆرە بونی هەبوە لەبەرئەوەی خۆپیشاندان و خۆپیشاندەرەکان لە ئاقاری خۆیان دەرچون و لەناو خۆپیشاندەران لایەنێکی سیاسی هەبو کە دەیویست ئەم ناڕەحەتیە و داوایەی فەرمانبەران بقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندی حیزبی خۆی بۆیە ئەم حاڵەتە دروست دەبێت لەلایان هێزە ئەمنیەکانەوە.”