“بەشێک لە برجوازیەکان، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەدەن بۆ نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکان لە پێناوی بەهێزکردنی پاڵپشتیەکانی کۆمەڵگای برجوازیدا.
ئەم بەشە، زانا ئابووریەکان و خێرخوازەکان و ئینسانیەکان و ئەو خەڵکە دەگرێتەوە کە بایەخ بە چاککردنی چارەنووسی چینە زەحمەتکێشەکان و ڕێکخستنی کاری خێرو سەدەقە و پاراستنی ئاژەڵ و کۆمەڵەی قەناعەتداران دەدەن .. برجوازیەت خۆی وا لەو جیهانە دەڕوانێت کە خۆی سەروەر و زاڵە تیایا، وەک ئەوەی گوایە ئەمە باشترین جیهان بێت، سۆشیالیزمی برجوازییش، ئەو تێڕوانینە لە کۆمەڵە بنکەو سیستمێکی کامڵی هەمەجۆرەدا ڕێکدەخات .. داوا لە پرۆلێتاریایش دەکات ڕازی بن و ئەم کۆمەڵگایە بە بەس بزانن، بەڵام واز لەو چاوە ڕقاویە بهێنن کە سەیری ئەم کۆمەلگایەی پێدەکەن .. ئەم سۆشیالیزمە هەرگیز مەبەستی گۆڕینی بارودۆخی ژیانی ماتریالیستی و ڕووخاندنی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی برجوازیەت نیە کە بەهیچ جۆرێک وەدی نایەت بە شۆڕش نەبێت، بەڵکو مەبەستیان وەدی هێنانی ڕێفۆرمی ئیداریە لەسەر خودی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی برجوازیەت خۆی/کارل مارکس، مانیفێست”.
٢) سۆشیالیزمی زانستی
“پشکنینی زانستی” دەربارەی سۆشیالیزم .. هەر کۆپیەکی دووهەمی هەموو ئەو ئایدیایانەیە کە لەو کتێبەو لە وەرەقەکانی بیست و یەک و لەو کتێبانەی تریشدان کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی یەکەمی کۆمۆنیزمی ئەڵمانی” .. ئەوان “پاش ئەوەی دەستەواژە فەلسەفیە بۆشەکانی خۆیانیان خستۆتە پشت ڕەخنە مێژووییەکانی فەرەنسیەکانەوە، ئینجا ئیتر چەندان ناوی جیاوازیان لە کارەکانی خۆیان ناوە، وەک (فەلسەفەی کار)، (سۆشیالیزمی ڕاستەقینە)، (زانستی سۆشیالیزمی ئەڵمانی)، (بنچینەی فەلسەفی سۆشیالیزم)، وە زۆری تریش (کارل مارکس، الايديولوجية الالمانية).
“هەروەک چۆن زانایانی ئابووری نوێنەری زانستیی چینی برجوازیەتن، سۆشیالیستەکانیش تیۆریستی چینی پرۆلێتاریان. ئەگەر پرۆلێتاریا هێشتا گەشەیەکی تەواوی نەکردبێت و خۆی وەک چینێک پێکنەهێنابێت .. وە هێشتا هێزەکانی بەرهەمهێنان، لە ئامێزی برجوازیەت خۆیدا، پێشکەوتنێکی تەواوی بەخۆیەوە نەبینیبێت، کە توانای سەرنجێکی ووردبینانەمان بداتێ دەربارەی ئەو مەرجە ماتریالیستیانەی پێویستن بۆ ڕزگار بوونی پرۆلێتاریا و پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی نوێ، ئەوا ئەو تیۆریستانە هەر ئەو یۆتۆپیانەن کە بۆ وەدیهێنانی ئارەزووەکانی چینی چەوساوە، مەزهەب دادەنێن و دەکەونە گەڕان بەدوای زانستێکی نوێدا” (کارل مارکس، هەژاریی فەسەفە).
٣) سۆشیالیزمی یۆتۆپی
لەدوای شۆڕشی کۆمۆنە، ئیتر پێویستیی ئەو وەهمە بەسەرچوو کە بگەڕێن بەدوای مەزهەب و زانستێکی تایبەتیدا بۆ سۆشیالیزم، مارکس واتەنی: “لەو چرکەساتەدا کە چینی کرێکاری تێدا بووە واقیعێکی ڕاستەقینە، ئیتر وەهمە یۆتۆپیەکان بەسەرچوون، ئەمەیش لەبەر ئەوە نەبوو کە چینی کرێکار وازی لە ئامانجی دیاری کراوی سۆشیالیستە یۆتۆپیەکان هێنابێت، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو ئامرازە واقیعیەکانی دۆزیەوە بۆ دروستکردنی واقیعێکی ڕاستەقینە، وە لە جێی ئەو وەهمانە، ئیدراکێکی واقیعی سەریهەڵدا لە بارەی مەرجە مێژووییەکانی ئەو بزووتنەوەیەوە” (کارل مارکس، الحرب الاهلية في فرنسا).
٤) هەرەوەزکاریی کۆمۆنی
کۆمۆنە نیشانی داین ئەوەیە سۆشیالیزم، مارکس واتەنی: “دەبێت هەردووک کەرەسەی بەرهەمهێنان کە زەوی و سەرمایەیە و لە ئێستادا هەردووکیان، بەر لە هەرچی، ئامرازی چەوساندنەوەی کارن، ببنە دوو ئامرازی کاری ئازادانەی هاوبەش” … “دەبێت بەرهەمهێنانی هەرەوەزکاریانە بخرێتە جێگای سیستمی سەرمایەداری/الحرب الاهلية في فرنسا” .. “بۆ گۆڕینی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بۆ یەک سیستم، فراوان و یەکگرتوو لە کاری ئازادانەی هەرەوەزکاریدا، دەبێت گۆڕانکاریەکی کۆمەڵایەتی گشتیی ڕووبدات، دەبێت بنچینەی سیستمی کۆمەڵایەتی بگۆڕدرێت (بەیانی کۆمەڵەی کارگەرانی جیهان).
ئا بەمجۆرە، سۆشیالیزم نە ئایدیایەکە لە مارکسەوە، نە زانستیە، نە بۆ چاککردنی کۆمەڵگای سەرمایەداریە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ژیانی هەرەوەزکاریی کۆمۆنی. ئەمەیش داهێنانی مێژوویی ئەو چینە پرۆلێتاریەیە کە برجوازیەکان بە گەمژە و نەخوێندەواریان ناودەبەن نەک داهێنانی فەیلەسوف و بیرمەند.
ئامادەکردنی:ئەنوەر نەجمەددین
٢٦ / ٧ / ٢٠٢٣