رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان دەریدەخات لە هەرێمی كوردستان بێڕێزی تەواو بە ئازادی رادەربڕین دەكرێت.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبەیاننامەیەكدا كە رۆژی(چوارشەممە) بڵاوكراوەتەوە لەزاری لەین مەعلوف، بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەرێكخراوەكە رایگەیاندوە قسەیان لەگەڵ چەند شایەتحاڵێك كردوە كە لەنێویاندا مامۆستا و رۆژنامەنوس هەبوە و باسی ئەو دیمەنانەیان بۆ كردون كە تێیدا لە هەولێرو دهۆك هێزە ئەمنییە كوردییەكان و كەسانێكی چەكدار بەجلی مەدەنییەوە توندوتیژیان بەكارهێناوە بۆ بڵاوەپێكردنی ناڕەزایەتی ئاشتیانە.
وتوشیەتی”خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز روبەڕوی لێدان و سوكایەتی پێكردن بونەتەوە. هەروەك رۆژنامەنوسان كە كامێراو مۆبایلیان بۆ تۆماركردنی ناڕەزایەتییەكان بەكارهێناوە روبەڕوی پەلاماردان بونەتەوە.”
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو كارە بە هیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییەو هەوڵێكی تەواوە بۆ سەركەوتكردنی ئۆپۆزسیۆن.
بەپێویستیشی زانیوە دەسەڵاتدارانی كورد سنورێك بۆ پەلاماردان و هێرش و هەڕەشەكان بۆ سەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان دابنێن و وتوشیەتی”پێویستە دەسەڵاتی هەرێم ژیانی هەر كەسێك كە پیادەی مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی ئاشتیانە دەكات بەبێ هیچ دەستوەردانێك، زامن بكات.”