لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ مەترسی هەیە،پرۆژەیاسای کەمکردنەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران پشتگوێ بخرێت

مەترسی هەیە،پرۆژەیاسای کەمکردنەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران پشتگوێ بخرێت

0 تێبینییەکان 18 بینینەکان

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان هۆشداریدەدات لەسەر بونی مەترسی پشتگوێخستنی پرۆژە یاسای چاكسازیی خانەنشینی‌و موچە، سكرتێری پەرلەمانی كوردستانیش جەخت دەكاتەوە كە لەماوەیەكی نزیكدا پرۆژەكە هەموارو پەسەنددەكەنەوە.

ئا: نیاز محەمەد

دو هەفتە لەمەوبەر پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسای چاكسازی لەخانەنشینی‌و موچە‌و دەرماڵە‌و ئیمتیازاتەكان پەسەندكرد ئەوەش پاش ئەوەی دەستكاری مادەی سێی پرۆژە یاساكە كرا كە تایبەتە بە‌موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەمساڵدا پرۆژە یاساكەی پێشكەشی پەرلەمان كرد كە تێیدا پێشنیاری كردبو موچەی پلە باڵاكان لەهەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق دابڕێژرێتەوە.
پەسەندنەكردنی ئەو پێشنیارەی حكومەت كاردانەوەی توندی بەرامبەر یاساكە لێكەوتەوە ئەوەش وایكرد سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەرەتای هەفتەی رابردودا یاساكە رەتبكاتەوەو بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردنەوەی.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان، حاکم ئەحمەد ئەنوەر بە‌ئاوێنەی راگەیاند ترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی ئەوەی پرۆژە یاساكە لە‌بەرژەوەندی خەڵكێكی زۆر دەدات‌و بەهۆی ئەو ناڕەزایەتیانەی لەسەر مادە سێی پرۆژەكە دروست بون ببێتە هۆی دواخستنی یەكجارەكی پەسەندكردنی یاساكە.
حاكم ئەحمەد داوا لە‌هەمو لایەنەكان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات كار بكرێت بۆ ئەوەی پرۆژەكە بەزوترین كات هەموار بكرێت بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە‌و پەسەندكردنی پشتگوێ نەخرێت‌و نەخرێتە سەر رەفەو تۆزی لەسەر بنیشێت.
بەبڕوای ئەو پرۆژە یاساكە ئەگەر هەموشی نەبێت لەسەدا 80ی لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە.
پەرلەمانی كوردستان لەئێستادا تا 6ی ئایار لەپشوی رەسمی خۆیدایەوە بۆ كۆبونەوەو هەمواركردنی پرۆژە یاساكە پێویستی بە‌ئەنجامدانی كۆبونەوەی نائاسایی هەیە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا كە بۆ پەلەكردن لەهەمواركردنەوەی پرۆژە یاساكە لەچەند رۆژی رابردودا نوسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردوە‌و پێشنیاری ئەوەشیان كردوە كە بۆ پرسی خانەنشینی لەهەرێم كۆی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق جێبەجێ بكرێت‌و بە‌تاكە چارەسەریشیان ناوبردوە.
ئەوەش لەكاتێكدا كە بەوتەی ئەو داواكاری بۆ جێبەجێكردنی كۆی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە رەتدەكرێتەوەو حكومەت پێشتر لەكۆبونەوەی پەرلەماندا ئەوەی بە‌پەرلەمانتاران راگەیاندوە كە بەهۆی ئەوەی داهاتی زۆری پێویستە ناتوانن كۆی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق جێبەجێ بكەن.
بەبڕوای حاكم ئەحمەد حكومەت ئەگەر بەدو قۆناغیش یاسای خانەنشینی عێراق جێبەجێ بكات باشترە لەوەی جێبەجێی نەكات بەشێوەیەك كە لە‌قۆناغی یەكەمدا یاساكە لەسەر پلە باڵاكان جێبەجێ بكرێت تا دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان باش دەبێت.

لای خۆیشییەوە بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بەئاوێنەی راگەیاند پرۆژە یاساكە جارێكی دیكە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە رەوانەی لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان (دارایی‌و یاسایی) كراوە بۆ مەبەستی گفتوگۆ‌و دەستكاریكردنی.
وتیشی”پاش ئەوەی لەلایەن ئەو لیژنانەوە دەستكاری ئەو بڕگەو مادانە دەستكاری كران كە تێبینیان لەسەر هەبو، پەرلەمانی كوردستان لەماوەیەكی نزیكدا كۆبونەوەی نائاسایی خۆی دەبەستێت بۆ پەسەندكردنی هەموارەكە.”
وتیشی”لەهەمواركردنەوەیدا رەچاوی هەمو ئەو تێبینی‌و رەخنە‌و سەرنج‌و پێشنیارانە دەكرێت كە لەلایەن چینوتوێژە جیاوازەكانەوە ئاڕاستەی پەرلەمان كراوە.”
وتیشی”خواستی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران بو كە هەمو یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق جێبەجێ بكرێت بەڵام حكومەت بە‌ئێمەی وت كە ناتوانێت ئەوە بكات لەناو هۆڵی كۆبونەوەی پەرلەمان.”
جەختیشی كردەوە كە كار بۆ ئەوە دەكەن موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان بەشێوازێك لە‌پرۆژە یاساكە جێی بكرێتەوە كە هەمان میكانیزمی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق مامەڵە لەگەڵ خانەنشینی پلە باڵاكاندا بكرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەو قسانەی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، سەرۆك‌و جێگری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان رەتیدەكەنەوە یاساكە گەیشتبێتە دەست ئەوان.
عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە‌پەرلەمانی كوردستان بە‌ئاوێنەی راگەیاند كە رەنگە سەرۆكایەتی پەرلەمان پرۆژەكەی رەوانە كردبێت بەڵام تا ئێستا نەگەیشتۆتە دەست لیژنەكەی ئەمان.
لای خۆیشییەوە عەلی حەمە ساڵح، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی بە‌ئاوێنەی راگەیاند هێشتا ئەو یاسایە بەمەبەستی هەمواركردنەوە لای سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە‌و رەوانەی لیژنەی ئەوان نەكراوە.
عیزەت سابیر ئاماژەی بەوەشدا هەر كات یاساكە گەیشتەوە دەست لیژنەی ئەوان، كاردەكەن بۆ ئەوەی هەمو ئەو شتانەی لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان لە‌یاساكەدا جێیان بكەنەوە.
عەلی حەمەساڵح-یش باسی لەوە كرد كە ئەوان هەروەك پێشتر كاریان بۆ ئەوە كردوە كە لەپەیوەست بە‌پرسی خانەنشینییەوە، كۆی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت نەك چەند بڕگەیەكی وەك حكومەت پێشنیاری كردبو كە تەنیا بۆ خانەنشینی پلە تایبەتەكان هاوشێوەی یاساكەی عێراق لێرەش پەیڕەوبكرێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە