كە باس لە وێستگە دەكرێت، راستەوخۆ بیرمان بەرەو وێستگەی پاس، یان شەمەندەفەر و گواستنەوە پەل دەكشێ. ئەكرێ وێستگە وەستان بێت بۆ سەیركردن و شیكاری لە ھەر دیاردە و وشەیەك لە سەردەم و كاتێكدا ببێتە وێردی سەر زمانی زۆرێك لە ھاووڵاتییان كە گوزارشت لە پێكەنین، گریان و ئازاریان بكات. ئەمەش بە ئاسانی لە رستە و دەستەواژە و زمانی ژیانی رۆژانەیان خۆی دەبینێتەوە.
وێستگەی ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو، زۆرترین و قورسترین ئازارەكانی خەڵكی باشووری كوردستان لەخۆ دەگرێت، سەرچاوەكەشی لەو دیاردانە ھەڵدەقوڵێت كە لە ھەشتاكاندا رژێمی بەعس شالاوی كیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفالی گەرمیان و بارزانییەكان و دەیان ناوچەی دیكەی كوردستانی دەستپێكرد. سێ دیاردەی ناشیرن و پڕ لە ئازار، ئەوەیش بووە ھۆی رەشە كوژی نەتەوەیەك و بازرگانیكردن بە پەرێزی پاكی ژنانی كورد و ماڵوێرانكردنیان و دەربەدەركردنیان كە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئاسەوارەكەی بەژیانی زۆرینەمانەوە دیارە. وێستگەی راپەڕین، دەسپێكی نەوەدەكان وەچەرخانێكی میژوویی شۆڕشی باشووری كوردستان راپەڕینی سەرتاسەری لەدایكبوو، ئەوەیش بەیداخی كوردستان بۆیەكمجار لە بەرزاییەكانی جەبەل حەمرین ھەڵكرا. دەسەڵاتی بەعس لە كوردستان كۆتایی ھات و ئەمەش بەرگێكی دیكەی بەبەر نەتەوە و نیشتماندا كرد و بووین بە خاوەنی حكومەت و پەرلەمان. وێستگەی شنگال، دوای دەیان ساڵ ئارامی و ھێمنی باڵی بەسەر كوردستان كێشا و تا رادەیەك خەڵكی بەژیانی خۆیانەوە سەرقاڵبوون، وڵات بەرە و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەنگاوی دەنا.
بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و رێكخراوی تیرۆرستی داعش سەری ھەڵدا و رووی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستانكرد و بەدڕندانەترین شێوە پەلاماری شنگالیاندا و برینەكانی ئەنفال و كیمیابارانیان لا زیندوو كردینەوە و ئەوەی بەعس لە رابردوو بەسەری ھێنابووین داعشیش لەسەر كوردانی ئێزدی دووبارەی كردەوە. وێستگەی كەركووك، ھەرگیز چاوەڕێ نەدەكرا كەركووك لە دەستبدەین و تەواوی ھاوكێشەكان بەم ئاسانییە لە شارەكەدا بگۆڕدرێن و خەونی سەدان ساڵەی كورد لە گۆڕبندرێت، ئەوەیش بە داگیركردنی كەركووك لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق، ھەروەھا ھێنانە خوارەوەی ئاڵای كوردستان لە ھەموو شوێنێكی كەركووك و شكاندنی پەیكەری پێشمەرگە و سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی كورد لە شارەكە. بەدەر لەمانەش ئەوەی لە خورماتوو روویدا قەتلوعامكردنی كورد و دەربەدەركردن و تەعریبكردنی بوو لە ناوچەكە كە بووە ھۆی ئاوارەكردنی سەدان ھەزار خێزانی كورد لە ناوچەكە، ئەمانە ھەمووی وێستگەی تاڵ و شیرینن كە ھەرگیز لە یاد ناكرێن و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەروونی ھەر تاكێكمان ھەیە، بەجۆرێك خەڵكێكی زۆر دوچاری شلەژان و بارێكی خراپی دەروونی ھاتووە.
لە راستیدا دەبوو بە تێپەڕبوونی كات بەرپرسانی كورد لە باشووری كوردستان زیاتر ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان بە ئەنجام گەیاندبایە، بەڵام بەداخەوە ئەم وێستگە مێژوویانە بەزوویی كوژانەوە. ئەگەرچی شێوازی كاركردنی بەرپرسان بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا دەبێت زیاتر چاوەڕێی ھەڵدێر و لێكترازانی زیاتر بن، چونكە ناتەبایی و ناكۆكی نێوماڵی كورد دەرفەتی داوەتە دووژمنان بۆ ئەوەی دەرفەتەكان لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە دواجار باجەكە لەسەر شانی گەل دەبێت، بێ ئەوەی كاریگەرییەكی ئەوتۆیی لەسەر ژیان و گوزەرانی بەرپرسان ھەبێت، بۆیە گرنگە بەجدیی شان بدەنە بەر ئەركە گرنگەكان و كۆتایی بە ناكۆكییەكان بێنن و یەكگرتووانە تێبكۆشن بۆ ئەوەی ھیوا بۆ خەڵكی كوردستان بگەڕێننەوە كە ئێستا پڕن لە بێ ھیوای و لە لووتكەی توڕەبوون، لەوپەڕی ژیانی سەخت و گوزەراندان كە بەھۆی قەیرانی دارایی دووچاری بوونە.
لەبەر ئەوە پێویستە بە كردەیی حكومەت ھەنگاو بنێت و كۆتایی بە یەكتر تۆمەتباركردن بێنن بۆ ئەوەی یەكدەنگی دروستبێت، تا پێش ھەڵبژاردنەكانی عێراق خۆیان بە باشی ئامادەبكەن بۆ ئەوەی بە بەھێزییەوە بچنە نێو دانیشتن و گفتوگۆ سیاسییەكانەوە، گەر تەنیا بۆ یەكجاریش بێت پێوسیتە لایەنەكان، كۆتایی بە موزایەدەی سیاسی بێنن بە تایبەتی لەم قۆخانە سەختە كە بەیەكجاری خەڵكی باشووری كوردستانی ھەراسان و سەرگەردانكردووە، نابێت بیرمان بچێت بەھاری راپەڕینی سەرتاسەری خەڵكی كوردستان لە ژێر چەتری یەكڕیزی و یەكھەڵوێستی شۆڕش كراو بەرھەمێكی مەزنی ھەبوو، با ئەم بەھارە نركە و ناڵەی تێكەڵبكات و لەگەڵ یادی راپەڕینی 1991 بۆ دەستەبەركردنی یەكڕیزی نیشتمانی، تاكە زامنە بۆ وەڵامدانەوەی نەیاران و دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا كورد لە باشووری كوردستان رووبەڕووی بووەتەوە.