لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت عەفرین توركیای توشی شۆك كردوە

عەفرین توركیای توشی شۆك كردوە

0 تێبینییەکان 36 بینینەکان

كوردەكان گیانبازییەكی بەرچاویان لەڕوبەڕوبونەوەی هێزەكانی توركیادا، نیشاندا. توركیا ماوەی 12 رۆژە هەوڵی ئەوە دەدات پێ بنێتە نێو خاكی كانتۆنی عەفرینەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشڕەوییەكی دیاری لەناوچەكەدا لەسەر حسابی یەپەگە بەدەستنەهێناوە. ئەوەش نیگەرانی‌و دڵەڕاوكێی دەرباەری توانای توركیا بۆ كۆتاییهێنان بە‌ئۆپەراسیۆنەكە “لەزوترین كاتدا” دروست كردوە، وەك ئەوەی ئەردۆغان بەڵێنی دابو.

وێڕای ئەوەی ژمارەی چەك‌و سەربازانی توركیا كە لەلایەن هەزاران چەكداری گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریاشەوە پشتیوانی دەكرێن لەچاو یەپەگەدا زۆر زیاترە، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە بەخۆڕاگری لەبەردەم هێرشەكاندا وەستاونەتەوە هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ كەوتنی عەفرین بەم نزیكانە. 

شارەزایانی سەربازی دەڵێن درێژەكێشانی شەڕی عەفرین لەبەرژەوەندی توركیادا نابێت، چونكە لەكۆتاییدا خۆی لەناو گێژاوێكدا دەبینێتەوە كە دەرچون لێی قورسە. بەتایبەت كاتێك ئەو چاوی لەوەش زیاترەو دەیەوێت بەرەو مەنبج بكشێت. ئەمە لەكاتێكدایە كە كەم نین ئەوانەی لە‌بۆسەدان بۆی تەنانەت لەنێو هاوپەیمانەكانیشیدا كە بە‌حەزەرێكی زۆرەوە لەگەڵی دەجوڵێنەوەو هەمو جوڵەیەكی دەخەنە ژێر پشكنینێكی وردو هەمەلایەنەوە ئەوەش بەهۆی نەبونی متمانە بە‌مەبەستەكانی. 

بۆچی سوپای توركیا لەعەفرین توشی شكست بوە؟

عەفرین شارێكی گەورەیەو ژمارەی دانیشتوانی 60 هەزار كەسە، وێڕای ئەوەی 78 گوند لەدەوروبەری شارەكە هەن. ئەوێ ماڵی كوردەكانە. 

لەهێرشەكەیدا بۆ سەر عەفرین، سوپای توركیا توشی شۆك بوە كاتێك دوجار شكستی هێناوە لە‌چونە ناو شارەكە لەگەڵ ئەوەی فڕۆكەی جەنگی‌و تانكی مۆدێرن‌و تۆپ‌و موشەكی بەشێوەیەكی چڕ لەبۆردومانەكانیدا بەكارهێناوە. بەڵام سروشتی شاری عەفرین‌و ناوچەكە سەختە، چونكە هەموی گردو دۆڵ‌و خاكێكی بەردینی سەختە كە تانك‌و ئۆتۆمبێلەكانی گواستنەوەی سەرباز ناتوانن بەو رێگە سەختانەدا تێپەڕن. تەنیا ئۆتۆمبێلی (فۆرویل درایڤ) دەتوانێت ئەو رێگایانە ببرێت بۆ چونە نێو عەفرین. 

سوپای توركیا لەیەكەم هێرشیدا بۆ سەر عەفرین شكستی هێنا. شەڕەكەی بەتێكشكاندنی 11 تانك‌و زیاتر لە‌16 ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەربازو زرێپۆش‌و كوژران‌و برینداربونی 45 سەرباز‌ دۆڕاند. هەروەك لەگروپە چەكدارەكانیش 65 كەس كوژران‌و 104 كەسیش برینداربون. 

پاشان سوپای توركیا ئامادەكاری بۆ هێرشی دوەم كرد، بەڵام كەشوهەوا یارمەتی نەدا، چونكە ئاسمانی هەوری‌و كەشوهەواش زۆر باراناوی بو. تانكە توركییەكان‌و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەربازانی توركیا بەهۆی دروستبونی گۆماوەكان لەئەنجامی باران‌و بارینی بەفر لەناوچەكەدا، نەیانتوانی پێشڕەوی بكەن، هەرچەندە سوپای توركیا موشەكی دروستكراوی ئەمریكای بەكاردەهێنا‌و نزیكەی 100 راجیمەی نا بەشارەكەوەو نیوەی شاری عەفرین-ی وێرانكرد. وتەبێژی یەپەگە رایگەیاندوە كە زیاتر لە‌150 كەسی مەدەنی شەهیدو برینداربون. 

پاش ئەوەش سوپای توركیا جارێكی دیكە پەلاماری عەفرینی دا، بەڵام ئەمجارە هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەبەرامبەریدا پاشەكشەیان كرد تاوەكو رایانكێشایە ناو ئەو رێگە سەرەكیانەی دەچنەوە سەر گۆڕەپانی عەفرین. بەڵام پاش چونە ناوەوەی سوپای توركیا، نزیكەی سێ هەزار شەڕڤانی یەپەگە دەستیانكرد بە‌بۆمبارانكردنی كاروانە سەربازییەكانی توركیا بە‌موشەكی دژەتانك، ئەوەش بوە هۆی تێكشكاندنی ژمارەیەكی زۆر تانك‌و زرێپۆشی توركیا. 

وێڕای ئەوە شەڕڤانان لەو شەڕەدا تونێلی ژێر زەوییان بەكارهێناوە كە پێش سێ مانگ ئەو تونێلانە لێدراون وەك ئامادەكارییەك بۆ شەڕ. بەشێوەیەك شەڕڤانان لەو تۆنێلانەوە هاتونەتە دەرەوە‌و بە‌موشەك لە‌زرێپۆش‌و تانكەكانی توركیایان داوە.

ئەردۆغان سەردانی ژوری ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە‌عەفرین دەكات

پاش شكستی دوەمی سوپای توركیا، ئەردۆغان لە‌ژوری ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای دوەمی توركیا لەشارۆچكەی (هاتای)ی توركیا لەنزیك سنوری سوریا دەركەوت. سوپای توركیا لە‌یەك ملیۆن سەرباز پێكدێت كە خۆی لە‌پێنج سوپادا دەبینێتەوە: سوپای یەكەم، دوەم، سێیەم، چوارەم‌و پێنجەم. هەر سوپایەك لە‌200 هەزار سەرباز پێكدێت بەتەواوی چەك‌و تۆپ‌و تانك‌و تەنانەت فڕۆكەی خۆی هەیە. ئەوەی فەرماندەیی شەڕی عەفرین دەكات سوپای دوەمە. 

سوپای ئەمریكا كە لە‌سێ ملیۆن سەرباز پێكدێت یەكەم سوپای بەهێزی ناو ناتۆیە‌و پاش ئەویش سوپای توركیا دێت. 

ئەردۆغان لەوێ رایگەیاند فەرمانی داوە بەگواستنەوەی ئەو ئەفسەرانەی سوپاكەی كە لەو شەڕەدا بەشداربون‌و لەشوێنیان ئەفسەری فیرقەی مغاویری توركی دابنێت‌. بڕیاریشی داوە بە‌دەركردنی ئەو ئەفسەرانەی كە بەرپرسیاری شكستەكە بون.

عەفرین، رێڕەوێك بۆ سەر دەریا

عەفرین بە‌دوا رێڕەوی گەیشتی كورد بەسەر دەریا دادەنرێت‌و یەپەگە پلانی ئەوەی هەیە لەو رێڕەوە كورد بگەیەنێتە سەر دەریا كە تەنیا 70 كیلۆمەتر لێوەی دورە. ئەوەش ترسی توركیای زۆرتر كردوە، بۆیە ئەردۆغان هەڕەشەی هێرشكردنە سەر شاری مەنبجیش دەكات كە بەشێكی ناوچەكە لەژێر دەستی یەپەگەدایە. بەڵام لەوێ نزیكەی 2000 سەبازی ئەمریكی جێگیركراون‌و توركیا داوای كشانەوەیان دەكات‌، ئەمریكاش دەڵێت بیر لە‌شتی وا ناكەینەوە.

سەرچاوە” ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە