عوسمانی حاجی مەحمود لە بیرەوەریەکانی خۆیدا لە سەردەمی پارتیزانیدا باسی وەفای سەگێک دەکات، سەگێک چۆن ئامادە نیە کەل و پەلی شاراوەی خاوەنەکەی بە جێبھێڵێت و پاسەوانیان دەکات، دوای ماوەیەک ھەر بە دیار کەل و پەلەکانەوە گیانی دەردەچێت ” کوردەواری دەڵێن دەتۆپێت”.
ئەو ئەو سەگە بەراورد بەو کەسە دەکات کە ھاوڕێ پێشمەرگەکەی شەھید دەکات و دێتەوە دەبێتە پیاوی بەعس، لێ ئەو سەگە دەکرێت بە سەگە برسیەکانی نوگرە سەلمانیش بەراورد بکرێت، ئەو سەگانەی برسی دەکران بۆ ئەوەی لاشەی مردوەکانی کورد لە ژێر خۆڵەکە دەربکەن و بیخۆن، ئەو سەگانەی زۆربەی ئەوانەی لە نوگرە سەلمان گڕاونەتەوە باسیان دەکەن. ئەوەی من دەمەوێ لەو بارەیەوە بینووسم نوسینێکی دوورو درێژترەو ئامانج لێی ھەر ئەو بەراوردە نیە، ئامانج لێی ڕوانینی مرۆڤی کوردیشە بۆ سەگ، کورد چۆن ھاوڕێیەتی سەگی کردووە، سەگ لای کورد پێگەو شوێنی چۆن بووە، سەگی کوردی جیاوازی لە تەک سەگی ئەوانی تردا چیە.
ئەمەیان بابەتێکی ترەو لە ماوەی داھاتوودا تەواوی دەکەم، بە داخەوە کورد کەمترین نووسینی لەبارەی سەگەوە ھەیە، لە کاتێکا سەدان ساڵە لە تەکیدایە، لە ماوەی رابردودا کتێبێکی قەبارە گەورەی ئینگلیزیم بینی لە سەر چۆلەکە لە باکوری ئەمەریکا، باسی ھەزاران جۆری چۆلەکەی دەکرد، کاتێ دەمویست بزانم کورد چی لە بارەی سەگەوە نووسیوە ھەرچی گەڕام ھیچێکی ئەو تۆم دەست نەکەوت، بەڵام لە گۆگڵ بە کۆی زمانەکان ھەزاران بابەت و نوسین لە سەر سەگ ھەیە، بە تایبەت سەگی ئەڵمانی، ئەمە پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی بیر لە نوسینی بابەتەکە بکەمەوە .
سەگەکانی نوگرە سەلمان ئەگەر بە مەبەستیش برسی نەکرابن، لێ سروشتی ئەو بیابانە و خودی نوگرە سەلمان بەو جۆرەیە کە بە ئاسانی ھیچیان دەستنەکەوێت بیخۆن، بۆیە دەبینی ھەر دوای داپۆشینی قوربانیەکە، ئەوان دەریان ھێناوەو خوردویانە، ئەمەش دڕندەیی سەگەکانمان نیشان نادات، ھێندەی دڕندەیی ئەو رژێمە مان نیشاندەدات، کە بەو جۆرە مامەڵەی لە تەک مرۆڤدا کردوە، ھەڵبەت سەگەکانیشی ناچار بە فێربوونی خواردنی گۆشتی مرۆڤ کردووە، سەگەکانی نوگرە سەلمان ھەڵگری ئەو پەروەردەیەن کە بەعس فێری کردوون، ھەر چۆن سەگەکەی گەرمیان ھەڵگری ئەو پەروەردەو فێر کردنەیە کە خاوەنەکەی فێری کردووە .
ئاخۆ لە ئەنفالەکاندا چەندین سەگی بەوەفا پاسەوانیان لە شت و مەک و مەڕو ماڵاتی خاوەنەکانیان کردووە، کە ڕەنگە بە شێک لەو خاوەنانە یان ببوبێتنە خواردنی سەگەکانی قەڵای نوگرە سەلمان یان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشوری عێراقدا بووبێتنە خاک و خۆڵ، لە بارەی سەگەکانی سەردەمی ئەنفالەوە چیرۆکی تریش ھەن کە ھیوادارم لەو نووسینەی بەڵێنم داوە بە تەواوەتی بیانگێڕمەوە .
لهتیف فاتیح فهرهج