عەبدوڵا مەحمود:
تەنها رۆژێک دوای رێکەوتنی یەکێتی و گۆران، پارتی کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سازدا، و دوای کۆبونەوەکە راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ڕیکەوتننامەکە بڵاوکردەوە.
نیگەرانی و هەراسی پارت لەڕیکەوتنی یەکێتی و گۆراندا، بەئاشکرا لەراگەیەندراوەکەی پارتیدا دیارە.
ئەگەر بە بەوردی سەیری راگەیەندراوەکەی پارتی بکەین دەبینین زوربەی زۆری تورەیی و غەزب و ئاگادارکردنەوەی یەکێتی نیشتیمانییە. ناوەرۆکی راگەیاندنەکەی پارتی لەو چەند خاڵەدا کۆدەبێتەوە. یەکێتی، رەچاوی هەوڵێک دەکات بۆ فراوانکردنی ناکۆکییە ناوخۆیەکان و بەرەو دۆخی نەخوازراوی جاران دەمانباتەوە. رێکەوتننامەکە رێگەدەگرێت لەوەی یەکێتی بتوانێ بە هەڵوێستێکی جیاواز لە بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێست بگرێت و بەمەش ئاڵۆزی و توندرەوی زیاتر دەکات. یەکێتی نیشتیمانی بێ پرس و گفتوگۆو رەچاوکردنی رێکەوتنی ستراتیجی، خۆی خستۆتە پاڵ لایەنێک کە کێشەی لەگەڵ پارتیدا هەیە. پارتی جگە لە ئیرادەی گەل هیچ ئیرادەیەکی تر قبوڵ ناکات. بە بێ پارتی ئەستەمە ئیدارەی هەرێم.
بە روونی دیارە کە پارتی هەرجۆرە گرژی و ئالۆزی و قوڵبونەوەی کێشەو ململانێکانی ناوخۆی هەرێم لەدەورەی داهاتوودا نەک هەر دەخاتە ئەستۆی یەکێتی نیشتیمانی، بەڵکو هۆشیارێشی پێدەدات لە گێرانەوەی دۆخەکە بۆ جاران، کە دیارە مەبەستی لە دوو ئیدارەیی و دەرهاویشتەکانی ئەم دوو ئیدارەییە و بەمەش دەیەوێت شانی خۆی لە دۆخی نەخوازراوی ئیستای کوردستان خاڵی بکاتەوە، بەرپرسیارییەتی دۆخی داهاتووش بخاتە سەر یەکێتی و هاوپەیمانەکانی. وە یەکێتی دەکاتە بەشێک لەو ململانێیەی ئیستای نێوان خۆی و بزوتنەوەی گۆران. وە لە دیدی پارتیدا لەمە بەدوا یەكیتی بەشێک نییە لەچارەسەر بەڵکو خۆی بەش و لایەنێکی ململانێ دەبێت لەگەڵ پارتی و لەبەرامبەر سیاسەت و نەخشەکانیدا. گوێنەدان و رەچاوەنەکردنی ڕیکەوتنی ستراتیجی و پرس و گفتوگۆ نەکردنی پێش وەختە بە پارتی سەبارەت بە رێکەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران. یەکێتی دەکاتە هاوبەش لە ململانیی و نێوان گۆران و پارتیدا… پارتی بەم بۆچونەی جاڕیکی تر جەخت لەو نەریتە ناشیرینە دەکاتەوە، کە پەیوەندی نیوان دوو حزب بەمانای كلۆمدان و ریگەگرتنە لەهەر ڕیکەوتنێکی تر، وە بەمانای بێدەنگەکردن و رێگرتنە لەبەیانی هەر هەلوێست و رەخنەیەکی سیاسی بۆ رای گشتی لەژیر ناو و بوونی پەیوەندی و رێکەوتنی هاوبەشدا. دیارە هیچ لەوە ڕۆشنتر نییە و بە دانپیانانی زۆرێک لە بەرپرسەکانی پارتی رێکەوتنی ستراتیجی دەمێکە بە هۆی ئاڵوگۆری سیاسی و تێکچوونی پارسەنگی هێزی قوتبەندیەکانی ناوچەکەو ئاڵوگۆرەکانی عێراق و کوردستانەوە، کۆتایی پێهاتووە و بە کردەوەش ئیکسپایەر بووە. بەڵام لەو شوێنەی یەکێتی پێویستی پێی بێت، یان پارتی پێویستی پێی بێت، دوبارە دەهۆڵی رێکەوتننامەی ستراتیجی بە قازانجی خۆیان دەکوتنەوەو لەدژی یەکتری بەدەستیەوە دەگرن. پارتی کە نیگەرانە لە رێکەوتنی گۆران و یەکێتی، جارێکی تر رێکەوتنی ستراتیجی زیندودەکاتەوە و وەکو کارتێک لە دژی یەکێتی بە دەستیەوە دەگرێت و بەپێشێل کاری تۆمەتباری دەکات…
ئەو راگەیاندنەی پارتی راستیەک بیر خەڵکی کوردستان دەهێنێتەوە کە هەرچۆن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە گرفت و ناکۆکی وڵاتانی ناوچەکەو ململانێ وجەنگەکانیان کەڵک وەردەگرن بۆ داسەپاند و جێگیرکردنی دەسەڵاتیان، ئاواش هەر کام لەو حزبانە کەڵک لە ناتەبایی و ململانێی نێوان حزبەکان وەردەگرن لە بەرامبەر بەیەکتریدا. لە دنیای واقعیدا پارتی نایەوێت حزب و لایەنەکانی زونی سەوز تەبا بن و رێکەوتن و سازان لە نیوانیاندا هەبێت، هەروەها یەکێتی و گۆرانیش بەهەمان شێوە نایانەوێت لە زونی زەردا، حزبەکان و هیزەکان تەباو خاوەنی رێکەوتن بن… ئەمە بۆ وڵاتانی ناوچەکەش راستە. توکیای نایەوێت لە زونی سەوزدا هیزەکان بەهیز بن و تەبا بن و ئێرانیش لە زونی زەردا نایەوێ ریزی حزبەکان، یەکگرتوو بن…
لایەنێکی تر وە میحوەری کە لە راگەیاندنەکەی پارتیدا ئەوەیە، کە پارتی هەم لەسەر گرفت و مەرگەساتەکانی رابردوو، هەم لە پەیوەند بە كیوێک لە گرفت و کیشە و دەردەسەریەکانی ئیستا کە روبەرووی خەڵکی کوردستانیان، کردۆتەوە. تا دەگات بە پەیوەند بەهەر پێشهات و دۆخیکی نەخوازراو لە داهاتودا، خۆی بە بەرپرس نازانێت و دەیەوێت هەموو ئەمانە بخاتە ئەستۆی یەكێتی وگۆڕان و لایەنەکانی تری نزیک لە یەکێتی. ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەموو گرفت و کێشەو دەردەسەری و کوێرەوەریەکانی خەڵکی کوردستان، هەموو لایەنە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لێی بەرپرسیارن، بە تایبەتیش پارتی بەشی شێری لەم دۆخەدا بەردەکەوێت. پارتی کە قەڵەمرەوی جغرافیایەکی بەرینتری لەژێر دەستەو دەستی گرتووە بەسەر هەموو جومگە گرنگ و هەستیارەکانی حکومەت و پەرلەمان و داهات و ئاسایش و پەیوەندییە ناوچەیی و … تاد، نەک ناتوانێ شانی خۆی لەم دۆخە مەمرەو مەژییەی خەڵکی کوردستان و گرفتە کەڵکەبووەکانی خاڵی بکاتەوە، بەڵکو بەرپرسی یەکەمی ئەو دۆخەیە.
رێکەوتنی حزبی گۆران و یەکێتی نیشتیمانی لە بنەرەتدا، بە جیا لەوەزعی ناوخۆی خۆیان و کەم بوونەوەی کاریگەریەکانیان، لە دۆخی هەرێم و ناوچەکەو و تەنانەت زوونی سەوزیشدا، وە بەجیا لەو گوشارە بەردەوامانەی پارتی لەسەریان، هەوڵێکە بۆ وەستانەوە بە هەژمونی پارتی و قۆرغکارییە بێ سنورو بێکۆتاکانی. گۆران یان یەکیتی بەتەنها ناتوانن ململانێی پارتی بکەن، بۆیە ویستی هەردوولا بۆ رێکەوتن، هەوڵێکی ناچاریان بوو تا بە قەبارەو هێزێکی گەورەترەوە، ململانێ پارتی بکەن و پشتیوانی ئێران و هاوکارەکانیشی لە ئیسلامی شیعی عێراق و ناوچەکەدا بەدەست بهێنن کە ئەمانیش، توانیویانە قۆرغی هەموو جومگە سەرەکی و گرنگەکانی عێراق بکەن… دیارە ئەمە هاوکات دەستوەردانی ئێران لە زوونی سەوزدا زیاتر دەکات. ئەم ئاڵوگۆرەش کاریگەری لەسەر جێگەو رێگەی پارتی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەو بەوپێیەش لە ناوخۆیی کوردستاندا. گۆرانی هاوسەنگی هێزە کە پارتی نیگەران و توشی کاردانەوەی خێرا کردووە بەرامبەر بە رێکەوتنی یەکێتی و گۆران. بەهۆی ئەم رێکەوتننامەوە تارادەیەک گوشاری زیاتر دەکەوێتە سەر پارتی تا لەبەشێک لەدەسەڵاتەکانی خۆش بێت و رادەستی گۆران و یەکێتی بکات و بە ناچاریش بەشداریان لە حکومەت و پەرلەمان و بەشیک لە جومگەکانی دەسەڵاتدارێتیدا، پێ بکات.
نیگەرانی و کاردانەوەی پارتی و دڵخۆشی و هەست بەسەرکەوتنی یەکێتی و گۆرانیش، بەشێکە لە ململانیی فراوانی ناوخۆیی و ناوچەیی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ یەکتریدا، بۆ دەسەڵاتی زۆرتر و بەشی داهاتی زیاتر. ئەمەش هیچ پەیوەندی بە ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە. ئەگەر حکومەت و پەرلەمان کە هەموو حزبەکانی خانەوادەی کوردایەتی و ریزیکی بەرین لە خێڵی نووسەر و رۆژنامەنووسی بێ بەهرە، شانازیان پێوەدەکەن و بە دوو دەزگای و پێکهاتەی شەرعی ئەزمونی هەرێم تەماشای دەکەن… کارا بکرێنەوە و جارێکی تر بخرێنەوە گەر، یان لەکار بخرێن و وەکو ئیستا و ٦ مانگی رابردوو شەلەل بن، هیچ لە دۆخی سیاسی هەرێم و ژیان وگوزەرانی خەڵکی کوردستان ناگۆڕیت. ئەگەر داهاتی نەوت و غاز شەفاف بیت و هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و… بە دامەزراوەیی بکرێن… هیچ بە قازانجی خەلکی کوردستان ناگۆرێت و لەباشترین حاڵەتدا، وەکو نیزامی ئیران و سوریا و عیراقی پێشووی، لێدیت… ئەمەش هیچی بۆ خەڵکی کوردستان تیانیە و تەنها لایەنەکانی بەشدار لەدەسەڵاتدا، کەمێک دادپەروەرانە تر!! تاڵانی داهات و قوتی خەڵکی کوردستان دەکەن و ئەوکاتە حزبەکان كڕ دادەنیشن. وە ئەگەر هەموو حزبەکان بە یەکریزی بگەرێنەوە بەغدا، جگە لە درێژە دان و رەوایی دان بە فیدارلیزمی تائیفی و قەومی و دەسەڵاتی عروبی ئیسلامی، کە خۆی سەرچاوەیەکی سەرەکی ململانێی و نێوان هەرێم و بەغدایە، هیچی ترنییەو ئەمەش مایەی دەردەسەرییە بۆ خەڵکی کوردستان. بۆیە خەڵکی کوردستان نابێ هیچ خۆشباریەکیان بە رێکەوتنی گۆران و یەکێتی هەبێت.
هەروەها نابێ رێگەبدرێت پارتی بە کارادنەوەو نیگەرانی خۆی لە رێکەوتنی یەکێتی و گۆران، شانی خۆی لە بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە خاڵی بکاتەوە وکە بەسەر خەڵکی کوردستانی هێناوە و ریگەی پێ بدرێت، وەکو ژاندارم پۆلیسی کوردستان، مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و گرفت و کیشەکانی بکات. بزوتنەوەی نارەزایەتی لەخوارەوەی خەڵکی کوردستان، رێکخراوبوون و هاتنە مەیدانیان لە ژیر ئاسۆی سۆسیالیستیدا، ئەو رێگایەیە کە دەتوانێ دێوەزمەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئەزموونە برسی هێنەر و سەرکوتکەرو تاڵانچیتیەکەی کەنار بخات و ئەزمونێکی تر لە ژیان بەدەستی خودی جەماوەری بەرهەم هێن وبێبەش، دابمەزرێنی… دەبێ بۆ ئەو نەبەردە ئامادەکاریی بکرێت… نەبەردیەک کە تیادا دەتوانێ ئینسان و ویست و خواست و ئازادیەکانی ئینسانی، بۆ هەموو تاکەکانی فەراهەم بکات.
abdulla.mahmud@gmail.com