لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت رەنگە رێككەوتنە نەوتییەكەی عێراق و ئێران، هەرێم لەهەناردەكردنی نەوتی كەركوك بێ هیوا بكات

رەنگە رێككەوتنە نەوتییەكەی عێراق و ئێران، هەرێم لەهەناردەكردنی نەوتی كەركوك بێ هیوا بكات

0 تێبینییەکان 17 بینینەکان

ئا: نیاز محەمەد

هەرچەندە هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە نەوتی كەركوك لەڕێی بۆری نەوت خۆیەوە هەناردەی توركیا بكرێت بەڵام رێككەوتنی عێراق لەگەڵ ئێران بۆ هەناردەكردنی نەوتی ئەو پارێزگایە بۆ كرماشان رەنگە هەرێم لەو چاوەڕوانییە بێ هیوا بكات.

رۆژی شەممەی رابردو، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند رێككەوتنێكیان لەگەڵ ئێران ئیمزاكردوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ كرماشان.

بەپێی رێككەوتنەكە رۆژانە 30 تا 60 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لەڕێگەی تانكەرەوە هەناردەی پاڵاوتگەكانی كرماشان دەكرێت تاوەكو بۆری نەوتی كەركوك ـ ئێران جێبەجێ دەكرێت.

رێككەوتنی عێراق‌و ئێران بۆ هەناردەی كەركوك لەكاتێكدایە پاش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە تێیدا عێراق دەستی بەسەر ئەو كێڵگە نەوتیانەدا گرتەوە كە دەكەونە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و ئەوەش هەناردەی نەوتی هەرێمی بۆ زیاتر لەنیوە كەمكردەوە.

هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لەو گفتوگۆیانەی كە ئەم ئامادەیی بۆ دەڕبریون‌و هێشتا بەغدا وەڵامی نەداوەتەوە، گرەو لەسەر هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا بكات بەجۆرێك كە نیوەی داهاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بێت. 

راوێژكاری ئابوری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بێوار خونسی پێی وایە رێككەوتنەكە كاریگەری نەرێنی تەنیا لەسەر ئابوری هەرێم نابێت بەڵكو كاریگەری خراپیش لەسەر ئابوری عێراق دادەنێت، چونكە بەپێی رەشنوسی 2018ی بودجەی عێراق، رۆژانە دەبێت 3 ملیۆن‌و 700 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكرێت، لەو ژمارەیەش دەبێت 3 ملیۆن‌و 150 هەزار بەرمیلی لەكێڵگەكانی باشور‌و ناوەڕاستی عێراقەوە‌و 550 هەزار بەرمیلیشی لە‌كێڵگەكانی كەركوك‌و هەرێمەوە هەناردە بكات، بەشێوەیەك 300 هەزار بەرمیلی كەركوك‌و 250 هەزار بەرمیلی هەرێم هەناردەبكرێت.

خونسی رێككەوتنەكە بە‌”پلانێكی سیاسی” ناودەبات بۆئەوەی ئێران خۆی قوتاربكات لەكێشەكانی دابینكردنی وزە بۆ پاڵاوتگەكانی خۆی لەكرماشان‌و تەبرێزو تەنانەت تاران-یش كە ئەو پاڵاوتگانە رۆژانە پێویستیان بە‌650 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت، چونكە بەقسەی ئەو بۆ ئێران گواستنەوەی نەوت لە‌باشوری وڵاتەكەیەوەو لەئابادانەوە بۆ تەبرێز‌و تاران‌و كرماشان ئاسان نییە، بۆیە دەیەوێت پشت بەنەوتی کەرکوک ببەستێت. 

بەپێی قسەی ئەو دوای ریفراندۆمی هەرێم‌و بەر لەڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەوەیەكی نهێنی لەگەڵ كۆمپانیای باكور‌و فەرمانبەرەكانی لەبارەی كۆنترۆڵكردنی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك‌و دەرهێنانیان لەژێر دەستی هەرێم ئەنجامداوە‌و تێیدا سێ پێشنیار خراونەتەڕو كە یەكێكیان ئەوە بوە كە لە‌16ی ئۆكتۆبەردا بە‌كۆنترۆڵكردنەوەی كەركوك‌و كێڵگە نەوتییەكان لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە جێبەجێكراوە تاوەكو نەوتی پارێزگاكە بگوازرێتەوە بۆ ئێران. 

داواشی كرد كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەبەرامبەر ئەو رێككەوتنەدا بێنەدەنگ، چونكە بەبڕوای ئەو رێككەوتنەكە خزمەت بەكەركوك ناكات‌و ئەو نەوتەی لەڕێی تانكەرەوە بڕیارە هەناردەی ئێران بكرێت 10 دۆلاری بۆ عێراق لەهەر بەرمیلێك نامێنێتەوە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ گفتوگۆ تا لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە نەوتی كەركوك هەناردە بكرێت كە خەرجییەكی كەمی تێدەچێت. 

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، جوان حەسەن لەبارەی رێككەوتنەكەوە ئەوەی خستەڕو كە بەپێی مادە دەستورییەكان رێككەوتن بۆ هەناردەكردنی نەوت دەسەڵاتێكی هاوبەشە لەنێوان حكومەتی ناوەند بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو شارەی كە نەوتی هەیە. 

بەڵام بەپێی قسەی جوان بەهۆی بارودۆخی ئێستای كەركوكەوە كە ئەنجومەنی پارێزگا كارا نییەو پارێزگاریش بەوەكالەت لەپۆستەكەیدایە، حكومەتی عێراق بێ گەڕانەوە بۆ كەركوك ئەو رێككەوتنەی كردوە. 

جەختیشی كردەوە كە بەغداش خۆی ئەوەی دەوێت‌و پیادەی دەستور ناكات‌و تەنانەت دەیەوێت فیدراڵیەتیش تەنیا وەك نوسین لەنێو دەستوردا بمێنێتەوە. 

بەڵام وتیشی”بۆ ئێمە گرنگە پشكی كەركوك وەك پترۆدۆلار‌و وەك بودجەی گشتی پارێزگاكە دابین بكرێت”.

كاوە محەمەد، ئەندامی لیژنەی وزە لە‌پەرلەمانی عێراق پێی وایە وەزارەتی نەوت بۆی هەیە لەهەمو ئەو شوێنانەی لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانن رێككەوتن بكات بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ دەسەڵاتێك.

وتیشی”پێتشر كە نەوتی كەركوك لەلایەن هەرێمە دەفرۆشرا ئێمە ئەزمونی ئەوەمان هەیە خەڵكی هەرێمی كوردستان‌و خەڵكی كەركوكیش سودیان لێوەرنەگرت. بەڵكو چەند حزب‌و كۆمەڵێك بنەماڵە‌و كەسایەتی سیاسی كوردستان لێی سودمەندبون”. 

جەختیشی كردەوە كە بەلای ئەوانەوە گرنگە هەر رێككەوتنێك بكرێت لەنێوان عێراق‌و ئێران بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك، خەڵكی كەركوك لێی سودمەندبن. 

وتیشی”گرنگە پترۆ دۆلار بۆ كەركوك خەرج بكرێت چونكە پێشتر كاتێك عێراق نەوتی كەركوكی دەفرۆشت‌و ئەو كاتانەشی هەرێم دەیفرۆشت خەڵكی كەركوك زەرەرمەندبون”. 

ئەو رەتیدەكاتەوە عێراق بیەوێت بەو هەنگاوی زیان بە‌ئابوری هەرێم بگەیەنێت بەڵكو ستراتیژی عێراق ئەوەیە كە دەروازەكانی هەناردەی نەوتی خۆی زیاد بكات‌و ئەوەش بە‌كارێكی باش دادەنێت بۆئەوەی نەكەوێتە ژێر كاریگەری تاكە وڵاتێكەوە وەك ئەوەی هەرێمی كوردستان تەنیا لەڕێگەی توركیاوە چەند ساڵە ئەوە دەكات وتوركیاش بەهەمو شێوەیەك تەحەكوم بە‌دۆخی سیاسی‌و ئابوری هەرێمی كوردستانەوە دەكات.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە