ڤیدیۆ.. لە هەولێر منداڵێك لەلایەن دایکییەوە بەستراوەتەوە و ٢٠ ڕۆژ وەک پێویست نانی پێنەدراوە،لەم لینکەدا زانیاری تەواو ببینە:
http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=90607
لەم بارەیەوە مەریوان ووریا قانیع دەنوسێت :
خێزانی کوردیی ڕووبەرێکی داخراوە بەڕووی دونیای دەرەوەدا و بەشێکی زۆری بەسەرھات و ھەڵسوکەوتەکانی ناوی نەزانراوە. ئەم خێزانە خانەیەکی کۆمەڵایەتییە بە دەیان تابو و بە سەدان شێواز لە بێدەنگیی و بە فۆرمی جیاوازی داپۆشین، شاراوەتەوە. بە دەگمەن نەبێت دەست بۆ وردەکارییەکانی ناو ئەو دونیا داخراوە نەبراوە، تەنانەت ئەدەبیاتی ئێمە ئەدەبیاتێکی بێدەنگە لە خێزان. ھاوکات گوتارێکی دینیی و ئەخلاقیی درۆزنانە باڵادەستکراوە کە خێزان لە دونیای ئێمەدا نەک تەنھا وەک ڕووبەرێکی کۆمەڵایەتیی و بێکێشە و بێگرفت نیشانیئەدات، بەڵکو وێنەیەکی تەواو رۆمانسیی بۆ دەکێشێت و وەک یەکەیەکی پڕ ھارمۆنیەت و خۆشەویستیی و ڕێز و بەزەیی نمایشیدەکات. ھاوکات چەندان ھێز و لایەن و ئایدیۆلۆژیا لەئارادان باس لەوە دەکەن کە خێزانی دونیای ئێمەدا تەواو جیاوازە لە خێزانی بەشەکانی تری دونیا، بەتایبەتی لە خێزان لە ئەوروپا و خۆرئاوادا. گوایە خێزانی لای ئێمە بەھەشتێکی بچکۆلانەی پڕ خۆشەویستیی و ڕێز و مەحبەتە و خێزانیش لە ئەوروپا یەکەیەکی داڕزاو و لەبەریەک ھەڵوەشاوە و بێھەست و بێسۆزە. ھەم گوتاری ئیسلامییەکان و ھەم ناسیۆنالیستە عەلمانییەکان و ھەم گوتاری خۆرھەڵاتناسیی ئەم کارە ئەنجامئەدەن. مەگەر جار نەجار حیکایەتێکی تۆقێنەری منداڵێکی وەک ئەم یوسفە دزەبکاتە دەرەوە و بتوانێت شتێک لەو دڵڕەقیی و نائینسانیەت و بەربەریەتە کەم وێنەیە نیشانبدات کە لەناو خێزانی کوردیدا ئامادەیە. نیشانیبدات چیھا فۆرمی تۆقێنەرانەی توندوتیژیی و دەستدرێژیی و سوکایەتیپێکردنی تێدایە. حیکایەتی ئەم منداڵە جارێکی دیکە یەکێک لە خورافەتە گەورەکانی دونیای ئێمە ڕووتدەکاتەوە و بەبێ جلوبەرگ نیشانی ھەموومانی ئەدات: خورافەتی خێزانی کوردیی وەک بەھەشتێکی بچکۆلانە. من زیاد لە پازدە ساڵە باسی ئەوەم دەکەم کە فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات لەناو خێزانی کوردیدا پێویستیان بە چاودێریکردن و لێپرسینەوە ھەیە، نابێت بەو شێوەیەی ئەمڕۆ ئازاد و بێلێپرسینەوە بن، لە دەسەڵاتی نێرەوە بەسەر مێدا بیگرە، بۆ دەسەڵاتی باوک و دایک بەسەر منداڵەکانیاندا و دەسەڵاتی گەورە بەسەر بچووکدا. ئەم حیکایەتەی یوسف پێماندەڵێت دەسەڵاتی ناو خێزان گەر چاودێرینەکرا دەتوانێت بۆ چ جەھەنەمێک بگۆڕێت. دەبێت چەند یوسفی دیکە دروستببن بۆئەوەی جوڵەیەک بەم ئاراستەیەدا دروستببێت. ئەی دەبێت چەند یوسفی تر ھەبن کە بەسەرھاتە کارەستئامێزەکانیان دیوارە ئەستورەکانی دەوری خێزانی کوردی بۆ نەبڕابێت و نەگەیشتبنە بەرچاو و بەر گوێی ئێمە.
مەریوان وریا قانع