ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی دا بارودۆخی کرێکارانی کەرتی تایبەتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین خستەڕوو.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دابین ڕایگەیاند، ئەم ڕاپۆرتەی ئێمە لە چوارچێوەی پاڵپشتی کرێکاراندا ئامادە کراوە، کە لە لایەن ڕێکخراوی دابینەوە ئەنجامدراوە، بۆ هەرسێ یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، یاسای کار و یاسای ڕێکخستنی سەندیکاکان لە سەر بنەمای ئەم سێ یاسایە کار و چالاکییەکانمان ڕووماڵ کردووە و لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەمان پێداوە، کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بووە.
وتیشی: لەلایەن حکومەتەوە کۆمەڵێک ڕێنمایی و یاسا دەرچووە کە لە سوودی کرێکارانە، لەوانەش بڕیاری زیادکردنی کرێی کار کە کەمترینی لە ٤٥٠ هەزارەوە دەستپێدەکات، هەروەها ڕاگرتنی خۆبەخشی لە کەرتی تایبەت و زیادکردنی مووچەی خانەنشینی بۆ ٥٠٠ هەزار، بۆیە گرنگە ئەم بڕیارانە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، لەوە گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت ئەو یاسایانە هەمووار بکرێنەوە کە بۆ ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ گونجاو بێت.
باسی لەوەشکرد، زیاتر لە ٦١ هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی دەستەبەر کراون، کە ٤٦ هەزار کرێکاریان پیاون و زیاتر لە ١٤ هەزار کرێکاریشیان ژنن، هەروەها لە ماوەی ئەمساڵدا ٣٦ کرێکار خانەنشین بوون و هەر لە ماوەی ئەمساڵەدا ٢٧ کرێکار گیانی لە دەست داوە لەو ناوچانە، لەو ژمارەیەش یەک کرێکاریان ژن بووە و هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانەکەی کەوتنە خوارەوە بووە لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون.