توێژینەوە لەبواری بەراوردکردنی سیستمەکانی میدیادا نەریتێکی دێرینە. بنچینەییترین توێژینەوەیەک مشتومڕی ئەکادیمیی بەدوای خۆیدا هێنابێت چوار تیۆرەکەی چاپەمەنییە کە ساڵی ١٩٥٦ لەلایەن سایبێرت، پیتەرسن و شرام ئەنجامدراو لەوێدا مۆدێلەکانی میدیایان بۆ دەستەڵاتدارێتی، ئازادی، کۆمۆنیستیی سۆڤیەت و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی پۆلێنکرد. ئەگەرچی ئەم توێژینەوەیە، رەخنەی ئەوەی لێگیرا کە لەڕووی پێوەرییەوە بێلایەن نەبووەو لەژێر کاریگەرییەکی توندی ئایدۆلۆژیاکانی جەنگی سارددا بووە (هەردی ٢٠٠٨)، بەڵام نکوڵی لەوەشناکرێت کە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لەبەدواداچوونی تیۆرو پێوەرەکانی میدیاو گەشەپێدانی ئەم بوارەدا (جاکوبۆڤیچ ٢٠١٠).
وەک دەبینرێت ئەزموونی سیاسەت و میدیا لەدۆخی بێمتمانەیی ئێستای هەرێمی کوردستاندا بەدەست بێ سیستمییەوە دەناڵێت. پەیوەندیی نێوانیان بووەتە پەیوەندیی کرێکار و خاوەنکار، نەک پەیوەندییەکی هاوبەرپرسیاری متمانەپێکراو کە گرەنتی سەربەخۆیی هەڵبژاردن و بڕیاردانی پیشەیی هەریەکێکیان بکات. سیستمی میدیایی لەم هەرێمە بندەستەی عێراقدا هێشتا ئاڵۆزو تەماوییە، چونکە بەهەمانشێوە خاوەنی سیستمێکی سیاسیی روون نییە کە پشتی بەبنەما دیموکراسییەکان بەستبێت. ئەوەش ژینگەیەکی ناسەقامگیرو نابەرامبەری بۆ پیشەوەرانی سیاسەت و میدیا رەخساندووە کە هەندێجار هەموو سنورێک دەبەزێنن بەبێ ئەوەی دووچاری هیچجۆرە لێپرسینەوەیەک ببنەوە. هەندێجاری تریش، لەبەر دەبڕینێکی سادەی سیاسیی و کاری رۆژنامەوانی، پیشەوەران رووبەڕی لێدان و گرتن و کوشتن یاخود شکاندن و سوتاندنی ئامێرو نووسینگەکانی کارکردنیان دەبنەوە. لەم نێوەندەشدا، دادگاکان و داواکاری گشتیی دەبنە تەماشاکەرێکی بێدەستەڵات و دوایین شوێن کە لەسەر پێشلکارییە یاسایی و پیشەییەکان بەدەنگ بێن!
لەو سۆنگەیەوەو ساڵی ٢٠٠٤، دانێڵ هاڵین و پاولۆ مانسینی توێژینەوەیەکی گرنگییان ئەنجامدا، توانیان شێوازێکی سیستماتیک و کردەیی بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی و لێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان میدیاو سیاسەت بدۆزنەوەو تایبەتمەندییەکانی سێ مۆدێل دەستنیشان بکەن. ئەم دوو توێژەرە، بەراوردی سیستمەکانی میدیایان لە ١٨ وڵاتی دیموکراسیی خۆرئاواییدا کرد. لەوانە، مۆدێلی دیموکراسیی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان (Democratic Corporatist Model) لە نۆ وڵاتی باکوری ئەوروپادا. مۆدێلی فرەلایەنی جەمسەربەند (Polarized Pluralist Model) لە پێنج وڵاتی ئەوروپیی باشوردا، لەگەڵ مۆدێلی لیبراڵی لەچوار وڵاتی باکوری ئەتڵەسییدا. دەستبەجێ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم توێژینەوەیەدا، مشتومڕێکی زیندووتری ئەکادیمی دەستیپێکرد، بەتایبەت لەڕووی وردیی چوارچێوە پێشنیازکراوەکانیان بۆ تێگەیشتنی ناکۆکییەکانی نێو سیستمە ناهاوتاکانی جیهان و دانانی لەنێو کۆنتێکستە کولتوری، کۆمەڵایەتیی و سیاسییە جیاوازەکاندا. لەپۆلێنکردنی ئەم سێ مۆدێلەشدا، چوار رەهەندی سەرەکیی یاخود چوارچێوەی تیۆریی بەهەند وەرگیران، لەوانە پێکهاتەی بازاڕەکانی میدیا یان پیشەسازیی رۆژنامە، هاوشێوەیی یان لێکچوونی سیاسی (political parallelism)، پیشەییبوونی رۆژنامەگەریی و رۆڵی دەوڵەت لە سیستمەکانی میدیادا.
بەپێی توێژینەوەکەی هاڵین و مانسینی (٢٠٠٤)، سیستمی میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا زۆرتر لەمۆدێلی فرەلایەنی جەمسەربەند یان وڵاتانی دەریای ناوەڕاست نزیکە. دیارترین تایبەتمەندییەکانی بریتیین لە هەبوونی ئاڕاستەیەکی رۆژنامەوانیی سیاسیی دەستەبژێر کە خاوەنی نزمترین تیراژی رۆژنامەیە، بەرزیی هاوشێوەیی یاخود لێکچوونی سیاسیی کە خۆی لە فرەلایەنییەکی دەرەکیی و مۆدێلێکی رۆژنامەگەریی ئاڕاستەکراوی کۆمێنتاری، پەرلەمانیی یان حکومیی دەبینێتەوە بۆ پەخشی سیاسیی یان فەرمانڕەوایی (حزبی) لەبری سیستمەکانی پەخشکردن. لەرووی بنەما پیشەییەکانییشەوە، رۆژنامەگەرییەکەی زۆر لاوازەو زۆرتر وەک ئامڕازێک بەکاردێت، بەجۆرێک حکومەت یان دەوڵەت دەستێوەردانێکی بەهێزی لە کاروباری میدیادا هەیە، لەرێی پشتیوانییکردنی چاپەمەنی لەسەروەختی سانسۆرو رەتکردنەوەی رێکخستنی میدیادا. هەربۆیە ئەم مۆدێلە دەبێ سەرلەبەری بگۆڕدرێت، چونکە هەبوون و هەزمکردنی سیستمێکی لیبراڵی میدیایی بەبێ تاقیکردنەوەی سیستمێکی لیبراڵی سیاسی، هەلی دەرکەوتن و گەشەسەندنی قورس و بگرە تاڕادەیەکیش ئەستەم دەبێت.