ئاوات عەلی بەڕێوەبەری گشتی ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی بە ئاگاداری هێزە ئەمنییەکان بووە ڕاشیگەیاند، دەسەڵات هێشتا لەوە تێنەگەشتووە تا هێرش بکاتە سەرمان لای خەڵک خۆشەویست تر دەبین. ژمارەیەک رێکخراوو چالاکی مەدەنی بۆ پشتیوانی لە ئێن ئاڕ تی، سەردانی نوسینگەی ئێن ئاڕتی لە هەولێریان کردو دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان سەبارەت بە هێرش و پەلامارەکانی سەر نوسینگەکانی ئێن ئاڕتی سازکرد و ئیدانەیان کرد.
ئاوات عەلی بەڕێوەبەری گشتی ئێن ئاڕ تی لەو کۆنفرانسە رۆژنامەنوسیەدا رایگەیاند، زیانی یەک ملیۆن دۆلار بەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر کەوتووە، ڕاشیگەیاند، دەسەڵات هێشتا لەو تێنەگەشتووە تا هێرش بکاتە سەرمان لای خەڵک خۆشەویست تر دەبین و ئەوانیش ناشیرینتر دەبن.
ئاوات عەلی ڕاشیگەیاند، هێرشەکەی سەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر بە دوو قۆناغ بووە و قۆناغی یەکەم لەلایەن چەند کەسێکەوە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نوسینگەکەیان تاڵان کردووە و پێداویستییەکانین دزیوە و قۆناغی دووەم تیمێکی ئەمنی و خەڵکی شارەزا بە پلان و بە ئاگاداری هێزە ئەمنییەکان هاتوون و هاردی سەرجەم کۆمپیتەرەکانی ناو نوسینگەکەیان بردووە کە ئەم کارە کەسی ئاسایی نایکات.
ئاوات عەلی وتیشی، “لە سەرەتایی دمەزراندنی ئێن ئاڕ تی تا ئێستا چەندین جۆر پێشێلکاری بەرامبەر کراوە و تەنها تاڵانکردن مابوو بە داخەوە ئەوە ئیستا نوسینگەکەمان لە هەولێر توشی تاڵانکاریش بووە و سەرجەم پێداویستییەکانیان بردووە”.بەڕێوەبەری گشتی ئێن ئاڕ تی وتیشی، بە داخەوە هەر کاتێک بچوکتریین گرژی ڕووبدات ئەوا تیمەکانی ئێن ئاڕ تی دەکەوێتە بەر شاڵاو پێشێلکاری.
لە شەوی ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە شاری هەولێر پەلاماری نوسینگەی ئێن ئاڕ تی درا و زۆربەی کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی نوسینگە شکێنرا و تاڵانکرا، بەهۆیەوە بە بەهای زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار زیان بە نوسینگە و کەرەستەکانی کەوتووە.
کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەڕێگەی پارێزەرەکانییەوە داوای یاسایی لەسەر هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی پارتی تۆمار کردووە و داوای قەرەبوی مادی و مەعنەوی دەکاتەوە، لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بەر نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کارمەندانی کەوتووە لە شاری هەولێر.هەروەک کەناڵی ئێن ئاڕ تی داوا لەسەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ وئازادی رادەڕین و سەرجەم نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەکات پشتگیریی لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کارمەندەکانی بکەن و لەدەست هێرشکەران و لە یاسا دەرچووان بیانپارێزن.