عەزیز ڕەوف
وا جارێكی تریش خوێندكاران دەچنەوە قوتابخانە، دەزانم ئەمساڵیش وەك ساڵانی پێشوو وانەكان لەبەر دەكەنو وەك توتیەكی باش ڕستەكان دەڵێنەوە، ڕەنگە هەندێجار دڵخۆش بم بەوەی كە منداڵەكانم یەكەمی پۆل بون، بەڵام بەڕاستی ئەوە بۆ من گرنگ نیە. ڕەنگە لەتەنیشت منداڵەكانمەوە منداڵێك هەبێت خەمێكی هەبێتو وەك ئەوان نەبێتە توتی. ڕەنگە بەهرەیەك لای ئەوانی تر هەبنو مامۆستاكان بەهۆی خەمەكانی خۆیانەوە بەهرەكان نەدۆزنەوە. بۆیە شتێك بەناوی تەمەڵو زیرەك بونی نیە.
یەك شت بۆ خوێندكار گرنگە لەبیری نەكەین ئەویش مرۆڤبوونە، ئەوەی تر هیچ نیەو ڕۆژێك دەتوانی زانیاری فێر بیت. جارێك ئەدۆنیسی شاعیر وتی: (شێوەی مرۆڤت هەبێ بەس نیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بیت). مرۆڤبوون هونەرە، خوێندكار تەنها فێر بێت مرۆڤ بێت زانیاری گرنگ نیە، ڕۆژێك هەر فێر دەبن، هەندێ جار زانیاری دوادەخرێ، بەڵام كارەساتە مرۆڤبوون دوابخرێ. بۆ نمونە من لەوانەیەكدا لەزانكۆ تەمەڵ بوم، مامۆستاكەم دەووری دووەم دەریچاندم، بەڵام دوای دە ساڵ لەسەر هەمان بابەت دیراسەیەكم نوسیو لەڤیستیڤاڵێكدا خەڵاتم وەرگرت، ئایا بەڕاستی من تەمەڵ بوم؟ نەخێر، بەڵكو من تەنها زانیاریم دواخستبوو لەپێناو دۆزینەوەی خۆم وەك مرۆڤ.
خەیاڵ گرنگترە لەزانیاری، ژنە شاعیری ئەمریكی سیلڤیا پلات جارێك وتی: “خەیاڵ زۆر گرنگترە لەمەعریفە”. بۆ من ئەوە گرنگە خوێندكار خۆی خاوەنی خەیاڵ و ڕوئیای خۆی بێت، هەڵگری خەونی خۆی بێت زانیاری لەبەركراو و مەعریفەی توتی ئاسا كۆمەكی كەس ناكا. ئەوە بزانن مامۆستا ناتوانێ كەس فێر بكا ئەگەر خوێندكار خۆی كار لەسەر خەونو خولیای خۆی نەكات. مامۆستا تەنها دەتوانێ مەعریفەیەكی نوسراویان پێ لەبەر بكات، بەڵام ئەگەر خەون لەقوتابخانە مرد، ئەوە نەوەیەك دەمرێت، ئایندەیەك دەمرێت.
گرنگە خوێندكار لەشكست نەترسێت؟ جارێك ماندێلا وتی: (من هەرگیز شكست ناهێنم، یان سەردەكەوم یان ئەزموون لەشكست وەردەگرم)، بۆ خوێندكار گرنگە لەسەر شكستەكان بوەستنو ئەزموونی لێ وەرگرن، بۆ قوتابخانەی لەم فۆرمەی دنیای ئێمە سەركەوتن واتە لەبەركردن وەك توتی، ڕەنگە جوانیەك لەشكستی كەسێكی بەهرەداردا هەبێتو سەختیەكانی ژیان نەتوانێت باش وانەكان لەبەر بكات. بۆ نمونە من لە قوتابخانە زیرەك نەبوم، لەبەر ئەوەی سەركێش بووم كتێبی دەرەوەی قوتابخانەم دەخوێندەوە. باشە با بپرسین: زیرەكەكانی هاوڕێم لەكوێن؟ بەڕاستی ئەوان زیرەك بوون؟ من دەزانم هەموو دەتوانین سەردەمێك زیرەك بینو سەردەمێكیش تەمەڵ، ئەوەش دەزانم خەونو خەیاڵ زۆر گرنگترن لەزانیاری. مرۆڤبون گرنگترە لەقسەی ناو مەنهەجەكان.
جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان بەخێوكردنو پەروەردە كردن. زۆرینەی خێزانەكانی ئێمە منداڵ بەخێو دەكەن نەك پەروەردەیان بكەن. مرۆڤ تاكە بونەوەرە دەبێت پەروەردە بكرێت، مرۆڤ یان دەبێت بەمرۆڤ یان بەفریشتە. تاكە زیندەوەر لەسەر زەوی مرۆڤە كە دەتوانێت لەیەككاتدا مرۆڤ بێتو دەتوانێت دەموچاوی بگۆڕێت بۆ دڕندەیەكی دو پێ. بەڵام كۆتر هەر كۆترەو پەرەوەردەی ناوێ، ئەسپ ڕەسەنەو مەنهەجی پێویست نیە، شێر بەهێزەو نابێتە پەپولە، وەلێ بەڵاكە لەئاژەڵدا نیە، بەڵای گەورە مرۆڤە كە یان دەبێت بەمرۆڤ یان بەدڕندە. ئەوە مرۆڤە سەرزەوی ناشرین كردوە نەك كۆترو ئەسپو شێرو پڵنەگان.
دەرگای مەكتەب كرایەوە، گرنگە دەرگاكانی خەیاڵو خەون دانەخرێنو كاری لەسەر بكرێت. لەم عەسرەدا تەنها مرۆڤبون بەسە. هەمو منداڵێك تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەگەر هەمو منداڵەكان وەك یەك زیرەك بون ئەمە پەروەردە نیە، ئەمە دەواجنە. پێنچ پەنجەی جیاواز، دەستێك دروستدەكەنو هەریەكەیان لەوی تر جیاوازە.
دەرگای مەكتەب كرایەوە. گرنگە جوانیەكانی تەمەڵی ببینین.